لێمدەپرسن 95 لەبەرە

‌شوان ئادەم ئەیڤەس


ئایا ژیریی دەستکرد؛ چ ڕۆڵ و گرنگییەکی لە ستانداردکردنی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییدا دەبێت؟

وەڵام: لە ستانداردکردنی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییدا؛ پتر لە پاڵنەر و پێوەرێک ڕۆڵ دەبینن کە دەکرێت دواڤێرژنی تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد یەکێک بێت لەوان!
زمانی ڕاگەیاندنی کوردیی؛ کەمتر مەرج و ڕێنماییەکانی ستانداردکردنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، لەلایەک بەهۆی پێویستیی سادە و ساکار بەکارهێنانی چەمک و زاراوە و پێکهاتەی ڕستەی هەواڵیی پەیامی میدیایی و لە لایەکی دیکەیشەوە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە کوردیی؛ زمانی ستاندارد و فەرمیی نووسین، خوێندن، بیستن، قسەکردن بێت و ڕاگەیاندن و ئامڕازە جیاوازەکانیشی وەک پانتایی گشتیی (public sphere)، پاڵنەری دەرکەوتن و سەرکەوتنی زمانەکە و یاسا و ڕێسا درووستەکانی بەکارهێنانی بن. هەڵبەت نەبوونی دەوڵەتی دانپێدانراو؛ کاریگەریی گەورەی لەسەر نەتەوەی کورد و ستانداردنەکردنی زمانی کوردیی و ئاخێوەرانی و پەیامەکانیان هەبووە، چوونکە بووەتە هۆی لێکتێنەگەیشتن و پێکنەگەیشتنی پەیامەکانی ڕاگەیاندن بە وەرگر و بەجێهێشتنی کاریگەریی کەمتر لەسەریان. هاوکات فرە دیالێکتیکی زمانی کوردیی و نەبوونی زمانێکی فەرمیی یەکگرتوو بۆ چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوە؛ دیارترین نموونەی ناستانداردبوونی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییە کە وایکردووە هێشتا وەرگر نەتوانێت وەک پێویست دەستی بە پەیامەکانی بگات و وەکخۆیشی لێیان تێبگات. هەربۆیە لەم ڕۆژگارەدا دەکرێت وەک فریادڕەسێک لە ژیریی دەستکرد (Artificial Intelligence) بڕوانرێت کە دەتوانێت ڕۆڵێکی ڕیشەیی لە ستانداردکردنی زمانی ڕاگەیاندنی کوردیی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامڕاز بۆ پرۆسێسکردنی زمان و وەرگێڕان و درووستکردنی ناوەڕۆک بگێڕێت. 

ئەلگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنی کوردیی شیبکەنەوە، تاوەکوو لە زووتر دەستنیشانکردنی نەخش و نیگار و گۆڕانکارییە زمانەوانییە هاوبەشەکانی دامەزراندنی ستانداردێکی زمانەوانیی یەکسانتردا یارمەتییدەربێت. جگەلەوەیش؛ مۆدێلی زمانی بەهێزکراوی ژیریی دەستکرد دەتوانێت لە درووستکردنی سەرچاوەی نوێی پەروەردەیی، دڵنیابوون لە زاراوەی یەکخراو و کاراکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی کاتی ڕاستەقینەدا یارمەتییدەر بێت. هەروەک دەشتوانێت پەیوەندیی و دەستڕاگەیشتن لەناو ڕاگەیاندنی کوردییدا بەرزتر بکاتەوە و بەوەیش ئاسانکاریی بۆ هەمەڕەنگی وەرگر بکات، تاوەکوو ئاسانتر لە ناوەڕۆکی میدیایی تێبگەن و ببێت بە ئامڕازێکیش بۆ پێشخستنی زمانێکی ڕاگەیاندنی کوردیی ستاندارد کە پەروەردەی یەکڕیزیی و ڕوونیی چەمکەکان بکات. کەواتە ژیریی دەستکرد؛ وەک پڕۆگرامێکی هاوچەرخی تەکنۆلۆژیی دەکرێت بە باری ئەرێنیی و نەرێنییدا بەکاربهێنرێت. هەربۆیە بەکارهێنەر؛ ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ لە باشبەکارهێنانی ئەم تەکنیکە نوێیەدا دەبینێت. بەتایبەت؛ ئەگەر لۆژیکی بەکارهێنانی تەکنیکی میدیایی بۆ سوود و بەرژەوەندیی گشتیی بێت، چوونکە زمان وەک هەر هۆکارێکی دیکەی پەیوەندیی مرۆیی لە درووست بەکارهێنانییدا دەکرێت سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگرێت، چوونکە لەم چەند بوارەی خوارەوەدا کاراتر ڕۆڵ و گرنگییەکەی بەدەردەکەوێت:

یەکهەم؛ لە ڕووی وشەسازیی (vocabulary)ەوە: 

وشە؛ یەکەی پێکهاتەی ڕستەیە و ژیریی دەستکرد لە تواناییدایە کار لەسەر ناساندن و چەسپاندنی وشە و چەمکی نوێ بکات و واتای هاوچەرخی زاراوەکان زیاتر و زووتر بەدەربخات و ڕۆڵێکی بەرچاو لە وشەسازیی زمانی ڕاگەیاندندا بگێڕێت، بەتایبەت لە فراوانکردن و ستانداردکردنی وشەی بەکارهێنراودا. هاوکات لە ڕێگەی پرۆسێسی زمانی سروشتییەوە کە پردێک لە نێوان پەیوەندیی مرۆڤ و تێگەیشتنی کۆمپیوتەرییدا درووستدەکات؛ ئەو تەکنەلۆژیا بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە لە زمانی مرۆڤ بەکاردەهێنێت و یارمەتی کۆمپیوتەرەکان دەدات وشە و دەستەواژە و واتاکانیان شیبکاتەوە. ئەوەیش وایان لێدەکات کە بە شێوەیەکی واتادار تێبگەن و وەڵامی ئەو شتانە بدەنەوە کە دەوترێن یاخوود دەنووسرێن. لەو ڕێگەیەشەوە؛ ژیریی دەستکرد دەتوانێت ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنی کوردیی بۆ دەستنیشانکردنی زاراوە و دەستەواژەی بەکارهێنراوی باو شیبکاتەوە و لە درووستکردنی داتابەیسێکی گشتگیری وشەسازییدا یارمەتیدەربێت. بەدەر لەوەیش؛ ژیریی دەستکرد دەتوانێت لە پەرەپێدانی ئامڕازەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشەسازیی زاراوە یان تایبەتمەندیی پێشنیازکردنی وشەی نوێ یارمەتی نووسەران بدات هاوواتای گونجاو بدۆزنەوە و زمانەکەیان بەهێزتر بکەن. هەموو ئەوانەیش پێکەوە؛ دەتوانن ببن بە شاهۆکاری درووستبوونی وشەسازییەکی دەوڵەمەندتر و هەمەچەشنتر لە ڕاگەیاندنی کوردییدا کە دەستەبەری سەرنجڕاکێشی زیاتری ناوەڕۆک و دەستڕاگەیشتن بە وەرگرێکی فراوانتر بکات.

دووهەم؛ لە ڕووی دەنگسازیی (phonetics)ەوە:

لە مۆرفۆلۆژیی یاخوود دەنگسازیی زمانی ڕاگەیاندن-دا؛ ژیریی دەستکرد دەتوانێت ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە شیکردنەوەی پێکهاتەی وشە، پێشگر، پاشگر و ڕێسای ڕێزمانی تایبەت بە زمانی کوردیی بگێڕێت. واتە لە ڕێگەی پرۆسێسی زمانی سروشتیی (NLP)ەوە؛ ژیریی دەستکرد یارمەتی درووستکردنی شیکەرەوەی مۆرفۆلۆژیی دەدات، تاوەکوو بتوانێت وشەکان بۆ پێکهاتەکانیان دابەشبکات و ئاسانکاریی بۆ تێگەیشتن و ستانداردکردنی زمانەکە بکات. هەروەک دەشتوانێت لە پەرەپێدانی ئامڕازە پەروەردەییەکاندا کە لایەنە مۆرفۆلۆژییەکانی زمانی کوردیی فێر دەکەن هاوکاربێت و یارمەتی نووسەران، داهێنەران و داڕێژەرانی ناوەڕۆکی میدیایی بدات کە زمانەکە بە شێوەیەکی درووست بەکاربهێنن و وشەکان گۆ بکەن. جگەلەوە؛ بە هەڵسەنگاندن و پێشکەشکردنی فیدباک و پێشنیاز لە کاتی ڕاستەقینەدا، ژیریی دەستکرد دەتوانێت کواڵێتی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنی کوردیی بەرزبکاتەوە و لە پابەندبوون بە یاسا مۆرفۆلۆژییە ستانداردەکان دڵنیاببێتەوە. ئەوەیش دەکرێت ببێت بە هۆی پەیوەندییکردنی کاریگەرتر و نوێنەرایەتی دەوڵەمەندتری زمانی کوردیی لە ڕاگەیاندن-دا.

سێهەم؛ لە ڕووی ڕستەسازیی (syntax)ەوە:

بە شیکردنەوەی پێکهاتەی ڕستە و ڕێساکانی ڕێزمان؛ ژیری دەستکرد لە ڕووی ڕستەسازییشەوە دەتوانێت بۆ زمانی ڕاگەیاندنی کوردیی زۆر گرنگ و کاریگەر بێت. بەتایبەت لە ڕێگەی پرۆسێسکردنی زمانی سروشتییەوە دەستنیشانی نەخشەکانی ڕستەسازیی باو و گۆڕانکاریی لە زمانی کوردییدا دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی ئامڕازەکانی ڕاستکردنەوە و بەرزکردنەوەی ڕستە. هەروەک دەشتوانێت لە درووستکردنی سەرچاوەی فێرکاریی نوێی ڕستەدا یارمەتیدەر بێت و دڵنیابێتەوە لەوەی کە داهێنەران، نووسەران و داڕێژەرانی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی کاریگەر زمانی کوردیی بەکاردەهێنن. هاوکات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پێشنیاز و چاکسازیی لە کاتی ڕاستەقینەدا، ژیریی دەستکرد دەتوانێت لە باشترکردنی ئاستی ڕوونیی و یەکگرتوویی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنی کوردییدا هاوکاربێت و لەکۆتاییدا بەشدارییەکی کاریگەر لە گەڵاڵەکردنی شێوەیەکی ستاندارد بۆ ئاسان دەستگەیشتن بە درووست بەکارهێنانی زمانی کوردیی لە پەیوەندییە میدیاییەکاندا بکات.

چوارهەم؛ لە ڕووی واتاسازیی (semantics)ەوە:
بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیاکانی پرۆسێسی زمانی سروشتیی (National Language Process)؛ ژیریی دەستکرد دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە واتاسازیی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییدا بگێڕێت و درووست بەکارهێنانی واتای وشە و کۆنتێکست لە دەقە کوردییەکاندا شیبکاتەوە، تاوەکوو لە تێگەیشتن لە چۆنییەتی بەکارهێنانی دەستەواژە و زاراوەکان بەشێوەیەکی ورد و واتاداردا یارمەتیدەربێت. کەواتە ئەگەر ژیریی دەستکرد بتوانێت تێگەیشتنی واتاسازیی زمانی کوردیی لە ناوەڕۆکی ڕاگەیاندندا پێشبخات، دەشتوانێت پێشنیازی پەیوەندییدارتر و تایبەتتر پێشکەش بکات، تاوەکوو بەکارهێنانی زمانی کوردیی لە ڕاگەیاندندا زیندووتر و کاریگەرتر بکات. ئەم پەرەسەندنەیش؛ دەتوانێت بەشدارییەکی کارا لە گەشەپێدانی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییدا بکات و تەوەری تایبەت و بابەتگەلی جۆراوجۆر بخاتەڕوو.

لە هەر چوار ئاستی: وشەسازیی، دەنگسازیی، ڕستەسازیی و واتاسازیی زمانی کوردییدا؛ ژیریی دەستکرد دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە و گرنگ لە یەکخستن و یەکگرتوویی و بنیاتنانی زمانێکی ستاندار لە ڕاگەیاندنی کوردییدا ببینێت، چوونکە ئەلخوارەزمی و کارەکانی لە چەند ڕوویەکەوە بناغەیە بۆ ژیریی دەستکردی هاوچەرخ کە زۆرجار بە "باوکی جەبر" ناودەبرێت و شێوازەکانی بۆ چارەسەرکردنی هاوکێشەکان؛ بوون بە بنەمای داڕشتنی بیرکردنەوەی ئەلگۆریتم. هەروەک بۆ پڕۆسێسکردنی داتا و بڕیاردان؛ ئەلگۆریتمەکان لە ژیریی دەستکرد-دا زۆر گرنگن، چوونکە بەشداریی لە بیرکاریی و پەرەپێدانی شێوازە سیستماتیکییەکان بۆ هەر پرۆسەیەکی هەژمارکردن و کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکانی ئەمڕۆ هەبووە و ئەو بنەمایانەی کە لەلایەن ئەلخوارازمییەوە دامەزراون لە پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیاکانی ژیریی دەستکرد-دا بەردەوامن و کاریگەریی و کاردانەوەیان لەسەر کەرت و کایە جیاوازەکان هەبووە و دەتوانرێت بە باشترین شێوە لە ستانداردکردنی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییشدا سوودیان لێوەربگیرێت. هەروەک لە بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیەشدا؛ دەکرێت سوود لە پڕۆسێسی زمانی سرووشتیی (NLP) ببینرێت بۆ شیکردنەوەی وشە کوردییەکان و نێوەڕۆکەکانیان، تاوەکوو لە درووست بەکارهێنانی ئەو زاراوانە دڵنیاببنەوە کە لە میدیای کوردییدا بەکارهێنراون، ئەوەیش لە زووتر تێگەیشتن و ستانداردکردنی زمانی ڕاگەیاندنی کوردییدا یارمەتییدەر دەبێت. بەتایبەت لە باشتر یەکخستن و یەکگرتوویی بەکارهێنانی زمانی کوردیی لە پەیامی میدیاییدا. بەتایبەت لە ڕێگەی پێشکەشکردنی تێز و تێڕوانین بۆ ستانداردەکانی زمان و ڕێزمان و یاسا و ڕێساکانیان، چوونکە کاتێک زمانی کوردیی ستاندارد دەکرێت، دەشتوانرێت کاریگەریی ڕوون و ڕاشکاویی پەیامەکانی میدیای کوردیی بۆ وەرگر بەرزتر بکرێنەوە. 

……………………………………………………………….
     
*پاش نزیکەی شەش مانگ دابڕان؛ بەهۆی بڕیاری سزادانمان لە پای «تاوانبار»کردنمان بە دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەی #ئیتیکی_میدیا و سنووردارکردنمان لە پیادەکردنی ماف و ئازادیی ئەکادیمیی، دواجار گەیشتینە ئەو بڕوایەی درێژە بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی گۆشەی #لێم_دەپرسن بدەین و چیدیکە نەوەستین. بەو هیوایەی سپۆنسەرێکی بێمەرج بێتەپێش و بەر لە کۆتاییهاتنی 2024؛ بەرگی یەکهەمی بەشێوەی کتێب ڕووناکیی ببینێت و چاپ و پەخش و بڵاوبکرێتەوە و #سوودێکی_گشتیی بۆ نەوەکانی داهاتووی ڕۆژنامەوانان و فێرخوازانی پیشەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی هەبێت.


AM:09:29:16/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی