نێچیرڤان بارزانی و پەنجەمۆری لە دیمەنە سیاسییەکاندا

‌نووری بێخاڵی

نێچیرڤان بارزانی، سەرکردە و کاراکتەرێکی سیاسیی دیار و کاریگەری کوردستان، عێراق و هەرێمایەتییە، کە بەدرێژایی ساڵانی حوکمڕانییەکەی چ وەک سەرۆکی حکوومەت یان دواتر وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی لە داڕشتنی دیدگا و سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و هەیە.

لەو ماوەیەدا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کاریگەری و شوێنپەنجەی دیدگای سیاسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چەندین کایە و بواردا، هەروەها لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، جێی خۆی گرتووە، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرسی سیاسی و ئاسایش، کارگێڕی و حوکمڕانی، ئابووری و گەشەپێدان، دیپلۆماسیەت و پەیوەندییەکاندا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باوەڕی وایە کە پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە سیاسییەکان، بنەمای بونیادنانی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و گەشەسەندووە. لەو پێناوەشدا بە گوفتار و کردار، کاری جیددی بۆ پتەوکردنی پرد و ڕایەڵەی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانی هەرێم کردووە و بە بەردەوامی جەختی لەسەر گرنگیی پاراستن و قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی کردۆتەوە.

نێچیرڤان بارزانی چ ئەو ساڵانەی سەرۆکی حکوومەت بووە، یان ئێستا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەرگریکار و داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە، بەوەی کە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیی دەستووریدا، گەلی کوردستان خاوەن سەروەری و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و بڕیاری سیاسیی خۆی بێت.

لەم بارەیەوە؛ هەموو پلان و پڕۆژە، سەرجەم بەرنامە و ئەجێندا، تەواوی هەوڵ و هەنگاوەکانی بۆ ئەوە بووە کە دامەزراوە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان (سەرۆکایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حکوومەت) بەهێز بکات و لەوە دڵنیا بێت کە حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێم و گەل و پێکهاتەکانی دەگرێت.

یەکێکی تر لە ئامانجە هەرە دیارەکانی، پتەوکردن و پەرەپێدانی ژێرخان و بەهێزکردن و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەمەو لەپێناو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکاندا، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی لە بوار و کەرتە جیاوازەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و گەیاندن (ڕێگاوبان و فڕۆکەخانە)، پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەکنەلۆژیای زانیاری و گەشتوگوزار.

هاوکات بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە، زیاترکردنی دۆست و هاوپەیمان و زامنکردنی پشتیوانیی هەرێمایەتی و جیهانی بۆ هەرێم، بەپێی پلانێکی تۆکمە و پڕۆژەیەکی فراوان، هەر لە هەنگاوەکانی سەرەتای حوکمڕانییەکەیدا کاری ورد و جیددی لەسەر فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەکات.

لەم نێوەدا و لەپێناوی بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لەناوخۆی عێراق و دەرەوە، مسۆگەرکردنی پشتیوانیی سیاسی و هاوکاریی ئابووریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەوڵی داوە و دەدات تا پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا دروست بکات. بۆ ئەمەش جگە لە هاندانی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی، کونسوڵگەری، نووسینگەی بازرگانی و ئاژانسەکانیان لە هەرێمی کوردستان (٢٢ کونسوڵگەریی گشتی، ٥ کونسوڵگەری و نووسینگەی کونسوڵگەری، ٦ کونسوڵگەریی فەخری، ٢ نووسینگەی باڵیۆزخانە، ٢ نووسینگەی کاروباری ئابووری و بازرگانیی باڵیۆزخانە، نووسینگەی نوێنەرایەتیی یونامی، نووسینگەی نێردەی یەکێتیی ئەوڕوپا، ١٧ ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣ ئاژانسی سەر بە کونسوڵگەرییەکان)، بەردەوام ئامادەییەکی کارایشی لە سەرجەم کۆڕ و کۆنفڕانس و کۆڕبەند و کۆنگرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە، هەروەها لەپێناو بەردەوامیپێدان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و سیاسیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان، لە میانی سەردانەکانیدا بۆ وڵاتان و دیداری لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکاندا، داهاتووی کوردستان و گەلەکەی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی بووە.

ڕوانگەی سیاسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر هەر سێ ئاستی هەرێم، عێراق و ناوچەکە، بە تایبەتمەندی و خەسڵەتێکی تایبەت دەناسرێتەوە، کە ئەویش ئاشتیخوازی و چارەسازییە. بۆ ئەمەش بەردەوام جەختی لەسەر گرتنەبەری ئەو ڕێگا و شێوازانە کردۆتەوە و پەنای بۆ ئەو میکانیزمانە بردووە کە زامنی ئاشەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتین، لەسەروویانەوە گفتوگۆ، دانوستاندن، یەکترقبووڵکردن بە جیاوازییەکانەوە.

لە ئاستی کوردستاندا، پشوودرێژ و ماندوویینەناسانە، کاری بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بەهێزکردنی دیالۆگ لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا کردووە و هەوڵی جیددی بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی ڕیزەکان و هێنانەدی کۆدەنگییەکی ناوخۆیی داوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت بە یەک دەنگ و بەیەکەوە، لە کێشە نیشتمانی و هەرێمییەکاندا قسەی خۆی بکات.

لەم ڕووەوە، بە درێژایی پێنج ساڵی ڕابردوو و سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و ڕێگریانەی خرانە پێش هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان، توانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکاتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو کوردستانییان و بە کردار سەلماندی کە پارێزەری یەکڕیزی و تەبایی و کاری پێکەوەییە.

لە ئاستی عێراقیشدا، لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆڵێکی کاریگەر و دیاری لە دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا گێڕا. بۆ ئەمەش هەموو هەنگاوەکانی بەو ئاراستە و ئاقارەدا بوون کە بگاتە چارەسەری یاسایی و دەستوورییانەی هەمیشەیی و بنەڕەتیی کێشەکان، بەجۆرێک کە مافەکانی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، دابین و دەستەبەر بکات.

هەر چیی پەیوەستیشە بە پەیوەندیی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمایەتی، وێڕای بەردەوام پێداگری و سووربوونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوسێیەتیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەریی دوولایەنە و پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش، هاوکات لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا جەختی لەسەر دوورخستنەوەی ناوچەکە لە پڕووشکی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و کاری پێکەوەیی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتی کردۆتەوە. تەنانەت لە هەندێ حاڵەتی ناکۆکی و ململانێی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆڵی ناوبژیوانێکی سەرکەوتوو و هاوسەنگی گێڕاوە.

هەموو ئەو بەڵگە و فاکتانەی باسمان کردن، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەو ڕاستییەی کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کاراکتەرێکی سیاسیی سەرەکییە لەناو هاوکێشەی سیاسی و لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. بەوپێیەی لە ڕێگای دیدگا سیاسییەکەیەوە کە جەخت لەسەر گرنگیی سەقامگیریی سیاسی، ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئاسایش و ئارامیی نێوخۆیی و ناوچەیی، پتەوکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و گەشەپێدانی ئابووری دەکاتەوە، هەوڵ دەدات پێگەی هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و ناوچەکەدا بەهێز بکات و پێشکەوتنی بەرچاو لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی و ئاستەنگە ئابوورییەکاندا بەدەست بهێنێت.

بە واتایەکی تر، هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزیی سیاسیی لە کوردستان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی ناوخۆیی، چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان لەگەڵ بەغدا و پشتگیریکردنی ئاشتەوایی نیشتمانی، پتەوکردنی ڕایەڵی پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتری و بەرژەوەندیی هاوبەش، لە فاکتەرە هەر گرنگەکانن کە ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەر لە بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا دەگێڕن.


PM:12:07:18/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی