كوردستان براوە دەبێت
شاخەوان برایم عەبدوڵا
لە نوێترین بۆچوون و هەڵوێستیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەكوو ئەوەی دركی بە گرژی و ئاڵۆزیی پێشوەختەی هەڵبژاردن كردبێت، جەخت لەسەر هەڵبژاردن لە كەشێكی ئارام و هێمندا دەكاتەوە كە بە كرۆكی دیموكراسی دادەنرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە هەر خولێكی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا گرژی دروست دەبێت و حیزبەكان بە هێرشكردنە سەر پێگەی مێژوویی و ئێستای یەكدی، هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەكەن، لەبری پێشكەشكردنی كارنامە و خستنەڕووی بەرنامەكانیان هەوڵی سڕینەوەی یەكدی دەدەن، بەمەش كاریگەریی لەسەر دەروونی زۆرینەی خەڵك دروست دەكەن و دوای هەڵبژاردن كۆمەڵگەیەكی ماندوو و شەكەتی لێدەكەوێتەوە.
وێڕای ئەوە، دوای ئەنجامەكانیش حیزبەكان لەبری ئەوەی ڕێز لە ڕای زۆرینە بگرن و بەزوویی دامەزراوەكان نوێ بكەنەوە، كەچی ناتوانن وەكوو پرۆسەیەكی دیموكراسییانە بەگوێرەی ئەنجامەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن یان بەركەوتەی خۆیان قەبووڵ بكەن، كاتێكیش حكوومەت پێكدەهێنن، هاوبەشێكی ڕاستەقینەی حوكمڕانی نابن، لە نموونەی یەكێتی كە ئێستا هەر دەڵێی ئۆپۆزسیۆنە، كارە باشەكان بۆ خۆی دەبات و گرفتەكانیش لەسەر پارتی حساب دەكات.
بۆ مێژوو، نێچیرڤان بارزانی چەند جارێك لە ڕێگەی مەرسوومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە، واژووی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن كرد، كەچی بە هۆكاری جیاواز جیاوزەوە، هەموو جارەكان نەتواندرا پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دواجار وەكوو ئەوەی حیزبەكان لە مەترسیی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن تێگەیشتبن، جارێكی دیكە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە وادەی هەڵبژاردنیان دیاریكردەوە و ئێستاش بانگەشەی پێشوەختە دەستیپێكردووە.
نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی دووشەممە جەختی لەسەر هەڵبژاردن كردووەتەوە، بە جۆرێك گەلی كوردستان له ههڵبژاردندا براوه بێت و ههموو لایهكیش ههوڵ بدەن ههڵبژاردن له كهشێكی ئارام و هێمندا بهڕێوه ببەن. ئەو جەختكردنەوەیەی نێچیرڤان بارزانی لەكاتی خۆیدایە، لەو سۆنگەیەی هەر جۆرە گرژییەك لە دۆخی ئێستادا كە هەرێمی كوردستان نێوانی لەگەڵ بەغدا باش نییە و نەیارەكانی كوردستانیش بۆ پێگەی كوردستان لە بۆسەدان و دەیانەوێت چەندین جۆر شەڕفرۆشی لەگەڵ هەولێردا تاقی بكەنەوە. كەواتە گرنگترین شت ئەوەیە لەو قۆناغەدا هەڵبژاردنی كوردستان بەبێ گرژی بكرێت و پەرلەمان كارا بكرێتەوە.
كوردستان وەكوو ئەزموونێكی جیاوازتر لە عێراقێكی نادیموكراسی و ناسەقامگیردا، دەبێت بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بسەلمێنێت لە ڕێگەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسییەوە كێشەكانی خۆی چارەسەر دەكات و بەشداریەكی كارای پرۆسەی دیموكراسی دەكات، بەوپێیەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام جەخت لەسەر هەڵبژاردن و پەیڕەوكردنی ڕەگەزەكانی دیموكراسی دەكەنەوە، لەو ڕوانگەیەوە هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو، كوردستان براوە دەكات.
PM:04:29:04/09/2024
ئهم بابهته 1276
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی