گەمە دێرینەکەی سیاسەت و کووشتنی حەسەن نەسروڵا

‌شوان عەباس بەدری

دواجار بەشە یاری حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، لە دوای 42 ساڵ وەک ئەندامی حزبوڵا و 32 ساڵ وەک ئەمینداری گشتی لە ناو گەمە لیخن و قووڵەکەی سیاسەت، لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە کۆتایی پێهات و بە 85 بۆمبی یەک تەنی ئەمریکی خاڵی کۆتایی یارییەکەی بۆ دانرا.

نەسرۆڵا کە بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەر و کارێزمییەکانی بەرەی موقاوەمە بە ڕابەڕایەتی ئێران ئەژمار دەکرا و لەو ماوەی ژیانە سیاسی و سەربازییەشی مۆسادی ئیسرائیلی بە هەموو شێوەیەک هەموو توانا و هەوڵێکی خۆی خستبووە گەڕ بۆ دەستگیرکردن یان حود کووشتنی، دواجار زۆر بە ئاسانی کەوتە ناو تەڵەی گەمەیەک کە زۆر لە خۆی و تەنانەت لە حزبوڵا و لەو ڕەوتەش کە ئەم کەسە ناسراو و باڵاکەی بوو لە دوای قاسم سولەیمانی گەورەتربوو.

بە واتایەکی تر، حەسەن نەسروڵای کوڵاو لەناو سیاسەتی ڕۆژهەڵات و ئێران و ئیسرائیل و لوبنان و سوریا ، هەر چەندە کە ئەندام و لایەنگرانی ڕەوتەکەی وەک سیاسییەکی کارکووشتەی زیرەک و نەترس لێیان ئەڕوانی و بە قسەی هەندێک لە هاوڕێکانی هەر ئەو سیفەتانەی کە دابوویانە پاڵی تووشی جۆرە غرورێکی کردبوو، بەڵام هەر ئەو غرورە سیاسییەو کوێرانە دواکەوتنی فەرمانەکانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بووە هۆکارێک تا بۆ هەمیشە مۆمی خەونەکانی بۆ لەناو بردنی ئیسرائیل و فڕێدانی جوولەکە بۆناو دەریا بەرێتە ژێر خاکەوە.

بەڵێ.. حەسەن نەسروڵا کە سەرەتای ژیانی سیاسی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و بە دیاریکراویش بۆ ساڵی 1978 وەک لایەنگرێکی بزوتنەوەی ئەمەل، کە بزوتنەوەیەکی سیاسی شیعە بوو و لەلایەن موسی سەدر و بە پشتگیری محەمەد رەزا شا، ئیمپراتۆری ئێرانەوە بنیات نرابوو، دواجار لەدوای دروستبوونی حزبوڵا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوو بە ئەندامێکی کاریگەری ئەو بزوتنەوە سیاسییە سەربازییە و کەم کەم ئەستێرەی وەرگرتنی لێپرسراوی لەناو ئەو بزوتنەوەیە درەوشایەوە و لە دوای کووشتنی سەید عەباس موسەوی دووەم ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە لایەن فرۆکەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1992، بوو بە ئەمینداری گشتی و لەوڕۆژە بەدواوە تا ساتی کووشتنی سەربازێکی گوێڕایەڵی سەید عەلی خامەنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوو، هەروەها لە زۆربەی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەش هەمیشە لە بەرەی دژایەتی کورد و مافی کورد بوو و تەنانەت وەک یەکێک لە دارێژەرانی تیرۆری شەرەفکەندی باسی لێوە دەکرێت و لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، نەسروڵا چەکدارەکانی بزووتنەکەی ڕاسپارد بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی کوردی ئەو بەشەی کوردستان بە هانای سوپای پاسدارانەوە برۆن، هەڵبەت نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کە لەدوای کوشتنی سەید عەباس موسەوی ژمارەیەک لە لێپرسراو و ئەندامانی حزبوڵا بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە حەسەن نەسروڵا و پێیان وابوو نەسروڵا بە ناڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە کەشفکردنی شوێنی سەید عەباس و کاتی گەڕانەوە و جۆری ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ئیسرائیل.

هەروەها نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کە زۆرجار بڕیار و فەرمانەکانی جگە لە هێنانی ماڵکاولی و کووشت و کوشتار هیچی تری بۆ لوبنانییەکان لێی سەوز نەبۆتەوە و باشترین دوو نمونەش بریتین لە چالاکی پەیمانی ڕاستی کە بە جەنگی تەمموزیش ناسراوە و تێیدا حزبوڵا دوو سەربازی ئیسرائیلی بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ ئەسیرە لوبنانییەکانی ناو زیندانەکانی ئیسرائیل و بە تایبەتیش بۆ ئازاد کردنی سەمیر قەنتار ی کۆنترین ئەسیری لوبنانی لەناو زیندانەکانی ئیسرائیل کە دواجار لە ساڵی 2015  لە بۆردومانێکی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایەتەختی سوریا کوژرا ڕفاند، دەرگای جەهەنەمی بەڕووی خۆی و لوبنانییەکان کردەوە و لەدوای34 ڕۆژ جەنگ و بۆردومانی بەردەوام و کوژرانی نزیکەی 11 هەزار هاووڵاتی و برینداربوونی هەزارانی تر و زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە ژێرخان و سەرخانی ئابووری لوبنان، بە بڕیاری ژمارە 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەنگە کۆتایی هات و دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش نەسروڵا لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە لە وتارێکیدا وتی، گەر بمزانیایە دەرئەنجامی کارەکە ئەو هەموو کووشت و کووشتار و ماڵوێرانییەی لێدەکەوێتەوە، فەرمانم بە ئەنجامدانی نەدەکرد.

هەروەها نمونەیەکی تریش بریتییە لە خۆ تێوەگلانی حزبوڵا لە جەنگی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەزرە کە دواجار ئەو خۆ تێوەگلانە هەم سەری خۆی و هەم سەری لێپرسراوە باڵا پلە یەکەکانی حزبوڵا و ئەندامانی ڕەوتەکەی خوارد.
لێرە نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کە زۆرجار کووشتن یان دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی باڵای سیاسی و سەربازی لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێری دوو لایەنی ناکۆک یان بەناو ناکۆکی ناوخۆیی یان هەرێمی یان جیهانی ئەنجامدەدرێت و لایەنی یەکەم لە پێناو دەستکەوتێکی سیاسی یان بەرژەوەندییەکی باڵا، یەکێک لە سەرە باڵاکانی خۆی دەکاتە قوربانی و ڕەنگە کوشتنەکەی نەسروڵاش لەو جۆرە سەفقە و ڕێککەوتنە بە دوور نەبێت و پەیوەست بێت بەو فشارە سیاسی و ئابوورییەی کە لەم ماوەیەی رابردوو لەسەر ئێران تووندکرابووەو بەشێکی تریشی پەیوەست بێت بە دۆسییە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەتایبەتیش گەر چاوێک بە مێژووی دوور و نزیکی ئێران بخشێنین، بۆمان دەرئەکەوێت ئەو ووڵاتە هەر وەک هەموو وڵاتانی تر دەستێکی باڵای هەیە لە بە قوربانیکردن و سڕینەوەی کەسە باڵا و نزیکەکانی ناو سیستمە سیاسی و سەربازییەکەی.

هەروەها گەر بێتوو پارچەی پێشهات و ڕووداوەکانی ساڵی رابردوو هەر لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تا دەگاتە بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بالیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و پاشان هێرشە مووشەکی و درونییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و دوابەدوای ئەوەش کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی و گیانسپاردنی لەو ڕووداوە گوماناوییە تا دەگاتە سەر کووشتنی هەزاران ئەندام و چەکداری بزووتنەوەی حەماس و سەدان ئەندام و چەکداری حزبوڵا و کووشتنی سەرکردە باڵاکانی و لەسەروو هەمووشیانەوە کووشتنە گوماناوییەکەی حەسەن نەسرولا کە بێگومان لە ئەنجامی خیانەتی کەسێکی ئاگادار لەهەموو جوڵەیەکی ئەنجامدراوە، لە تەنیشت یەکەوە دابنەین، ئەوا چەند سەرەداوێکی تارمایی ئاسامان دەست دەکەوێت کە هەموویان دەمانبەنە سەر یەک ڕێگا و بڕوا کە ئەوانیش بریتین لە، گۆڕانکارییەکی بنچینەیی و هەمیشەیی لە ناوچەکە بەڕێوەیە کە لایەنە ناکۆک و دوژمنەکانی سەر شاشە و مەیدانەکان و لەهەمانکاتیشدا دۆستە ژێر بە ژێرەکانی پشت پەردە ئەستوورەکەی دانووستان و ڕێککەوتنە نهێنییەکان لەسەری ڕێککەوتوون.

بەهەرحاڵ ڕەنگە نهێنی کووشتنەکەی حەسەن نەسروڵاش هەروەک نهێنی کووشتنی سەدان سیاسی و سەرکردەی تر، لەناو گەمەی زەلکاوە قووڵە لیخنەکەی سیاسەت بۆ هەتاهەتایە وون ببێت و لای لایەنگرەکانی وەک فریشتەیەک باس بکرێت و لای نەیارەکانیشی وەک پەیامبەری کاولکاری و ماڵوێرانی!


AM:09:17:29/09/2024

ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی