رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن لەسەرەمەرگدایە

‌کەنعان بەهادين

پێموایە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم و رووخانی دەسەڵاتی عوسمانی دەستیپێكرد، ئەمە بووە سەرەتایەكی كارەساتبار بۆ ناوچەكە.

كۆتایی و مەرگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستپێكردنی جەنگی دووەمی كەنداو دەستیپێكرد، ناوچەكە كەوتە رووبەڕووبوونەوەی زلهێزانی جیهان، ناوچەكە گۆڕا و دەستكرا بە شەڕی ئایدۆلۆژیا و درووستكردنی هەژموونی جۆراوجۆر.

رەنگە رووداوەكانی دوای حەوتی ئۆكتۆبەر و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵڵا گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكە رووبدات.
پێدەچێت نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خوێن رەسم بكرێتەوە، بۆیە جەنگ لە غەززە و باشووری لوبنان كۆتایی نایەت و فراوانتر دەبێت، چونكە ئەم جەنگە بۆ دووبارە هاوسەنگكردنی ئەندازەی ناوچەكەیە و دووبارە رۆژهەڵاتێكی نوێی بونیات دەنرێتەوە.
ئیسرائیل بە هاوكاری هاوپەیمانەكانی، یەكەمی ناوچەكەیە لە رووی سەربازی، هەواڵگری، ئەمنی و زانیاریی، وێڕای جەنگ، پڕۆژەی (ئەبراهام) و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تەلئەڤیڤ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەشێكی دیكەی هەیمەنەی ئیسرائیلە لە ناوچەكە.
ناتانیاهۆش لە میانەی پێشكەشكردنی گوتارەكەی لە نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو وڵاتانەی لەسەر نەخشەكەی دەستی دەستنیشانكرد كە مەترسیین بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل، ئەوانیش ئێران، سووریا، عێراق، یەمەن و لوبنان.

بۆیە كورد لەو بەشانەی ئاڵۆزییەكان پێویستی بە یەك گۆتاری و یەك دەنگی هەیە، گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی كورد دایە، دەبێت كورد یاریكەرێكی  زانا بێت، ئەمجارەش بەسەر ئەو هەلەش باز نەدات و دووبارە وەك هەمووجار ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەهەر چوار پارچە نەبێتە هۆی دووبارە داگیركردنەوەی خاكی كوردان..

هەروەك پیرەمێردی شاعیر دەڵێت:
وەرە هەردووكمان
ناڵەمان یەكخەین
نیشتمان سەرخەین



AM:08:52:17/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی