بانگەشە و دەنگدان و ئەنجام، تەواوبوو، تێبینییەكانم

‌دیاری محمد قادر

بانگەشە

هەموو لایەنە بەشداربووەكان هەرەكەسەو بەپێی قەبارەی  توانای مرۆی و دارایی خۆی، بانگەشەیان بۆ خۆیان و پارتەكەیان كرد.

لایەنە بەشداربووەكان تەركیزی زیاتریان لەسەر لیستەكەیان بوو وەك بەربژێرەكانیان( یەكەم بەربژێر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كەمتر لە 25 هەزار دەنگی هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو زۆر كەمە).

لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی جۆرَیك لە رێكەوتنێكی شەفەهیان كردبوو كە دژی یەك بانگەشە نەكەن و تەركیزەكە لەسەر پارتی و یەكێتی بێت( تا رادەیەكی باش پابەندبوون بەم رێكەوتنە، هەرچەندە لە كۆتا رۆژەكانی بانگەشە رێكەوتنەكەیان شكاند و هەندێك هێرشیان كردە سەر یەك).

توندترین كەمپەین لەنێوان یەكێتی و پارتی دابوو( دیمەنی بانگەشەكەی داگیر كردبوو، تا رادەیەكی زۆر بانگەشە و دروشمی لایەنەكانی دیكەی كوشتبوو)، ئەم بانگەشە توندە ترسی پێكدادانی دروستكردبوو، بەڵام بێ كێشە لێی دەرچووین، هەرچەندە بەریەككەوتنی بچوك هەبوو بۆ تێكدان و پێكدادان بەڵام دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرنەچوو.

بەرنامەو پلانی لایەنە ركابەرەكان نەدەبینرا، زیاتر دروشمی تەحفیزی و رەخنە گرتن و خستنە رووی كەم و كورییەكان بوو، نەوەك پلان و بەرنامەی لایەنەكان بۆ كابینەی نوێی حكومەت.

رێژەی بەشداری

لەماوەی رابردوودا بەردەوام گرەوی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوەبوو، كە تا رێژەی بەشداری زیاتربێت كورسییەكانی یەكێتی و پارتی كەم دەكات، بەڵام ئەم جارە رێژەی بەشداری زۆر بەرزبوو بەراورد بە كۆتا سێ هەڵبژاردنەكانی پێشوو، كەچی پارتی و یەكێتی تا رادەیەكی باش پارێزگاریان لە كورسییەكانیان كردۆتەوە.
هەرچەندە پێشبینیكراو بوو كە تا رادەیەكی باش رێژەی بەشداری زیاتر بێت، بەو پێیەی تۆماری دەنگدەران پاككراونەتەوە، كۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان دەكات و رێكارەكانی توندن و تا رادەیەكی باش رێگری لە ساختەكاری دەكات ئەمە هاندەرێكی باش دەبێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان تاكو بەشداربن، بەڵام ئەم رێژە زۆرەی بەشداری هاوڵاتیان، پێشبینیكراو نەبوو، لانی كەم بەپێی زیاتر لە راپرسییەك كە هیچ یەك لەو راپرسیانە پێشبینی ئەم رێژە بەرزەی نەكردبوو.

پێكهاتەكان

دروشی بەشێك لەلایەنەكانی دەرەوەی پارتی ئەوەبوو، جارێكی تر پارتی ناتوتانێت نوێنەرایەتی پێكهاتەكان بكات، دەبێت پێكهاتەكان خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بكەن، ئەمەیش روی نەدا بینیمان لە جیاتی ئەوەی بەتەنها پارتی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان بكات، ئیستا پارتی و یەكێتی ئەم نوێنەرایەتییەیان لە نێَوان خۆیاندا بەشكردووە(پارتی 3 و یەكێتی 2).

كێشەی كورسی پێكهاتەكان و كێ نوێنەرایەتیان دەكات هێشتا چارەسەر نەكراوە، دەبێت بیر لە رێكار و شێوازێكی نوێ بكرێتەوە بۆئەوەی خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بكەن.

بازنەكانی هەڵبژاردن

بەردەوام لایەنەكان بێجگە لە پارتی، یەكێ لە گررفتەكانییان ئەوەبوو یەك بازنەی هۆكارە بۆ ئەوەی تەواوی كوردستان نەتوانن بەشێوەیەكی دادپەروەرانە نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمان،  رێژەی بەشداری زۆری ناوچەیەك یان شارێك هەقی ناوچەو شارێكی تر دەخوات، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان ببێت بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن و كردیشیان بە چوار بازنەی هەڵبژاردن.

لە واقیعدا ئەمە راستە، بەڵام  ئەمەیش لەبەرژەوەندی هێزە گەورەكانە، ئەو هێزانەی كە دەتوانن لەهەموو بازنەكان كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی بكەن، وە حیزبە مام ناوەند و بچوكەكان زەرەرە مەندی یەكەم دەبن.( بۆ نمونە كۆمەڵی داد گەری (64,710 دەنگی هێناوە و هەڵوێستیش 55,775 دەنگی هێناوە، كەچی كۆمەڵ 3 كورسی بەدەست هێناوە بەڵام هەڵوێست 4 كورسی، هۆكارەكەی ئەوەیە: هەڵوێست لە سێ بازنە كێبركێی كردووە بۆ كورسی، بەڵام كۆمەڵی داد گەری لە دوو بازنە توانیویەتی كورسی ببات)، بەواتایەكی تر، ئەو هێزانەی دەتوانن لە زۆرترین بازنەكانی هەڵبژاردن كورسی ببەن ئەوان براوە دەبن.

هەرچەندە ئامانجەكە لە فرە بازنەی پارتی بوو كە بەردەوام نیوەی دەنگەكانی لە پارێزگای دهۆكە(ئەم جارەیش هەروابووە)، ئەوا تا رادەیەكی باش ئامانجەكەی پێكا، چونگە ئەگەر ئەم جارەیش هەرێمی كوردستان یەك بازنە بوایە ئەوا پارتی بە نزیكەی 48 كورسی بەدەست دەهێنا.

ئەنجامەكان

پارتی: %09 كورسییەكانی كەمی كردووە. 

 دەنگی زیادكردووە بەڵام كورسییەكانی كەم كردووە، بەڵام بەراورد بە كەم بونەوەی ژمارەی گشتی كورسییە گشتییەكانی  پەرلەمان لە 100 كورسی بۆ 95 كورسی و فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنەكان، دەتوانرێت هێشتا وەك براوەیەكی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

یەكێتی: %09 كورسییەكانی زیادكردووە

دەنگی زیاد كردووە  وە كورسییەكانیشی زیادكردووە، وەك براوەی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین بە ئامانج و دروشمەكانی لە كەمپەینی هەڵبژاردنەكەدا، ناتوانیت وەك براوە تەماشابكرێت.

نەوەی نوێ: %87 كورسییەكانی زیادكردووە

دەنگی زیاد كردووە و كورسیەكانیشی زیادكردووە، دەتوانرێت وەك براوەترین هێزی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

یەكگگرتوی ئیسلامی: %40 كورسییەكانی زیادكردووە

دەنگی بە رێژەیەكی كەم زیادكردووە و كورسەكانیشی زیادكردووە، هەرچەند وەك پێویست  نەبووە، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك بەڵام دەبێت وەك هێزێكی براوە مامەڵەی لەگەڵدا بركێت.

كۆمەڵی دادگەری: %53 كورسییەكانی كەمی كردووە. 

 دەنگ و كورسییەكانی كەمی كردووە، یەكێكە لە دۆراوەكانی هەڵبژاردن.

بزوتنەوەی گۆران: %92 كورسییەكانی كەمی كردووە.

دەنگی كەمی كردووە وە كورسییەكانی كەمی كردووە، دەبێتە دۆراوترین هێزی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان.

هەڵوێست:

 یەكەمجارە بەشداری دەكات، لە سێ بازنەی هەڵبژاردن كورسی بەدەستهێناوە، یەكێكە لە براوەكانی هەڵبژاردن.

بەرەی گەل: 

یەكەجارە بەشداری دەكات، لە دوو بازنەی هەڵبژاردن كوسی بەدەستهێناوە، یەكێكە لە براوەكانی هەڵبژاردن، بەڵام بەراورد بە دروشمەكانی بانگەشەو پێشینییەكان، دەتوانرێت وەك شكست ئەماشا بكرێت.

سۆسیاست و شیوعی و زەحمەت كێشان: %50 كورسییەكانی كەمی كردووە. 

ژمارەی دەنگەكانیان تارادەیەك وەك خۆیەتی و یەك كورسیان بەدەستهێناوە، بەڵام یەكێكن لە دۆراوەكان.

بزوتنەوەی ئیسلامی: %100 كورسییەكانی كەمی كردووە. 

دەنگی كەمی كردووە و كورسیەكەیان لەدەست داوە، یەكێكن لە دۆراوەكانی هەڵبژاردن.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان

گۆڕینی سەر پەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان لە كۆمیسیۆنی كوردستانەوە بۆ عێراق، رێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ رێگریكردن لەساختەكاری، و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران،  لەسەر ئاستی جەماوەری پێشوازییەكی باشی لێكرا.

كۆمیسیۆن كەمتەرخەم بوو لەوەی نەیتوانی لەرێگەی میدیاوە هۆشیاری دروست بڵاوبكاتەوە لەسەر چۆنیەتی دەنگدان و كەكردنەوەی هەڵەی دەنگدەران( ژمارەیەكی زۆر لە دەنگە پوچەڵەكان بەهۆكاری نەبوونی زانیاری دروستبوو لەسەر شێوازی دەنگدان و هەڵبژاردنی پارت و بەربژێرەكان).

هەرچەندە پێش دەنگدان، ستایشێكی زۆری كۆمسیۆنكرا كە رێكارەكانی باشن و ئەم جارە ئەستەمە ساختەكاری بكرێت، بەڵام لە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، لەلایەن هێزگەلێكی زۆرەوە رەخنە لە كۆمسیۆن دەگیرێت و تۆمەتبار دەكرێت بە ئەنجامدانی ساختەكاری.


PM:05:40:22/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی