ئەم سەرۆكە شوێن ڕێنمونیەكانی شەیتان دەكەوێ!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
هەروەك چۆن هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ساڵی 2016 پڕی
بوو لە كێبەركێی توندو مشتومڕو ترس و لەرزێكی زۆر لە (دۆناڵد ترەمپ)ی پاڵێوراوی
ئەوكات ، بە هەمان شێوە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی (2024)یش پاڵێوراوی سەركەوتوو
هەمان جەدەل و هەراو مشتومڕی لەگەڵ خۆیدا بەڕێكرد ، ئەگەرچی بە ئاسانی سەركەوت و
گەڕایەوە كۆشكی سپی !!
(ترەمپ) لە كاتێكدا بوویەوە بە سەرۆك كە پارتە
كۆمارییەكەیشی زۆرینەی ( ئەنجومەنی نوێنەران و پیران ) یشی بۆ خۆی مسۆگەركرد ، كە
ئەمەش دەست و بازوو و هێزی تەنفیزیی و تەشریعیی (ترەمپ)ی لەنێو جومگەكانی
دروستكردنی بڕیار لە ئەمریكادا توندو فراوانتر كرد.
سەركەوتنی (ترەمپ) لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا شۆكێكی
گەورە نەبوو هاوشێوەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016، بەهۆی لاوازی و بێ
سەروبەریی هەڵمەتەكانی دیموكراتەكانەوە ، هەروەها ئەو دابەشبوونەی كە كۆمەڵگای
ئەمریكا پێوەی دەناڵێنێ ، لەگەڵ لێهاتوویی و سەركەوتنی (ترەمپ) لە هەڵمەتەكانداو،
لێزانین و زیرەكی ناوبراو لە دواندنی زۆرینەی دەنگدەران و، چەندین هۆكاری تریش!!
ئێستا (ترەمپ) بە تێگەیشتنێكی زیاتر لە میكانیزمی كاری
واشنتۆن و دامەزراوە جیاجیاكانیەوە هەر لە كۆشكی سپییەوە تا دامەزراوەكانی تری
دروستكردنی بڕیار ویلایەتی دووەم وەردەگرێتەوە! ئەو ئێستا بە تێگەیشتنی زیاترو
قوڵتر لە سروشتی بیركردنەوەی سەرانی عەرەب و خاڵە لاوازو بەهێزەكانیان مامەڵە
دەكات ، بەپێچەوانەی ویلایەتی یەكەمیەوە كە تا ئەندازەیەكی زۆر بەدەست بێ شارەزایی
ناوخۆیی و دەرەكییەوە گیرۆدە بوو بوو!
لە ئاست ئیدارە داهاتووەكەشیەوە (ترەمپ) توانیویەتی
تۆڕێكی دڵسۆز لە ڕاوێژكاران بۆ خۆی دەست نیشان بكات كە زۆر بە ئاسانی سیاسەتەكانی
جێبەجێ دەكەن ، جگە لە كۆنتڕۆڵكردنی كۆنگرێس لەلایەن پارتەكەیەوە كە ئەو
كۆنتڕۆڵكردنە خۆی لە خۆیدا جێبەجێ كردنی ئەجێنداكان و تێڕوانینەكانی (ترەمپ) لە
كۆنگرێسدا ئاسانترو خێراتر دەكات!
ئێستاش دوور لەو مشتومڕەی لە ئارادایە لەمەڕ چۆنیەتی
بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتییەكەی و، ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەی كە نزیكەكانی
پێشكەشیان كردووە و بە پڕۆژەی ساڵی (2025) ناسراوە و بەنزیكەی هەزار لاپەڕە مەزەندە
دەكرێ ، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەم نووسینەدا بیخەمەڕوو ئاشكراكردن و خستنەڕووی
حەقیقەتی كەسایەتیی و پێكهاتەی شەخسیی و
دەروونیی و سیاسیی ئەم سەرۆكە نوێیەیە كە هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە!
(
ترەمپ ) چ جۆرە كەسێكە ؟ چۆن بیردەكاتەوە ؟
سەرەڕای ئەوەی (ترەمپ) لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا
توانیویەتی شارەزاییەكی زیاتر پەیدا بكات ، بەڵام بە سەرنجدان لە لێدوانەكان و
وتارەكان و چاوپێكەوتنەكانی ناوبراو هەست دەكەیت هێشتا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە
كەسایەتیی و پێكهاتە و تێڕوانین و بیروڕا سەرەكییەكانی ئەودا بەدی نەهاتووە ، چ
پەیوەست بە ناوخۆ چ پەیوەست بە دەرەوە!
هۆكاری ئەمەش (وەك هەندێك دەڵێن) : دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی
(ترەمپ ) نەك تەنها سەرمایەدارێكە و بەڕێكەوت هاتۆتە نێو سیاسەت و دەسەڵاتەوە ،
یان لە ئەنجامی بارودۆخێكی مێژوویی ئەمریكا و جیهانەوە كە تێیدا ڕاستڕەویی توندڕەو
سەركەوتووە ، بەڵكو هۆكار ئەوەیە (ترەمپ) بەرجەستەكەری نمونەیەكی بێ وێنەی
دۆستایەتی شەیتان و دوژمنایەتی خوایە لەم سەردەمەی ئێستای دنیادا!
ئەو ڕاوچییەكی ماددیی سەرسەختە و جگە لە (قازانج و
بردنەوە) و شەڕكردن لەپێناو ئەو دوانەدا هیچی تر نازانێ! ئەو بەرجەستەكەری
قۆناغێكی مێژووییە كە تێیدا خۆرئاوا لە هەموو فەزیلەت و بەهایەكی مرۆیی جوان و
مەعنەویی داماڵڕاوە!
گۆشەنیگاو هەڵسوكەوت و بڕیارەكانی (ترەمپ) نەك تەنها
گوزارشت لە كرۆكی شارستانییەتی ڕۆژئاوا دەكەن ، بەڵكو زەقترین و باشترین نمونە و
وێنای دەگمەنی دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی ئەو شارستانییەتە دڕندەیەن ، كە دەیەوێ بێ
هیچ گوێدانێك بە مرۆڤ هەموو جیهان ڕاو بكات!
بێگومان شیاوترین پێناسە و وەسفێك كە تا ئێستا بۆ
(ترەمپ) دیاری كرابێت ، ئەو پێناسەیە كە ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئەمریكی (Bobwoodward) لە
كتێبەكەیدا بەناونیشانی (War – جەنگ) هێناویەتی كە دەڵێ
:
( ترەمپ كەسایەتییەكی هەلپەرستی سەرمایەداریی دیكتاتۆریی
خۆسەپێنی سەرەڕۆو دەمارگیرە و ئەوەندەی خۆی خۆش دەوێ ئەمریكای خۆش ناوێ...) ئەو
ڕۆژنامەنووسە دەڵێ : (ترەمپ پیاوێكی سەرمایەداری فێڵبازە ، تاكە كەسایەتییەكە كە
زۆر بەبایەخەوە پێگەیەنراوە و ئامادەكراوە ، كەسایەتی ترەمپ زیاتر چاوی لەسەر
سەركەوتن و بردنەوە و شەڕو مانەوەیە لەم ژیانەدا ، تاكە ڕێگایەكیش بۆ زامنكردنی ئەوە بەلای ئەوەوە : غەریزەیە)!
لە زیاتر ناساندن و ئاشكراكردنی حەقیقەتی كەسایەتی
ترەمپدا (Bobwoodward) دەڵێ : ( لە بڕیارداندا ترەمپ شوێن غەریزەی
دەكەوێ و، غەریزەش بەلای ئەوەوە لە هەموو ڕەگەزێكی تر گرنگترە).
ترەمپ ژیان وەك جەنگ مومارەسە دەكات ، لەم سۆنگەیەشەوە
كات و ساتە سەخت و ترسناكەكان هەمیشە لە ڕێگادان...
چونكە ( ترەمپ) خۆی دەڵێ : (هەمیشە چاوەڕێی كاتە
سەختەكان بكە و لەگەڵ لێدانە یەك لەدوای یەكەكاندا بڕۆ.... ئاگاداربە ئەگەر خەڵك
زانیان تۆ پاشەكشە دەكەیت ، چونكە ئەگەر خەڵك زانییان تۆ لاوازی ئیتر پێت فێردەبن
و بەسەرتا زاڵدەبن... ئەگەر خۆت بدەیت بە دەستەوە گرفت و كێشەی زۆرت بۆ دێتە
پێشەوە.... لەبەرئەوە زۆر توند بە ، دەبێ جەماوەرو هەواداری خۆت بناسی! دەبێ
بكوژبیت بۆ هەندێ كەس ، بۆ هەندێ كەسی تریش دەبێ وەك شیرینی بیت ، بۆ هەندێكی تریش
وەك هەردووكیان بە).
(ترەمپ) كەسێكە شوێن هەنگاو و ڕێنموونیەكانی شەیتان
دەكەوێ ، لەبارەی عەرەب و وڵاتانی ئیسلامیشەوە هیچ نازانێ تەنها ئەوە نەبێ ئەوان
سەروەت و سامان و داهاتێكی باشیان هەیە كە شیاوی نین ، ئەوان ئاینێكیان هەیە كە
گەورەترین مەترسییە لەسەر پڕۆژە گەورەكەی ئەمریكا لە جیهاندا.... بەلای ئەوەوە
گەلی فەلەستین ترسناكترین ئەڵقەی پڕۆژەی جیهاددیی خوایین كە دەبێ لەنێو ببرێن و،
كۆت و بەند بكرێن بۆ ئەوەی نەبنە سەرەتاو بناغەیەكی نوێی هەڵسانەوە و
زیندووبوونەوەی نەتەوەیەك كە ماوەیەكی زۆرە لە خەوێكی قوڵدایە!
(ترەمپ) زۆرترین دژایەتی موسڵمانان و فەلەستینییەكان
دەكات ، هەر ئەو بوو بە ئاشكرا ڕێی خۆشكرد بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان
ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، بەتایبەت سعوودیە و ئیمارات، بۆ ئەوەی بەیەكجاری
كۆتایی بە پرسی فەلەستین بهێنێ و گەمارۆی بدات! (ترامپ) بوو ئێرانی لەڕووی
ئابوورییەوە زیاتر تەنگەتاو كرد ، قاسم سولەیمانی كوشت و ڕۆڵی تارانی لە
یارمەتیدانی چەكدارانی حەماس لاوازو بێ كاریگەر كرد.
ترامپ بوو (سەفقەی سەدە)ی پەسەندكرد ، باڵوێزخانەی
ئەمریكای بۆ قودس گواستەوە و، دانی بە سەروەریی ئیسرائیلدا نا بەسەر بەرزاییەكانی
جۆلانەوە.
مەعلومیشە ( ترەمپ ) كانزایەكی هەرە گەورە بوو بۆ
ئیسرائیل ، هەروەك چۆن ئیسرائیل كلیلی ئەو كانزا عەرەبیەیە كە ئەمریكا قەت لێی بێ
نیاز نابێ هەتاوەكو عەرەب لەو بارودۆخەدا بن ... بۆیە جێی سەرسوڕمان نیە كاتێك
(ترەمپ) و (ناتانیاهۆ) بەیەك ئاواز دەخوێنن... ناتانیاهۆ دەڵێ : سەركەوتنی ترەمپ
(سەرەتایەكی نوێ)یەو (سەركەوتنێكی گەورە)یە و (هەلێكی مەزن )یشە بۆ ئیسرائیل!
ئەمەیە كورتە و پوختەی پێكهاتە و پێناسە و حەقیقەتی
سەرۆكە نوێكەی ئەمریكا بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ئاشنا بن بە
ئاڕاستە و بڕیارەكانی چوار ساڵی
داهاتووی ناوبراو سەبارەت بە وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی ئیسلامیی بە گشتی!
PM:02:24:11/11/2024
ئهم بابهته 2076
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی