چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر كتێبه نوێیه‌كه‌ی خوێندنی كوردی بۆ پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تی
هەورامان وریا قانع
به‌شی دووه‌م و كۆتایی
هه‌ڵه‌كانی وهزری دووه‌می كتێبه‌كه
لاپه‌ڕه 11 نووسراوه: "ڕۆڵه من دارنابڕم، ته‌نیا لقه وشك بووه‌كان ده‌بڕم، تا جوانترببێت"، به‌ڵام له وێنه‌كه‌ی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا كه نیوه‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌ی داگیركردووه، دارێك دروستكراوه شه‌ش لقی زۆر سه‌وز و جوانی هه‌یه و هیچ لقێكی وشكبوو به‌داره‌كه‌وه نییه.
پاشان له وێنه‌كه‌دا، پیاوێك هه‌یه، ته‌ورێكی گرتووه به‌ده‌ستییه‌وه و ده‌مه تیژه‌كه‌ی له ناوه‌ڕاستی قه‌دی داره‌كه داناوه، زۆر به روونی دیاره پیاوه‌كه خۆی بۆ بڕینه‌وه‌ی قه‌ده‌كه ئاماده‌كردووه، نه‌ك لقی وشكبوو كه به داره‌كه‌وه نییه. واته ناكۆكییه‌كی گه‌وره له نێوان وێنه‌كه و ده‌قه‌كه‌دا هه‌یه.
لاپه‌ڕه 12 له چالاكی یه‌كه‌مدا، له به‌رامبه‌ر هاوواتای وشه‌ی لق، وشه‌ی چڵ نووسراوه. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه، چڵ و لق دوو به‌شی جیاوازن و یه‌ك ما‌نایان نییه، لق درێژتر و ئه‌ستورتره و به‌هێزتره، چڵ ناسكتر و باریكتر و كورتتره و چڵ به‌شێكه له لق، نه‌ك ئه‌وه‌ی هاوواتای لق بێت.
لاپه‌ڕه 13 له چالاكی چواره‌مدا، له راهێنانی دژ واتاكان، وشه‌ی دابنیشن نووسراوه و دژ واتاكه‌ی هه‌ستن. جوانتر بوو له بری دابنیشن بنووسرایه دانیشن، واته پیتی (ب) زیاده‌یه و ریتم یان ئاوازی وشه‌كه‌ی تێكداوه.
لاپه‌ڕه 38 له چالاكی یه‌كه‌مدا، له به‌رامبه‌ر هاوواتای وشه‌ی هه‌ره‌وه‌ز، وشه‌ی كاری به كۆمه‌ڵ نووسراوه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، بۆچی؟ چونكه كاری به كۆمه‌ڵ شه‌رحكردنی مانای وشه‌ی هه‌ره‌وه‌زه نه‌ك وشه‌یه‌ك هاوواتای ههرهوهزبێت. بۆ نمونه ده‌ڵێین هاوواتای شاخ/ چیا، مریشك/ مامر، چێڵ/ مانگا...هتد، نایه‌ین شه‌رحی شاخ بكه‌ین و بڵێین زه‌وییه‌كی به‌رزه، بۆ مریشك ناڵێین هێلكهكهره و بۆ مانگا ناڵێن ئاژه‌ڵێكی شیرده‌ره. ئه‌وانه شه‌رحی وشه‌كانن نه‌ك هاوواتاكانیان.
هه‌ره‌وه‌ز یه‌كێكه له‌و وشانه‌ی پێده‌چێت هاوواتای نه‌بێت، یان هه‌یبێت و من نایزانم. بۆیه گرنگه ئه‌گه‌ر وشه‌یه‌ك دڵنیانه‌بووین له هاوواتاكه‌ی، دانه‌نرێت باشتره، نه‌ك ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه دابنرێت یان شه‌رحی ماناكه‌ی بكه‌ین و بڵێین ئه‌وه هاوواتاكهیهتی.
لاپه‌ڕه 47 له بابه‌تی ڕه‌وشتی ڕێگاوبان، وێنه‌ی سێ منداڵ كێشراوه كه به دڵخۆشییه‌وه به‌سه‌ر هێڵی په‌ڕینه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌دا، ده‌په‌ڕنه‌وه. له ته‌نیشتیان وێنه‌ی ترافیكلایتێك كێشراوه كه ڕووی له به‌شی په‌ڕینه‌وه‌ی منداڵه‌كانه و زۆر به جوانی دیاره ره‌نگه سوره‌كه داگیرساوه و سه‌وزه‌كه كوژاوه‌ته‌وه، كه‌چی منداڵه‌كان به‌و په‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه!
لاپه‌ڕه 48 له چالاكی یه‌كه‌مدا، له به‌رامبه‌ر هاوواتای وشه‌ی شۆسته، وشه‌ی پیاده‌ڕۆ نووسراوه، ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه پیاده‌ڕۆ له هه‌مو كاتێكدا هاوواتای شۆسته بێت. بۆ نموونه هێڵی په‌ڕینه‌وه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان، پیادهڕۆیه و شۆسته نییه. له پرده ئاسنینه‌كه‌ی دوكان، شوێنی تایبه‌ت بۆ رۆشتن دروستكراوه و پیادهڕۆیه و شۆسته‌ش نییه. له شار و ده‌شت و گونده‌كاندا، چه‌ندین رێگا هه‌یه كه پیادهڕۆیه و هیچیان شۆسته نین، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌دا شتێك نییه ناوی شۆسته بێت.
لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، وشه‌یه‌ك له هاوواتاكه‌ی دڵنیانه‌بین، باشتره نه‌كرێت به پرۆگرامی خوێندن و هاوواتای هه‌ڵه‌ی بۆ دانه‌نرێت.
لاپه‌ڕه 54 له چالاكی یه‌كه‌مدا، له به‌رامبه‌ر هاوواتای وشه‌ی پالێت، وشه‌ی ده‌سته نووسراوه، ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه له هه‌مو كاتێكدا پالێت هاوواتای ده‌سته بێت. بۆ نموونه پالێت ئه‌و پارچه ته‌خته‌یه‌یه كه هونه‌رمه‌ند ره‌نگه‌كانی له‌سه‌ر تێكه‌ڵ ده‌كات و پێیناوترێت ده‌سته. هه‌ندێكجار پالێت بریتییه له‌و پارچه ته‌خته‌یه‌ی له كۆگاكاندا بۆ هه‌ڵگرتن یان گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كان به‌كاردێت.
له زمانی كوردیدا وشه‌ی ده‌سته، وشه‌یه‌كی فراوانتره و بۆ كۆمه‌ڵێك مانا و واتای جیاواز به‌كاردێت، له‌وانه ده‌سته‌ی یاریزانان، ده‌سته‌ی ناوبژیوانان، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، خۆناكرێت بڵێین پالێتی ده‌ستپاكی!
لاپه‌ڕه 72 له چالاكی یه‌كه‌مدا، له به‌رامبه‌ر هاوواتای ماڵه‌باجێنه، نووسراوه چێشتهقوڵی، ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌ڵه‌یه، چونكه ماڵه‌باجێنه مه‌رج نییه هه‌ر چێشتهقوڵی بێت، به‌ڵكو زۆر یاری دیكه له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه كچه‌كان بوكۆكه و بێشكه و ده‌سرازه‌ی بچوك ده‌هێنن و بوكۆكهكه ده‌خه‌نه ناو بێشكهكهوه و سهربێشكهشی پێداده‌ده‌ن و ده‌ست ده‌كه‌ن به راژهندنی بێشكه‌كه...
به مانایه‌كی دیكه، چێشتهقوڵی به‌شێكه له یاری ماڵه‌باجێنه، یارییه‌كه له یارییه‌كانی ماڵه‌باجێنه، نه‌ك ئه‌وه‌ی هاوواتای ماڵه‌باجێنه بێت، ماڵه‌باجێنه زۆر فراوانتره له چێشتهقوڵی.
لاپه‌ڕه 78 له چالاكی یه‌كه‌مدا، له به‌رامبه‌ر هاوواتای وشه‌ی ئازوقه، نووسراوه خوارده‌مه‌نی وشك، به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر زه‌قه، چونكه ئازوقه مه‌رج نییه هه‌ر خوارده‌مه‌نی وشك بێت، بۆ نموونه زه‌یت و شیر به‌شێكن له ئازووقه و وشكیش نین. ده‌توانین بۆ هاوواتای وشه‌ی ئازوقه، زه‌خیره به‌كاربێنین.
هه‌ر له‌و لاپه‌ڕه‌یه‌دا و له هه‌مان چالاكیدا، له به‌رامبه‌ر وشه‌ی دانه‌وێڵه، نووسراوه گه‌نم و جۆ، دیاره ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌ڵه‌یه. ئاخر دانه‌وێڵه چه‌ندین جۆری دیكه له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه برنج، نیسك، نۆك، ساوه‌ر... هتد، ناكرێت تۆ بۆ هاوواتای دانه‌وێڵه، بنووسیت گه‌نم و جۆ، دانه‌وێڵه زۆر فراوانتره و گه‌نم و جۆ به‌شێكه له دانه‌وێڵه.
له كۆتایدا ئه‌م كتێبه كه 142 هه‌زار و 876 دانه‌ی لێ چاپكراوه و پاره‌یه‌كی زۆری تێچووه، وه‌ك بینیمان به‌ده‌ر نییه له هه‌ڵه و كه‌موكورتی. جێگای داخه، سێ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا كه ناویان له‌سه‌ر كتێبه‌كه نووسراوه و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستیان بۆ بابهتهكان ئه‌نجامداوه، ئه‌و جۆره هه‌ڵه‌یه‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه. له راستیدا ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، یا ئه‌وه‌تا ئه‌و به‌ڕێزانه، به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌دا نه‌چوونه‌ته‌وه، یا ئه‌وه‌تا به وردی به‌سه‌ریدا نه‌چوونه‌ته‌وه و بایه‌خیان پێنه‌داوه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌شدا، كارێكی باش نییه و ئه‌وه‌تا ئێمه له وانه‌ی خوێندنی زمانی كوردیدا، كتێبێك ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستی قوتابییه‌كانمان، به‌ده‌ر نییه له هه‌ڵه و ناته‌واوی و ئه‌م حاڵه‌ته ساڵانه له‌گه‌ڵ چاپكردنی كتێبه تازه‌كاندا، دووباره و سێباره ده‌بێته‌وه.
له كۆتایدا ئه‌م كتێبه پێش ئه‌وه‌ی بنێردرێت بۆ چاپ، ئه‌گه‌ر یه‌ك به‌ڕێزی لیژنه‌ی دانانی كتێبه‌كه كه دڵنیام نزیكه‌ی بیست كه‌سێك ده‌بن، یه‌ك تۆز به وردی به‌سه‌ر كۆی بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه‌دا بچووایه‌ته‌وه، ئه‌وا لانی كه‌م ده‌ركی به زۆربه‌ی هه‌ڵه و كه‌موكورتیان ده‌كرد و ده‌توانرا زۆر به ئاسانی چاكبكرێنه‌وه. وه‌لێ دیاره ئه‌مه نه‌كراوه و كه‌سێك نه‌بووه به جدیی و به وردی بهسهریابچێتهوه.
لێره‌وه پێشنیارێكی زۆر ساده و ئاسان، بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی پرۆگرام و چاپه‌مه‌نییه‌كان ده‌خه‌مه‌ڕوو، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه: هه‌ر كتێبێكی پرۆگرام، له هه‌ر بابهتێكدابێت و بۆ هه‌ر قۆناغێكی خوێندن بێت، كاتێك كاری لیژنه‌كان و پێداچوونه‌وه و هه‌ڵه‌بڕی و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان و دیزاینه‌كه‌ی ته‌واوده‌بێت و ئۆكه‌ی بۆ چاپكردنی ده‌درێت، به‌ر له‌وه‌ی بنێردرێت بۆ چاپ، نوسخه‌یه‌ك له كتێبه‌كه به ره‌نگاوڕه‌نگی راكێشرێت و بدرێت به كه‌سێكی شاره‌زا و ورده‌كار، كه‌سێك حه‌ز و خولقی خوێندنه‌وه و به‌سه‌رداچوونه‌وه‌ی كتێبی هه‌بێت، به فه‌رمی داوای لێبكرێت به وردیی و به جدیی به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌دا بچێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش كاتێكی باشی بۆ ته‌رخانبكرێت و هیچ په‌له‌كردنێكی تیانه‌كرێت. بێگومان گه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه بكرێت، ئه‌وا دڵنیام له زۆرێك له‌م هه‌ڵانه رزگاردهبین و كتێبه‌كانی خوێندن به شێوه‌یه‌كی زۆر پوختتر ده‌كه‌ونه به‌رده‌ستی قوتابییه‌كان.
PM:07:23:06/09/2024
ئه‌م بابه‌ته 1536
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی