بۆ دژایەتی گەندەڵی، پێویستمان بە ئیرادەیە..

‌رێبین عومەر ‎

وتەیەكی سەرۆك كۆماری گەلی چین شی جی پینگ بیردێنمەوە لە بارەی رووبەڕووبونەوەی و بنبڕکردنی گەندەڵی" رێنمای بنەڕەتی بۆ بەربەرەكانی گەندەڵی و ستراتیژی سەرەكی بۆ بەهێزكردنی خۆبەڕێوبردنی حزبی لەسەردەمی نوێدا، بریتییە لە دڵنیابوون لە بەرپرسانمان كە نەوێرن و نەتوانن و نەیانەوێت گەندەڵبن".

ئەم سەرۆكە وڵاتی چینی لەوە پاراست كە گەندەڵی لێببووە كلتورو بەشێك لە ژیانی تاكەكەسی لەو كۆمەڵگەیە بە تایبەت بەرپرسە حزبییەكان، بە توندی رووبەڕووی گەندەڵی وەستایەوە، هەڵمەتێكی بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی لە وڵاتەكەی بەناوی ( پڵنگەكان و مێشەكان) راگەیاند.

لە چوار چێوەی ئەو هەڵمەتەدا زیاتری لە یەک ملیۆن لێپرسراوی حكومی و حزبی و كادیرانی حزبی لە كۆی نەوەد ملیۆن ئەندام لێپێچینەوەیان لەگەڵ كرا، لە پۆست و پلە داماڵێنران و سزا دران؛ ئیتر بە زیندانی هەتاهەتایی بێت یان لە سێدارەدان و دەستگرتنی بەسەر سەروەت و سامانەكانیان كە بەشێوەیەكی ناقانونی پەیدایان كردبوو.

لەو چوار چێوەیەدا سەدان ملیۆن دۆلار سامانی گشتی كە بە نایاسایی چوبوونە دەرەوە گەڕێنرانەوە بۆ داهاتی گشتی وڵات.
(شی جی پینگ) بەهۆی ئەوەی دژی گەندەڵی وەستایەوە لەناو پارتی كۆمۆنیستی چینی و خەڵك پێگەی خۆی بەهێزتركرد زیاتریش خۆشەویستر بوو.

لە ساڵی 2018 لە كۆنگرەی 19 هەمینی حزبەكەیدا بەشێكی زۆری بیروباوەڕەكانی خۆی بە قانونی كردو چونە چوارچێوەی دەستوری حزبەكەیەوە.

گەندەڵی لێرە كلتورە..

بەهۆی ئەوەی دەستێكی پۆڵاین نییە؛ بۆ بەگژاچونەوەی گەندەڵی،  هەم لەعێراق و هەرێم گەندەڵی بۆتە كلتور؛ ئەوەی نەیكات وەك گەمژەیەک دەبینرێت.

گەندەڵی و گەندەڵ بوون؛ ئەم وڵاتەی بە خۆیەوە گیرۆدەكردووە، پێویستی بە سەرۆک و رێبەرێكی پاك و بەئیرادە هەیە كە بتوانێ بەگژی  ئەم شێرپەنجەیەدا بچێتەوە..!

جار جار ئیرادەیەك دروست دەبێت؛ بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی سەرۆک شی جی پینگ.

بەهۆی گەندەڵی و بەفراوانی ئەم شێرپەنجە ناتوانرێت حاكمیەتێكی رەشید دروستبێت.

سیاسەتی درۆ و دراو و قاچاخچێتی و تێرنەبوون و دادۆشینی سامانی گشتی  گەورەترین گرفتەكانن كە دەبێت بیری لێبكرێتەوە بۆ ئەوەی دژی بوەستینەوە؛ پڕۆژەی بایۆمەتری لەو چوار چێوەیەدا بوو كە سەرەتای دروستبوونی ئەو ئیرادەیەبوو كە تێیدا لەرێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەست بۆ مشەخۆری براو زۆر دەست بڕدران.

بەگشتی دەبوو كورد لە هەرێم سودی زیاتری لە ئەزمونی حكومڕانی چین وەرگرتایەو هەم لەروی حزبی و هەم لەروی دەوڵەتداری و بەرەوپێشچونی بواری بەرهەم هێنان و  بازرگانی و پیشەسازی.

ئەو ئەزمونەی بە بنچینەی پێشكەوتن وەربگرتایە.
پێویستمان بەشی جینپینگ-ە، تا نیقمەتی وڵات بكاتە نیعمەت و گەلان لەم وڵاتە لە نەهاتی و پەتای گەندەڵی رزگاربكات .


AM:11:18:24/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 1008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی