ئەخلاق و بەها وەکو کەرەستەیەک بۆ هەڵخەڵەتاندن

‌دلێر محەمەد نوری

هیچ گوومانێکی تێدا نیە کە ماوەی چەند ساڵێکە تەوژمێکی ئایینی سیاسی و سەلەفی، وردە وردە باڵی بە سەر مەزاجی گشتی کۆمەڵگای کوردستانی لە باشوردا، کێشاوە. ئەم تەوژمە ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییە سیاسییە، هێندە خۆسەپێنە کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای، بە جۆرێک فۆرم کردووە کە کەس نەتوانێ خۆی بێ. وای کردووە هەموو وا دەربکەون کە بە تەواوەتی لە یەک بچن. وای کردووە کە هەمووان، هەرهیچ نەبێ لە هێڵە گشتییەکانی باوەڕی ئایینیدا، وا نیشان بدەن کە وەکو یەک بیربکەنەوە یان هەڵسوکەوت بکەن. چوونکە ڕێگە ئاسانەکە ئەوەیە کە لە گەڵ باوبی نەک دژی باوبی. کە ئەمەش دواجار ئەرکی یەکەمی ئایینی بە سیاسیکراوی ئاسان کردووە، لەوەی کە خۆی مەرکەز بێ و کۆمەڵگاش یەک ڕەنگ و یەک دەنگ، له دەوری خۆی کۆبکاتەوە. چونکە ئایین کۆکەرەوەیە و دابەش بوون بە سەر جیاوازییەکان ڕەتدەکاتەوە. ئایین جێگەی مشت و مڕ و دیالۆگ ناهێڵێتەوە و ئەبێ هەمووان یەک جۆر  بدوێن و بڵێن.

ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەی بانگخواز و دەنگەکانی ئایین زاڵە بە سەر هەموو دەنگ و ئاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا. مینبەرەکانی دونیای حەقیقی و مینبەرەکانی دونیای سۆشیاڵ میدیا جێگەی بە هەموو مایک و سەکۆ و بڵندکۆ و شانۆ و تەنانەت مامۆستا و پەروەردە و دەزگاکانی خوێندنیش لێژ کردووە. ئێستا هێندەی وتەی مەلا و بانگخواز هێڵە گشتییەکانی ئەخلاق و پێوەرەکانی چاک و خراپەی تاک و کۆمەڵگا دیاری ئەکەن، هێندە ئەرکی سێکتەرەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردە و هونەر و ئەدەب نیە. ئێستا نەک ئەو سێکتەرانە ڕێگەیان نادرێ بیر بکەنەوە بەڵکو بۆ هەموو بڕیار و بیرکردنەوەیەک دەبێ بگەڕێنەوە بۆ کایە ئایینییەکە، تا بڕیار و بیرکردنەوەکان لە فیلتەری ئایین بدەن و ئەنجا ڕەزامەندی لە سەر هەر وشەیەک بدەن بۆ وتن.

بە گشتی ئەمڕۆ لە کوردستان ئەخلاق، تەنها مانایەکی ئایینی پەتی هەیە، نەک ئەخلاق بە مانا فراوانە مرۆییە فەلسەفییەکەی کە ئایین یەکێ لە جومگە کانی ئەو مانایە پێبهێنێ.
ئیتر کۆمەڵگای کوردی بۆ پێناسەی ئەخلاقی تاک و بەها کۆمەڵایەتی وا تێگەیێنراوە کە نەک پێویستی بە گەڕانەوە نیە بۆ پەروەردە و خوێندنگای شارستانی، بۆ فەلسەفە و سۆسیۆلۆجیا، بۆ مرۆڤایەتی و بۆ دەروونناسی، بگرە بۆ پێناسەکانی ئەخلاق و بۆ وەڵامی ڕاست و دروست و بنبڕ، وا ڕامکراوە کە دەبێ هەمووان بگەڕێنەوە بۆ لای کایە ئایینییەکە و ئایینزاکان. ئەمە نەک بۆ دیاری کردنی ئەخلاق و بەهای کۆمەڵایەتی بووە بە ڕاستی لای خەڵکی ئێمە، بگرە تەنانەت بەها کوردەواری و نەتەوەییەکانیش دووبارە پێناسەکراونەتەوە لە سۆنگەی ئایینەوە. ئێستا سەرلێشێواوییەکی گشتی دروست بووە لای نەوەی نوێی کۆمەڵگا، کە وا تێگەیێنراوە کە کۆمەڵگای کوردی هەر ئەمەی ئەم پێنج شەش‌ ساڵەی دوایی بووە لە دێر زەمانەوە.

نەوەی نوێ هیچ ئاشنایەتییەکی بۆ کۆمەڵگای هەرەوەزی کراوەی تێکەڵاوی لادێنشینی کوردەواری نیە. ئاشنای کۆمەڵگای بیر چەپی کوردی چل و پەنجاکان نیە. ئاشنای مینیجۆب و شۆرت و تەنورەی کورتی کچانی کوردی شەست و حەفتاکان نیە. نەوەی نوێی کوردستان نازانن کە ئەو کاتیش خەڵکی هەر بە ئەخلاق بوون و هیچ مەلا و کەسایەتییەکی ئایینی وکو زۆرینەی مەلا و حزبە ئیسلامییەکان تەشهیر و تۆمەتی نائەخلاقییان نەدەدایە پاڵ تاکەکانی کۆمەڵگا. نەوەی ئەمڕۆ هێندەی سەرقاڵ کراوە بە ئیبن تەیمییە و موسلیم و بوخاری هێندە ئاشنای مەلای گەورەی کۆیە و مامۆستا عەلادین سەجادی و قانعی شاعیر و مەلا محەمەدی مودەریس و کێ و کێی دیکە ناکرێن.  ئەو ئایینزا کوردانەی کە جیاوازییان ئەوەبوو، ئەوان مەلا و زانای ئایینی کوردەواری بوون و ئەمانەی ئەمڕۆش نوێنەری ئایین و باوەڕی ئیخوانی و وەهابی و سەلەفی دەرەوەی کۆمەڵگای کوردەوارین. ئەوانەی دوێنێ بیر و بەرهەمی خۆماڵی و ئەوانەی ئەمڕۆش بیر و بەرهەمی هاوردەن.

ئەمڕۆ فۆبیای ئەخلاق و بەها کۆمەڵایەتییەکان بوون بە وێردی سەر زمانی کەسایەتیی و حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان. تەنانەت لەم ڕۆژانەی دواییدا و لە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لە نێو هەموو کەرستەی بانگەشە و ریکلام کردن بۆ حزب و کاندیدەکان، ئەخلاق و بەها کۆمەڵایەتییەکان و بەها ئایینییەکان زیاتر لە بانگەشەی خزمەتگوزاری، بوون بە کەرەستەی ڕاکێشانی دەنگدەر و هەوادار. ئەمڕۆ  کەسایەتی و حزب و کاندیدەکان،  بەر له هەر پڕۆژەیەکی نشتیمانی و خزمەتگوزاری، خۆیان وەکو پارێزەری ئەخلاق و بەهای ئایینی وکۆمەڵایەتی، لای دەنگدەر  شیرین  ئەکەن. لەمەدا ناهەقی ئەوان ناگرم بانگەشە واتا سواڵی دەنگ و سواڵی دەنگیش کەرەستەی شیاوی خۆی هەیە.

پرسیاری گرنگ لێرە ئەوەیە کە ئاخۆ بۆچی مەسەلەی ئەخلاق و بەهای ئایینی و کۆمەڵایەتی بووە بە پێشینەی داخوازی و هیوای دەنگدەری کوردستان؟ ئاخۆ ئەخلاق و بەهاکان هێندە لە مەترسیدان تا لەم سەری چەپ و ئازایخواز بۆ ئەو سەری ڕاست و کۆنەخواز وا سەرقاڵی ئەم مەسەلەیە بوون؟

ئاخۆ ئەگەر بە جیاوازی ڕێژەی دانیشتوان و کاریگەری پێشڕەوی دونیای ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیاو بەردەستی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، لە نێوان ((سەردەمی زێڕینی ئەخلاق و بەها!)) لە گەڵ ((سەردەمی داڕمانی ئەخلاق و بەها!))، ئەخلاقی کۆمەڵگا و بەها کۆمەڵایەتییەکان چی بە سەر هاتووە، وا ئەو هەموو ترسە خراوەتە دڵ و دەروونی کۆمەڵگای کوردستانییەوە؟

لە ڕاستیدا ئەخلاق و بەها بەو مانا سادە کولتورییە ئایینییە بەرتەسکەوه، لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی کە بە کاریگەری سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی، باری ئابوری، کاریگەری تەکنەلۆژیاو کولتوری دەوروبەر، ئەویش لە گۆڕاندایە. ئەوەش کە ئەمڕۆ بە تێگەیشتنی باو نائەخلاقی و دژەباوە، سبەی دەبێ بە ئاسایی و بە باو.

بەڵام هەرگیز نەمدیوە لە ماوەی چەند ساڵی کۆتاییدا کۆمەڵگای کوردی لە تێگەیشتن بۆ ئەخلاق و بەهای کۆمەڵایەتی و بەها نەتەوەییەکانیش، هێندە ساویلکە بێ و لە بری ئەوەی بۆ پێناسە و وەڵام، لە دەرگای فەلسەفە و ڕۆشنبیری بدا، دەچێت لە دەرگایەک دەدات کە هیچ شانازییەکی ئەخلاقی و بەهایەکی مرۆیی لە مێژووی کۆن و نوێیدا بەدی ناکرێت.


PM:12:54:16/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی