کانگاکانی دەنگ بۆ (یەکێتی) و ئەرکی هەڤاڵان بۆ دەرهێنانی دەنگەکان !

‌نیاز سەعید عەلی


١- سازدانەوەی تێکۆشەرانی دێرین 

(یەکێتی) ئەو هێزە سیاسیەیە؛ بەهۆی مێژوو و خەباتەکەی، شۆڕش و قوربانیەکانی، سەروەری و دەستکەوتەکانی، پێکهاتە و خەسڵەتەکانی (٤٩) ساڵی ڕابردووی؛ بووەتە خاوەنی سەرچاوەیەکی مرۆیی بێشومار و بنکەیەکی جەماوەریی بەرفراوان، لەناو زۆرینەی چین و توێژەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی تر، چ لەناو گوندەکان، چ لەناو شار و شارۆچکەکان . 

تێکۆشەرەکانی قۆناغەکانی ڕابردوو، بەتایبەتی پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامی سەنگەر، زیندانی سیاسی، ڕێکخستنی دێرین و کەسوکاری شەهیدان، پاشماوەکانی ئەنفال و کیمیاباران؛ بووبوونە داینەمۆ و بزوێنەر بۆ گەشەسەندن و بەهێزبوونی (یەکێتی) ، لەم سۆنگەیەوە ئەوان هەڵگری مەشخەڵ و ژیلەمۆی بڵێسە بوون؛ بۆ گەشانەوە و جۆشدانی کوانووی خەبات و شۆڕش، بەکردەوەش هۆکار و ئامراز و سەری ڕمەکە بوون؛ بۆ پاراستنی (یەکێتی) و تێپەڕاندنی لەمپەرەکانی بەردەمی و تێکشکانی هەموو بەرەنگاربوونەوەکان و سەرکەوتن بەسەر نەیار و دوژمن .

ئەو تێکۆشەرانە لەڕاپەڕاندنی ئەرکە سەختەکاندا، ئازا و لەخۆبردوو و ماندوونەناس و جوامێر بوون، لەهەموو هەوراز و نشێویی قۆناغەکانی خەباتدا؛ بۆ هێنانەدی دروشم و ئامانجەکانی (یەکێتی)، ساز و بەخرۆش و ئامادەبوون بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە قوربانیەک .                     
                                           
ئەو تێکۆشەرانە لەقۆناغەکانی خەباتی ڕابردوودا؛ بناغە و کۆڵەکەی کۆنکرێتیی پتەو و پۆڵایین بوون بۆ (یەکێتی)، هەروەها سەرچاوەی هێز و جۆشدان و قوربانیدان بوون، لەپێناوی ڕێباز و دروشم و ئامانجەکان .

ئەی بۆچی لەئەمڕۆی خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانیدا؛ نەبنەوە بە خەمخۆر و پارێزەری (یەکێتیەکەیان) و بە دەنگەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا؛ جارێکی تر لەسەنگەری هەڵبژاردنەوە، کار بۆ بووژانەوە و بەهێزکردنی (یەکێتی)، لەناو سندووقی دەنگداندا نەکەن ؟، بەتایبەتی کە ئەم هەڵبژاردنە، ئەبێتە وێستگەیەکی گرنگ، بۆ وەرچەرخانی سیاسی و ڕیفۆرمی سیستەمی فەرمانڕەوایی و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز .

لەم پێودانگەوە ئەتوانین بڵێین؛ کۆکردنەوە و سازدان و بەگەڕخستنەوەی ئەم سەرچاوە مرۆیی و بنکە جەماوەریە بەرفراوانە، کە بریتیە لەکانگایەکی دەوڵەمەندی دەنگ بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن؛ بەشداری ئەکات لەهێنانەدی ویست و ئامانجەکانی (یەکێتی) لەم هەڵبژاردنەدا .

٢- گرنگیدان بە ناوچەکانی دەوروبەر

پێویستە (یەکێتی)؛ لەبەرنامە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، بچێتە ناو کانگایەکی تری دەنگی هەڵبژاردن؛ کە بریتیە لەگەڕەکە میللییەکانی قەراخی شارەکان، شارۆچکەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان و ناحیە و قەزاکان .

نەکات بە چەشنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو؛ نادیدە و فەرامۆش و پشتگوێیان بخات بۆ ئۆپۆزسیۆن و لیستە ڕکابەرەکانی تر، بەڵکو پرۆسەی بانگەشەکردن لەو ناوچانەدا بەهێزتر و چڕتر و کاریگەرتر بکات؛ چونکە بە بەراوورد لەگەڵ هاوڵاتیانی نیشتەجێی سەنتەری شارەکان و دانیشتووانی گەڕەک و کۆمەڵگە و شارە تازەکانی نیشتەجێبوون؛ چڕی دانیشتووان و ژمارەی دەنگدەرانی ئەو ناوچانە زۆرترە، بەهەمانشێوە ڕێژەی بەشداریکردنیشیان لەپرۆسەی دەنگداندا زیاترە .

لەلایەکی تر ئەتوانین بڵێین؛ دانیشتوانی ئەم ناوچانە، ئامادەتر و بەجۆش وخرۆشترن بۆ بەشداریکردنی کارا، لەهەموو جووڵانەوە  و پێشهات و ڕووداو و گۆڕانکاریەکی سیاسیدا، بۆ نموونە لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێوە، تاکو ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)، بووبوونە سەرچاوەیەکی مرۆیی بێشوماری بەشدار و قوربانیدەر و هاوکار بۆ شۆڕشی نوێ .

زۆرینەی ڕەهای چین و توێژەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە، لەڕووی چینایەتیەوە هەژار و نەدار وکەم دەرامەتن، یان ڕەچەڵەکی جووتیاری و گوندنشینیان هەیە، یان لەچینی کرێکار و چین و توێژە پەراوێزکەوتووەکانی ناو کۆمەڵگە پێکهاتوون؛ ڕێژەیەکی بەرچاو لەکەسانی نەخوێندەوار، بێ بڕوانامە، بێ خاوەنی پلە و پۆستی دیار، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی تیایە .

لەڕەهەندێکی ترەوە شوێن و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان؛ کەمتر سوودمەندبوون لەپرۆژە  خزمەتگوزاریەکانی کەرتی گشتی، لەکاتێکدا  ئەوە ئەوانن خاوەنی ژمارەیەکی زۆری شەهیدی سەنگەر، شەهیدی بەردەمی پەتی سێدارە و شەهیدی سەرەونگوومکراو، زیندانی سیاسی، کەمئەندامی سەنگەر، پێشمەرگەی دێرین و زۆرینەی پێشمەرگەی ئێستا، ڕێکخستنی دێرین و پاشماوەی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانن .

هاوڵاتیانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە؛ بەردەوام ئومێد و هیوا لەسەر گۆڕانکاریی سیاسی و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی و ئاڵوگۆری دەسەڵاتی ناو حکومەت هەڵئەچنن، بەجۆش وخرۆشەوە لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی، دامەزراندن و بەدەستهێنانی هەلی کار، چنینەوەی دەستکەوتی ئابووری، سوودمەندبوون لەپرۆژە خزمەتگوزاریە گشتیەکانی حکومەت و جێبەجیبوونی داواکاریە ڕەواکانیان؛ لەناو هەر پرۆسەیەکی  هەڵبژاردنی گشتیدا، ئەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو بەڵێنانەی کە پێیان ئەدرێت و بە گەرمی بەشداریی دەنگدان ئەکەن .

جێی ئاماژەیە بەردەوام هێزە شۆڕشگێر و بزووتنەوە چەکداری و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان؛ پشتیان بە هاوڵاتیانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە بەستووە، کە سەرچاوەی مرۆیی ئازا، خاوەن ئیرادە، بەهێز، ڕادیکاڵ و قوربانیدەرن، هەروەها ئەو چین و توێژانە لەناو پرۆسەی ململانێی هەڵبژاردنەکانیشدا؛ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ئەبینن  لەدیاریکردنی هێزی براوەی هەڵبژاردن .

یەک ڕاستی تریش هەیە؛ کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم؛ ئەویش ئەوەیە کە لەچەندین ئەزموونی سیاسی و شۆڕشگێریی ناو مێژوودا، لەناو ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیانەی کە چین و توێژە سادە و نەدار و ڕەشۆکە پەراوێزکەوتووەکان، لەڕەوشێکی ئابووریی سەخت و دژواردا گوزەرانی تیا ئەکەن؛ هەمیشە مەشخەڵ ئامادەیە بۆ گەشانەوەی گڕوتینی دەنگی ناڕەزایی و دروستبوونی گیانی یاخیبوون و بڵێسەی بەرەنگاربوونەوە لەدژی دەسەڵات، هەر بۆیە ئەو ناوچانە؛ ئەبنە زەمین و زادگەی سەرهەڵدانی چەندین ڕووداو و وەرچەرخانی مێژوویی و سیاسیی گەورەی ڕادیکاڵ و ڕاماڵینی چەندین سیستەمی فەرمانرەوایی بەهێز؛ لەنموونەی کۆمۆنەی پاریس (١٨٧١)، شۆڕشی فەڕەنسا (1789 - 1799)، شۆرشی ئۆکتۆبەر (١٩١٧)، شۆڕشی چین (1946 - 1949)، شۆڕشی جەزائیر (١٩٥٤ – ١٩٦٢)، شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (١٩٧٦ – ١٩٩١)، شۆڕشی گەلانی ئێران (١٩٧٨ – ١٩٧٩)، ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و ... هتد .

٣- ئاشتکردنەوەی یەکێتیە زویر و بایکۆتکەرەکان

ژمارەی ئەندام و لایەنگری (یەکێتی)، کە زویر و دابڕاو و بایکۆتکەری پرۆسەی دەنگدانن؛ بە زیاتر لە(٣٠٠،٠٠٠) هەزار دەنگدەر مەزەندە ئەکرێت، ئەگەر ڕێژەیەکی بەرچاو لەو زویر و بایکۆتکەرانە، بگەڕێنەوە بۆ بەردەمی سندوقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی (یەکێتی) بدەن؛ دەنگدانەکەیان ڕۆڵی سەرەکی ئەبێت، لەسەر زیادکردنی کورسیەکانی (یەکێتی) لەپەرلەمان .

زویر و دابڕاوەکان؛ لەڕابردوودا لەبەر چەندین هۆکاری ناوخۆیی، ڕێکخراوەیی، سیاسی و قەیران و گیروگرفتەکانی حکومەتی هەرێم و... هتد؛ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پێشوویان کردوە، ژمارەیان لەئەندام و جەماوەری ئێستا زیاترە، کە لەژێر چەتری (یەکێتی)دا کۆبوونەتەوە .

ئەوان بۆیە زویر و دابراون و بایکۆت ئەکەن، چونکە گلەیی و ڕەخنە و داواکاری و سکاڵای زۆریان هەیە، ئەتواندرێت کار لەسەر ئاشتکردنەوە و دڵنەوایی و گەڕانەوەی بەشێکیان بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕەخنە و گلەیی و زویریەکانیان؛ پەیوەندی بە ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانەوە هەیە، یان دەرهاویشتەی هەستکردن بووە بە پەراوێزخستن و مامەڵەی نادادپەروەری لەبەرامبەریان، یان دەرەنجامی ناڕەزایەتی و هەڵوێست وەرگرتنیان بووە؛ لەدژی تەکتیک و سیاسەتی ڕۆژ و ... هتد .

ئەگەر لەبەرنامە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا؛ گرنگی بدرێت بە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و بەراووردکردنی سیاسەت و ڕێبازی کارکردنی (یەکێتی)ی نوێی قۆناغی تازە، یان ئاماژە بکرێت بە چەندین دەستکەوتی ڕێکخراوەیی و نەتەوەیی، یان ئەگەر دید و تێڕوانین، بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ (پارتی) و میکانیزم و چۆنیەتیی چارەسەری کێشە و قەیرانەکان بخرێتەڕوو؛ یان ئەگەر بتوانین گرنگی و پێویستێتیی گۆڕینی (هاوسەنگیی هێز) و دەرەنجام و دەستکەوتەکانی بۆ هاوڵاتیان بسەلمێنین؛ ئەوا ڕێژەیەکی بەرچاو لەهەڤاڵ و دۆستی زویر و هاوڵاتیانی تری بێلایەن و دەنگدەری خۆڵەمێشیی؛ دەنگ بە پاڵێوراوەکانی (یەکێتی) ئەدەن .

لەڕاستیدا ئەو زویر و دابڕاو و بایکۆتکەرانە بوون؛ لەچەندین پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوودا، بوونە هۆکارێکی سەرەکی و بنەڕەتی، بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگەکان و کورسیەکانی (یەکێتی) .

بۆ ئاشتکردنەوەی زویر و بایکۆتکەرانی هاوڵاتیانی ئەژمارکراو لەسەر (یەکێتی)؛ هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی هەڵمەتی بانگەشە، لەسنووری جوگرافی و دیاریکراوی خۆیاندا، هەروەها هەموو هەڤاڵێکی (یەکێتی)؛ لەژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و لەچوارچێوەی بازنەی پەیوەندیە جۆراوجۆرەکانیدا، ئەتوانێت کۆشش و کاری جدی، بۆ قایلپێکردن و ئاشتکردنەوە و گێڕانەوەی کەسانی زویر و بایکۆتکەر؛ بۆ بەشداریکردن لەدەنگدان بە لیستی (یەکێتی) بکات .

ئەگەر بۆ ئەم هەڵبژاردنە؛ زۆرینەی هەڤاڵانی ئێستای ناو ئۆرگانەکانی (یەکێتی)، وەکو ئەرکێکی هەڵبژاردن؛ هەر یەکەیان بتوانێت هەڤاڵێکی زویر، یان هاوڵاتیەکی  بایکۆتکەر لەناو ئەو کانگایەی دەنگی هەڵبژاردندا دەربهێنێت و بگەڕێنێتەوە بۆ دەنگدان؛ ئەوا بەم هەنگاوە زیاتر لە(١٠٠،٠٠٠) دەنگ، بۆ (یەکێتی) مسۆگەر ئەبێت و لانی کەم (١٠ - ١٢) کورسی پێ زیاد ئەبێت .


PM:01:40:13/10/2024

ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی