پارێزەرانی کۆمار- تەنها سوپایەکی بێ لایەن دەتوانێت دیموکراسی ئەمریکا بپارێزێت

‌ئالان عەتوف

گۆڤاری فۆرن ئەفێرز
لە ئینگلزیەوە: ئالان عەتوف
دامەزراوە ناوەندییەکانی دیموکراسی ئەمریکا لەژێر هەڕەشەدان لە کاتێکدا قووڵبونەوەی ناکۆکییەکان و سیاسەتکردنی ژەهراوی خەریکە واشنتۆن پەک دەخات و دووبەرەکی ناو کۆمەڵگە زیاد دەکات. سوپای ئەمریکاش لەم هەڕەشەیە بێ بەری نییە. ئیتیکی بێ لایەنی (nonpartisan ethic)ی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک لە ژێر مەترسیدایە و دەستگرتن بەم بێ لایەنییەشەوە بۆ مانەوەی ئەمریکا بنەڕەتییە.

هەرچەندە باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا غەمی ئەوەیان بوو کە سوپایەکی گەورەی پایەدار لە کاتی ئاشتیدا مەترسی لەسەر ئازادییەکان دروستدەکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سوپای ئەمڕۆی ئەمریکا زیاتر پارێزەری دیموکراسییە نەک هەڕەشە بێت لەسەری. هۆکاری ئەمەش ئیتکی دیسپلینکراو و پەیڕەوی بێلایەنیی ئەم دامەزراوە سەربازیەیە.

بەدرێژایی سەدەکان، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا پابەندبوونیان بە (بێلایەنی)یەوە لە سوپای ئەمریکادا چەسپاندووە بۆ پشتگیریکردن و بەرگریکردن لە نەک تەنها لە شەخسێک یان حیزبێک بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە خودی دەستووری ئەمریکا. ئەم پابەندبوونە بە بێلایەنییەوە کە لە سوێندخواردنی فەرمیی هەر ئەفسەرێکدا بەرجەستە بووە، وا دەکات سوپای ئەمریکا سوپایەکی ناوازە بێت.

هەروەها توندترین هەڕەشەکان لەسەر کۆمار، چ یاخیبوون بێت یان شەڕی ناوخۆ، پەک دەخات. بەو پێیەی سوپای ئەمریکا بەکارهێنانی هێزی لەنێو سنوورەکانی وڵاتدا بۆ خۆی قۆرخ کردووە، دەبێت حاکمی هەر ویلایەتێک یان هەر گروپێکی چەکداری دووجار بیر بکاتەوە ئەگەر نیازی هەڵگرتنی چەکی هەبێت بۆ لەت لەت کردنی وڵات.

زۆرێک لە شرۆڤەکاران هەردوو ووشەی "بێلایەنی" و "ناسیاسی" وەک هاوواتای یەک بەکار دەهێنن، بەڵام ئەم دوو ووشەیە هاوواتا نین. ئەفسەرانی سەربازی ئەمریکا مەرج نییە "ناسیاسی" بن. ئەوان وەک هاووڵاتی مافی دەنگدان و ئەندامبوونیان لە حیزبێک و پارە بەخشین بە کاندیدی دڵخوازی خۆیان هەیە.

بەڵام لە ژیانی پیشەیی خۆیاندا پابەندن بە بێلایەنی. بۆچوونی سیاسییان هەرچییەک بێت، جا دەنگیان بە سەرۆکی ووڵات (فەرماندەی گشتی) دابێت یان نا، پێویستە لەسەریان باشترین ئامۆژگاری سەربازیی پیشەیی خۆیان پێشەکەش بە سەرۆکی وڵات و (ئەو بەرپرسە مەدەنیانەش بکەن کە سەرۆک دایمەزراندوون). دەبێت فەرمانی یاسایی جێبەجێ بکەن، تەنانەت گەر پێشیان وابێت ئەو فەرمانانە هەڵەن. ئەم ئیتیکی بێلایەنییە لەناو تۆڕێکی چڕی یاسا و رێسا و پەیڕە و نۆرمەکاندا چەسپیوە و لەناو چەندین نەوەدا تواونەتەوە.

بەڵام ئەم پەیڕەوی بێلایەنییە جێگیر نییە. لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا لەگەڵ قووڵبوونەوەی دووبەرەکییە حیزبییەکاندا، سەرکردە سیاسییەکانی هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆمارییەکان، زیاتر و زیاتر دامەزراوەی سەربازییان بۆ قازانجی سیاسیی خۆیان بەکارهێناوە. ئەوان خۆیان وەک پاڵەوانی سەربازی پیشانداوە و ئەفسەرانی پێشووی سوپایان لە هەڵمەتە سیاسییەکانیاندا بەکارهێناوە ئەفسەرانی خانەنشینیان هانداوە کە بە ئاشکرا لەسەر پرسە حیزبییەکان قسە بکەن. ئەم جۆرە کردەوانە کە بەرەو ئەوە دەچن زیاتر ببنە باو، ئیتیکی بێلایەنی سەربازی دەشێوینن و دەبنە هەڕەشە لەسەر توانستی ئەم دامەزراوەیە بۆ گێڕانی رۆڵێکی جەوهەری لە کۆمەڵگەدا.

دەستەی کەشیشی چەکدار
ئیتیکی پیشەیی بێلایەنی سوپای ئەمریکا بە درێژایی چەند سەدەیەک پەرەی سەندووە. لەرێی خوێندەوەوە ئاگاداری ئۆلیڤەر کرۆموێڵ بوون کە لە ١٦٥٣ سوپای بەریتانیای بەکارهێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەریتانیا و هەر چەند دەیەیەک دوای ئەوە [ئەمریکا] شکستی بە هەمان سوپا هێنا، دامەزرێنەرانی ئەمریکا دەیانزانی کە "زۆرجار ستەمکاران هەمان جلوبەرگ دەپۆشن"، کە ئەم ووتەیەش ئاماژەیەکی مێژوونووسی سەربازی ئیلیۆت کۆهینە. بەم شێوەیە دوای ئەوەی سوپای کێشوەریی سەربەخۆیی بۆ ئەمریکا بەدەست هێنا، ئیدی هەڵوەشێنرایەوە.

کاتێک دامەزرێنەرانی ئەمریکا سیستەمی سیاسی (چاودێری و هاوسەنگی – check and balances)یان دروستکرد، هەمان بنەمای سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر سوپادا پەیڕەو کرد. لەپێناو ئەوەی دەسەڵاتی مەدەنی بەسەر سەربازیدا و یەکێتی فەرماندەییەکان لەناو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا مسۆگەر بکەن، بڕگەی دووەم لە ماددەی دووەمی دەستووری ئەمریکا سەرۆک کۆمار وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەستنیشان دەکات. بەڵام بڕگەی هەشت لە ماددەی دووەمی دەستوور مافی حەسری بە دەسەڵاتی یاسادادان دەدات کە جەنگ رابگەیەنێت و داوای سەربازی زیاتر بکات و کۆمەکی بۆ دابین بکات و هێزی دەریایی ئیدامە پێ بدات.

ئەو یاسایەی کۆنگرێس کە لە ١٧٨٩ دا هێزێکی سەربازی ‌هەمیشەیی هێنایە ئاراوە بناغەی ئیتیکی پیشەییی بێلایەنی [سوپای] دانا. رێکارەکانی بۆ دروستکردنی سوپایەکی جێگیر دیاریکرد و هەستا بە خستنەڕووی سوێندێکی یاسایی کە هەموو ئەفسەرێک پابەند دەکات بە "پشتیوانیکردن لە دەستوور".

بە درێژایی سەدەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا رووبەڕووی هەڕەشەی نوێ بوەوە، ئەو سوێندە یاساییە پەرەی سەند کە رەنگدانەوەی فراوانبوونی بەرپرسیارێتی هێزە چەکدارەکان بوو – لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا دەستەواژەی وەک "لە دژی هەموو دوژمنان، بیانی بێت یان ناوخۆیی" بۆ زیاد کرا بۆ داننان بە رۆڵی سوپادا لە پاراستنی یەکێتی [ویلایەتە یەکگرتووەکاندا].

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ڕیزەکانی سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو، چونکە ئەمریکا دەستی کرد بە جەنگی زیاتر لەناو دەریا دژی وڵاتانی بەهێزی دیکە.

دوای ئەوەی مینێک کەشتیی (USS Maine)ی لە بەندەری هاڤانا لە ساڵی ١٨٩٨ نوقم کرد و ٢٦٦ ئەمریکی کوژران، سەرۆک ویلیام مەکینلی جەنگی دژی ئیسپانیا ڕاگەیاند.

کاتێک ئەوروپا کەوتە ناو جەنگی جیهانی یەکەمەوە، سەرۆک وودرو ویلسۆن سێ ملیۆن سەربازی خڕکردەوە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتانی هاوپەیمان. وە دوای هێرشەکەی سەر پیرل هاربەر، سەرۆک فرانکلین ڕۆزڤێڵت ١٢ ملیۆن سەربازی کۆکردەوە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ژاپۆن و ئەنجامدانی شەڕێکی مێژوویی دژی ئەڵمانیای نازی.
 
پێکهێنانی ناتۆ و هاوپەیمانییەکانی دیکە کە بەهۆی تۆڕێک لە بنکەی سەربازییەوە لە نزیک هەموو کیشوەرێکدا بەهێزکرابوون، پێگەی ئەمریکای وەک زلهێزێکی جیهانی چەسپاند کە بەرژەوەندی لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو و بەرگریکردن لێیان پێویستی بە سوپایەک هەبوو کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی پیشان بدات. لە ساڵی ١٩٤١ەوە سوپای ئەمریکا هەرگیز کەمتر لە یەک ملیۆن سەربازی چالاکی نەبووە.

لەگەڵ گەشەکردنی سوپای ئەمریکا بۆ ٢٠٠٠ هێندەی قەبارەی سەرەتایی خۆی، سەرکردە ژیرەکانی ئەمریکا هەوڵیاندا ئەو مەترسیانە کەم بکەنەوە کە دامەزرێنەرانی ئەمریکای نیگەران کردبوو، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی (ئیتیکێکی دیسپلینکراو و رەگداکوتراوی قووڵی بێلایەنی)یەوە.

هەروەها هەوڵە یاسایی و دامەزراوەییەکان بەشداریی سوپایان لە کاروباری ناوخۆییدا سنووردارکرد، و دەسەڵاتی سوپایان لە سەرکردە مەدەنییەکانیان جیاکردەوە و چالاکی حیزبیی تایبەتیان بۆ سوپا قەدەغەکرد. بۆ نموونە یاسای (Posse Comitatus)ی ساڵی ١٨٧٨، سوپای ئەمریکای قەدەغەکرد لەوەی بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس یا سەرۆک یاسا مەدەنییەکان جێبەجێ بکات. یاسا و هەنگاوە کارگێڕییەکانی دواتر یاسای (Posse Comitatus)یان درێژکردەوە بۆ ئەوەی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی و مارینزی ئەمریکاش بگرێتەوە.

لە ١٩٣٩ دا لەگەڵ فراوانبوونی دیمەنی جەنگی جیهانی دووەمدا، کۆنگریش یاسای (Hatch)ی پەسەند کرد – کە پارچە یاسایەکی ناوەندییە و هەموو چالاکییەکی حزبی فەرمانبەرانی فیدراڵی رێکدەخات – و ئەفسەرانی سەربازی قەدەغە دەکات لەوەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و بەشداری چالاکییە حزبییەکان بکەن لە کاتێکدا بەرگی سەربازیان لەبەردا بێت و لە ئەرکدا بن. ژەنەراڵ جۆرج مارشاڵ، کە لە ١٩٣٩ دا بوو بە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، سیمبولی ئیسۆسی مۆدێرنی بێ لایەنییە و قسەی بۆ ئەفسەرەکانی دەکرد و دەیوت "ئێمە بە تەواوەتی تەرخانین، هەر بە راستی وەک ئەندامانی دەستەی کەشیشی واین کە تاکە ئامانجیان بەرگریکردنە لە کۆمار".

دوای جەنگی جیهانی دووەم، سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا پێداچوونەوەیەکی بەرفراوانیان بە دامەزراوەکانی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتدا کرد. بەرهەمەکەی دەرکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانی ساڵی ١٩٤٧ بوو کە وەزارەتی بەرگری دامەزراند و بەرپرسیارێتی جیاوازی بۆ سەرکردە مەدەنی و سەربازییەکان دروستکرد و یارمەتی دەر بوو بۆ روونکردنەوەی سنووری دەسەڵاتی ئەو ئەفسەرانەی کە لە ئەرکدان. بۆ نموونە لە یاساکەدا هاتووە کە وەزیری بەرگری پێویستە "لە ژیانی مەدەنییەوە دەستنیشان بکرێت" و وەک "یاریدەدەری سەرەکی سەرۆک لە هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی" خزمەت بکات.

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش دەبوو وەک "راوێژکاری سەربازی سەرەکی سەرۆک و وەزیری بەرگری" خزمەت بکەن. لە ساڵی ١٩٨٦دا، یاسای (گۆڵد واتەر-نیکۆڵز) ڕۆڵی ئەفسەرانی سەربازی زیاتر پاڵاوتە کرد- بۆ نموونە، بە فەرمی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش لە زنجیرەی فەرماندەییەکان دوورخستەوە.

سیاسەت و پەیڕەوەکان کە لەم بناغە یاساییەوە سەرچاوە دەگرن، پابەندبوونی بێلایەنی سەربازییان بەهێزتر کردووە.

(پەیڕەوی یەکگرتووی دادپەروەری سەربازی) کە بنەمای یاسای سەربازی ئەمریکایە، ئەندامانی خزمەتی سەربازی قەدەغە دەکات کە "سووکایەتی بەرامبەر بە بەرپرسان" دەرببڕن، ئیدی بەرامبەر یاسادانەرانی پەرلەمانی ویلایەتەکانەوە بیگرە تا سەرۆک. ڕێنمایی و ڕێنماییەکانی وەزارەتی بەرگریش ئەندامانی ئەرکی سەربازی چالاک قەدەغە دەکەن بەشداری چالاکییە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بکەن، لەوانە بەشداریکردن لە بۆنە سیاسییەکان بە جلوبەرگی سەربازییەوە یان پشتگیریکردن و کۆکردنەوەی پارە بۆ دۆزی حزبایەتی. هەر خزمەتگوزارییەکی سەربازی ئەکادیمیای خۆی هەیە کە ئەفسەرەکان نەک تەنها ستراتیژ و تاکتیک و فەرمانەکانی سەرکردایەتی لە هەر پلەیەکدا بێت دەخوێنن بەڵکو بەرپرسیارێتی پیشەییش فێردەکرێن.

ئەوان فێر دەبن کە بۆ ئەوەی هێزەکەیان باشترین بێت، ئەفسەرەکان دەبێت بە پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندندا بڕۆن کە بێلایەنیان بسەلمێنێت ئنجا پلەیان بەرزدەکرێتەوە- و هەروەها دەبێت لەسەر بنەمای ئەدای باش بێت، نەک پشتیوانی سیاسی. کاندیدکردن بۆ باڵاترین پۆستەکان- لە فەرماندە جەنگییەکانەوە بیگرە تا سەرۆکی دەستەی سەرۆکەکانی ئەرکانی هاوبەش- دەبێت لەلایەن لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانەوە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و پێشنیار بکرێت و لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند بکرێت.

هەرچەندە متمانەی خەڵک بە گشتی بە سوپا لە ساڵانی ڕابردوودا کەمێک دابەزیوە، بەڵام تا ئێستاش وەک متمانەپێکراوترین دامەزراوەی حکومەتی ئەمریکا دەمێنێتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠٢٢ی دەزگای گالۆپ، لەسەدا ٦٤ی ئەمریکییەکان "بڕێکی زۆر" یان "تەواو" متمانەیان بە سوپا هەیە- بە بەراورد لەگەڵ لەسەدا ٢٣ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و تەنها لەسەدا حەوت بۆ کۆنگرێس.
بوێرییەکی تاقیکراوە

وەک هەندێک لە شرۆڤەکاران و ئەندامانی میدیاکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمریکا بەهۆی چالاکیی حزبیی کارمەندانی سەربازییەوە تووشی قەیران نەبووەتەوە لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازییدا، هەرچەندە هەڕەشەی جددی لەسەر بێلایەنی سەربازی هەیە، بەڵام ئەم هەڕەشانە لە ئەندامانی خزمەتگوزاری ئەرکی چالاکەوە نەهاتوون. لە راستیدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ حاڵەتێکی تاقیکردنەوەی توند بوو. سوپای ئەمریکا نەک هەر بەرگەی فشارەکانی گرت و کاری خۆی کرد؛ بەڵکو بەهێزتر دەرکەوت و تەنانەت زیاتر پابەند بوو بە پاراستنی ڕۆڵی بێلایەنانەی ناوازەی خۆی.

ئەگەر ئەمڕۆ یان لە خولی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا بە تاقیکردنەوەیەکی هاوشێوەدا ببرێت، دڵنیاین کە جارێکی دیکە دەردەچێت.

لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەشێک لە ئەندامانی میدیاکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە، لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا، سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دەسەڵاتی دەستووری خۆی تێپەڕاندووە.

لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١دا، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش مارک میلی بووە بابەتی مشتومڕ بەهۆی ئەنجامدانی کۆنفرانسکۆڵێکەوە کە لە مانگی یەکی ٢٠٢١دا لەگەڵ ئەفسەرانی سەنتەری فەرماندەیی سەربازی نیشتمانی ئەنجامی دابوو. دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بۆب وودوارد و ڕۆبەرت کۆستا ئەو کۆبوونەوە تەلەفونیەیان بە بەشێک لە پلانێکی نهێنی وەسفکرد بۆ ئەوەی سەرۆک کۆنترۆڵ بکەن گەر هاتوو " نائاساییانە" هەڵسوکەوتی کرد و فەرمانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەرکرد، بەڵام سیاسەتمەدار و شرۆڤەکارانی راستڕەو سەرۆکی ئەرکانیان تۆمەتبار کرد بە سەرپێچی کردن و تەنانەت داوایان کرد داوانامەی یاسایی لە دژی تۆمار بکرێت.

لە واقیعدا سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش دەسەڵاتی ئاراستەکردنی هێزەکانی ئەمریکای نییە - و وا خۆشی نیشان نەدا کە لەم حاڵەتەدا دەسەڵاتی هەیە. وەک بەڵگەی لێکۆڵینەوەکان دواتر بە ڕوونی پیشانی دەدەن، ئەو تەلەفونە تەنیا مەبەست لێی زاخاودانی ئەفسەرەکان بووە لەسەر ڕێکارەکانی ئەنجامدانی تەقاندنی چەکی ئەتۆمی - ڕێکارەکان بە بەردەوامی پراکتیزە دەکرێن بۆ ئیدامەدان بە سیستەمێکی ئەتۆمی متمانەپێکراو کە لە ژێر هەموو بارودۆخێکدا بژاردەی ئەتۆمی گونجاو دەدات بە سەرۆک. فەرماندە جەنگییەکان دەبێت هەموو ڕۆژێک ئامادەبن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆک و پێداچوونەوەی بەردەوامی رێکارەکان بەشێکی سەرەکییە لە کاری سەرۆک دەستەی ئەرکانی هاوبەش.

ریوایەتی دووەم کە لە نێو بەشێک لە شرۆڤەکاران و میدیاکاندا جێی خۆی گرتووە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بێلایەنی سەربازی و پەیوەندییە مەدەنی- سەربازییەکان لە قەیراندان لەبەرئەوەی ئەفسەرە سەربازییەکان باڵادەستی مەدەنییان تێکداوە. وەک ڕیسا بروکس و جیم گۆڵبی و هایدی ئۆربن لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرز باسیان کردووە، ئەفسەرانی سەربازی "ڕۆڵیان هەبووە لە تێکدانی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی مەدەنی"دا- بۆ نموونە بەهۆی دەستێوەردان لە بڕیارەکا سیاسەکان و جێگرتنەوەی بەرپرسە مەدەنییەکان بە بەرپرسی سەربازی.

دیارترین حاڵەتەکان کە ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە ئاماژەی پێدەکەن، دانانی دوو ژەنەراڵی خانەنشینکراو (جیم ماتیس و لۆید ئۆستین)ن وەک وەزیری بەرگری.

بەپێی یاسا، ئەفسەرانی پێشووی سەربازی پێویستە حەوت ساڵ چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی وەک وەزیری بەرگری دەستبەکاربن. بەڵام کۆنگرێس مافی خۆیەتی لە بارودۆخی ناوازەدا هەڵاوێرد بکات- وەک چۆن بۆ ماتیس و ئۆستین کردیان.

بەڵام بەردەوامیدان بەم حاڵەتی هەڵاوێردکردنانە مەترسی ئەوە دروست دەکات کە (نۆرمەکانی بێلایەنی) لەناو ببات و تەنانەت ڕەنگە ئەفسەرانی ئێستا هان بدات بۆ ئەوەی "ئامۆژگاری سەربازی رەنگاورەنگ پێشکەش بکەن [مەبەست لێی بەلای رەنگی حزبێکدا بیشکێننەوە -و-]" یان تێوەبگلێن لە ڕەفتارێکی حزبیدا بە مەبەستی وەرگرتنی پۆستێک لە داهاتوودا، هەر وەک شرۆڤەکاری سەربازی کایتلین تالمادج باسی کردووە.

بەڵام هەردوو ماتیس و ئۆستین حاڵەتێکی زۆر نائاسایی بوون. پرسێکی جددیتر کە لەلایەن بروکس و گۆڵبی و ئۆربنەوە وروژێنراوە، پەیوەندی بە کاریگەریی ڕێژەیی ستافی ئەرکانی هاوبەش و ستافی مەدەنی ئۆفیسی وەزیری بەرگرییەوە هەیە.

بە دڵنیاییەوە ستافی ئەرکانی هاوبەش خەزنەیەکی پڕبەهرەیە و پرسی "یەکسانی دامەزراوەیی"، وەک بروکس و گۆڵبی و ئۆربن دەڵێن، مشتومڕێکە شایەنی ئەوەیە هەبێت. بەڵام ئەوە زەمینەیەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین سەرۆکی وڵات یان وەزیری بەرگری کۆنترۆڵی سەربازی لەدەستداوە.

ریوایەتی سێیەم دەربارەی دزەکردنی (لایەنگیریی) یا حزبایەتییە بە خشکەیی بۆ ناو ڕیزەکانی سوپا پێی وایە کە سوپا تووشی توندڕەوی سیاسی بووە، ئەمەش بۆچوونی "رەوتی بەئاگاهاتنەوە - wokeism" و شارەزایانی بەرەی ڕاست و بەرەی ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەوی توند و شارەزایانی چەپە. ئەم جۆرە ئیدیعایانە زۆربەیان درۆ و دەلەسەن.

ئەم سوپایە ساڵانە نزیکەی ١٥٠ هەزار ئەندامی نوێ وەردەگرێت. ئەم ئەندامانە لە هەمووسووچێکی کۆمەڵگەی ئەمریکاوە دێن بەو بۆچوونانەیانەوە کە لە ماڵەکانیان و ئامادەیی و کۆلێژدا لە سەرانسەری وڵات هەیانبووە. بەڵام هەستی توندڕەوی لە نێوان ئەندامانی خزمەتی سەربازیدا تاڕادەیەک دەگمەنە- کە وەک شرۆڤەکاری بواری بەرگری کۆری شاکە باسی کردووە و ئەوەش نیشانەی "ڕێزلێنانێکە بۆ بەهێزی پیشەیی بوونی سوپای ئەمریکا."

هەڕەشەکان لە سەر بێلایەنی
مەترسی سەرەکی لەسەر ئیتیکی بێلایەنی سەربازی لە ناو هێزە چەکدارەکانەوە نایەت بەڵکو لە سەرکردە سیاسییەکان خۆیانەوە دێت کە بەدوای قازانجی شەخسیدا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی بکەنەوە لەسەر دیموکراسی ئەمریکا. لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتمەدارانی هەردوو حزبەکە زیاتر هەوڵیان داوە متمانەی خەڵک بەهۆی بەکارهێنانی سوپاوە بقۆزنەوە بە هەوڵدان بۆ تێوەپێچانی خۆیان لە سوپا و هاندانی ئەفسەرانی پێشوو بۆ قسەکردنی ئاشکرا لەسەر پرسە حزبییەکان. ئەم ڕەفتارە سەرلێشێواوی لەبارەی ڕۆڵی سوپاوە دەچێنێت و تێڕوانینی خەڵک بۆ بێلایەنیی سوپا لاواز دەکات. هەرچەندە ئەم ڕەوتە هێشتا ئەوە نیشان نادات کە سوپا بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە لەگەڵ ئەرکە دەستوورییەکانیدا ناتەبا بێت، بەڵام ڕوونە بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە دەڕوات.

ئەم جۆرە ڕەفتارە زیانبەخشانە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ١٩٩٢، کاتێک سەرۆکێکی پێشووی ئەرکانی هاوبەش پشتگیری لە بیل کلینتۆن کرد- و دواتر وەک خەڵاتێک پۆستی باڵیۆزی ئەمریکای لە بەریتانیا پێدرا. بەم شێوەیە لە کاتی هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکانی سەرۆکایەتیدا کێبڕکێیەک دەستی پێکرد بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین پشتگیری لە ئەفسەرە سەربازییە خانەنشینەکانەوە. لە ساڵی ٢٠٠٠دا جۆرج بوش، کە بە ئاستەم لە ئال گۆری بردەوە، پشتگیری شەخسی زیاتر لە ٨٠ ئەفسەری خانەنشینەوە بەدەستهێنا، لەنێویاندا ژەنەڕاڵێک کە تا دوو مانگ پێش پشتگیریکردنی بوش وەک فەرماندەیەکی شەڕکەر کاری کردبوو. لە پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٤، ١٢ ئەفسەری پێشووی سەربازی پشتگیریان لە جۆن کێری کرد لەسەر شانۆ لە کۆنفرانسی نیشتمانی دیموکراتەکاندا- ئەو بۆنەیە هاوکات وتارێکی سەرۆکێکی پێشووی سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی تێدابوو.

بە نزیکەیی لەو کاتەوە لە هەموو کۆنفرانسێکی کاندیدکردنەکانی هەردوو حزبدا، ئەفسەرانی خانەنشینکراوی سەربازی پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدێک بە ئاشکرایی پیشان داوە، و ئەوانەشی دەنگ بەرزتریان بوون پۆستی دیاریان لە ئیدارەی کاندیدی براوەدا وەرگرتووە.

سەرکردە سیاسییەکان زیاتر و زیاتر ئەفسەرانی چالاک ناو ئەرکیان وەکو ئامرازێک لە شوێنە نەگونجاوەکانی دیکەدا بەکارهێناوە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دوای ئەوەی پۆلیس خۆپیشاندەرانی لە گۆڕەپانی لافایێت لە واشنتۆن دی سی لابرد، کارمەندانی سوپا هاوشانی ترەمپ ڕۆیشتنە ناو کڵێسای سانت جۆن، ئەمەش ئەو هەستەی دروستکرد کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن سوپای ئەمریکاوە رێی پێدراوە.

ترەمپ بە تەنیا نەبوو لە بەکارهێنانی ئەفسەرانی سوپادا بۆ قازانجی سیاسی: لە فیلادلفیا لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، سەرۆک جۆ بایدن وتارێکی سیاسی پێشکەش کرد لە کاتێکدا ئەندامانی هێزی مارینز بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە پشتەوەی وەستابوون.

هەروەها کێشەی پەیوەندییەکانی نێوان راوێژکارانی مەدەنی و سەربازی زیاتر بووە. بۆ نموونە لە سەرەتای ئیدارەکەیدا لە ساڵی ٢٠٠٩، سەرۆک باراک ئۆباما بژاردەکانی خۆی لە ئەفغانستان رەچاوکرد، لەوانەش کەمکردنەوەی هەوڵە جەنگییەکان، هەروەک ئەوەی جێگری سەرۆکی ئەوکات بایدن بانگەشە بۆ دەکرد. لە بەرامبەردا چەندین ڕاوێژکاری سەربازی کە بە توندی دژی ئەم بژاردەیە بوون، دۆسیەکەیان بە ئاشکرا بۆ رای گشتی خستەڕوو، ئەمەش وایکرد ستافی کۆشکی سپی هەست بەوە بکەن کە سەرۆک "دەورە دراوە"  لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە. وەک وەزیری بەرگری ئەوکاتە بۆب گەیتس لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت، یەکێک لە نزیکترین ڕاوێژکارەکانی ئۆباما هەموو ڕۆژێک دەیگوت کە "ناتوانرێت متمانە بە سوپا بکرێت".

ئەم مەیلانە بوونەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک پێشهاتی بێزارکەر، لەوانە ژەنەراڵێکی خانەنشینکراو لە ساڵی ٢٠٢٠دا پێشنیاری کرد کە سوپای ئەمریکا بەکاربهێنرێت بۆ دەست گرتن بەسەر سندوقەکانی دەنگدان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵە، هەروەها ١٢٤ ژەنەڕاڵ و دەریاوانی خانەنشین لە ساڵی ٢٠٢١دا نامەیەکیان واژۆ کرد و گومانیان لە شیاویی بایدن کرد بۆ دەسەڵات گرتنە دەست.

وەک لە ڕاپرسیەکی دەزگای بەرگری نیشتمانی ڕیگان لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاماژەی پێکردووە، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی متمانەی گشتی بە سوپا، تێڕوانینێکە کە سەرکردەکانی سوپا بە سیاسی دەکرێن. ئەگەر هاوڵاتیان بێتو متمانەیان بە سوپا نەمێنێ یان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانیان سەیری بکەن، ئەوا دەزگای سەربازی نەک هەر زەحمەت دەبێت بۆی ئەندامی تازە دابمەزرێنێت کە پێویستی پێیەتی بۆ بەرگریکردن لە دوژمنە بیانییەکان بەڵکو پارێزەرێکی سەرەکی لە دژی پارچەپارچەبوونی یەکێتییەکەیان لە دەست دەدەن.

دامەزراوەیەکی مرۆیی
هەروەها جەوهەری بێلایەنی سوپاش بەرەوڕووی هێزی تێکدەریش دەبێتەوە کە ئێستا لە کۆمەڵگاکەماندا دەرکەوتوون. سوپا دواجار دامەزراوەیەکی مرۆییە- ملکەچی سەرکردەکان و لاوازییەکانیان و ئەو هێزە سیاسییانەشە کە دەیانهێننە پێشەوە. کاریگەری ئۆپەراسیۆنی و کاراکتەری بێلایەنی سوپا پەیوەستە بەو کارگوزارە مەدەنیانەی کە بەپرسیارانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بە سیستەمێکی دەستوری کە بە شێوەیەکی دروست کاردەکات و بە دەسەڵاتی مەدەنی شەرعی کە لە پێناویدا سوپا دڵسۆزی خۆی دوپات دەکاتەوە. هیچ کام لەم دووانە گەرەنتی نین؛ هەردووکیان پێویستیان بە تازەکردنەوەی بەردەوام هەیە.

ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەمریکییەکانی ناچار کردووە ئەو مەترسیانە لەبەرچاو بگرن کە سەرۆکێکیان بەنیازی بە سیاسیکردنی سوپایە. پرسیارەکەی لایان دروستبووە ئەوەیە کە ئایا سەرۆکێکی لەو شێوەیە دەتوانێت دەستکاری پرۆسەی دامەزراندنی بێ لایەنانە بکات لەپێناو ئەوەی سەرکردایەتی سەربازی بگۆڕێت بەوانەی کە دڵسۆزی حزبین؟ بەو پێیەی سەرۆک دەبێت هەموو پلەبەرزکردنەوەکانی کارمەندانی سەربازی بۆ پۆستی جەنەڕاڵ یان ئەفسەری سەربازی پەسەند بکات، سەرۆک ئیختیاری ئەوەشی هەیە کە هەر ژەنەراڵێک یان ئەفسەرێکی سەربازی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی چوار ئەستێرە کاندید بکات.

ئەگەر ئەنجومەنی پیران لەلایەن سەرکردەی هاوفیکرەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، سەرۆکیش رەنگە بتوانێت دڵسۆزەکانی خۆی لە هەموو پۆستە سەربازییە باڵاکاندا دابنێت. بەو پێیەی تەنها حەوت سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و 11 فەرماندەی جەنگیی هەن، دەتوانرێت پلە باڵاکانی سەربازییەکان بە لایەنگرانی حزبی پڕبکرێنەوە تەنانەت ئەگەر زۆرینەی ڕەهای ئەفسەرەکانی سوپا هاوبەشی بیروباوەڕی سیاسی سەرۆک نەبن. وە ئەگەر ئەو سەرکردە باڵا سەربازییانەی کە یەکەم دڵسۆزییان تەنها بۆ ئەو کەسە بێت کە دایمەزراندوون تاقیبکرێنەوە، وەک هەڵبژاردنی ٢٠٢٠دا رووی دا ، ئەوا بەڕاستی کۆمار دەشێت بکەوێتە مەترسییەوە.

یاسای یاخیبوون کە دەسەڵات دەداتە سەرۆک کۆمار بۆ بڵاوپێکردنی هێزی سەربازی چالاک لە ناوخۆدا لە حاڵەتی پشێوی مەدەنی و یاخیبووندا، دەشێت بە هەمان شێوە لەلایەن سەرۆکێکەوە بە نیازی خراپ بەکار بهێنرێت بۆ بە سیاسی کردنی سوپا. ئەم یاسایە لە ١٨٠٧ دا پەسەند کراو مەبەستی لێی ئەوە نەبوو کە سوپا بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی سیاسی ناوخۆیی.

سەرباری ئەوەش، دەسەڵاتێکی بەرچاو بە سەرۆک دەبەخشێت. تەنانەت پێش ئەوەی سەرۆکی وڵات داواکارییەکی لە ویلایەتێک لە ویلایەتەکانەوە پێ بگات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە مامەڵەکردن لەوەدا کە حاکمی ویلایەتەکە پێ وایە یاخیبوونە، سەرۆک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بەیاننامەیەک دەربکات کە فەرمان بە یاخیبووان بدات لە ماوەیەکی دیاریکراودا بڵاوەی لێ بکەن. ئەگەر پابەند نەبن، سەرۆک دەتوانێت فەرمانێکی کارگێڕی دەربکات بۆ ئەوەی هێزی سەربازی بجوڵێنێت.

هەرچەندە دەکرێت ئەو فەرمانە لەلایەن دادگاکانەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەڵام پێداچوونەوەکە زۆر ئەگەری هەیە دوای ئەوە رووبدات کە هێزەکان پێشتر جوڵێنرابن. بەم شێوەیە تەنانەت بە هەبوونی دامەزراوەی تەندروست و کارگوزاری گشتیی دڵسۆزیشەوە، سیستەمی دەستووری ئەمریکا لە بەردەم سەرۆکێکدا کە سوورە لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لاواز دەمێنێتەوە.

لە نێو سەختترین ئەو پرسیارانەی دامەزرێنەرانی ئەمریکا رووبەڕووی دەبوونەوە ئەوەبوو کە چۆن حکومەتێک دروست بکەن ئەوەندە بەهێز بێت کە ئەمریکییەکان بپارێزت و مافەکانیان مسۆگەر بکات بەڵام هێندەش بەهێز نەبێت کە مەترسی لەسەر ئازادییەکان دروست بکات. بۆ ئەم کارە، ئەوان ئەوەیان دروستکرد کە توێژەری بواری سەرۆکایەتی ئەمریکا ریچارد نۆستاد ناوی لێ ناوە حکومەتێک نەک تەنها خاوەنی دەسەڵاتە جیاجیاکانە بەڵکو "حکومەتی دامەزراوە جیاجیاکانە کە دەسەڵات هاوبەشی پێ دەکەن لە نێوانیاندا".

سەرۆک کۆمار وەک سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و فەرماندەی گشتی سەربازی بە دەسەڵاترین کەسە لە وڵاتدا. بەڵام لە هەموو بوارێکدا، ئەو دەسەڵاتە لە لایەن کۆنگرێسەوە (کە بە تەنها دەتوانێت جەنگ رابگەیەنێت و داهات کۆبکاتەوە) و دادگاکان (کە دەتوانن سەرۆکایەتی و کۆنگرێس رابگرن ئەگەر هەر کامێکیان دەستووریان پێشێل کرد).

پرۆسەی حوکمڕانی بۆ ئەوە نەهاتووەتە ئاراوە جوان بێت. هەر وەک (لویس براندیس)ی دادوەری دادگای باڵا جارێک دەڵێت ئامانجی دامەزرێنەرانی ئەمریکا "بەرەوپێشبردنی کارایی نەبوو بەڵكو رێگریکردن بوو لە بەکار‌هێنانی دەسەڵات بە هەڕەمەکی". سەرەڕای ئەوەش، دووبارە و چەندبارە و تەنانەت بە شێوەیەکی موعجیزەئاساش، دیزاینی دامەزرێنەرانی ئەمریکا بۆ حوکمڕانی توانای تازەبوونەوە و داهێنانەوەی نیشانداوە.

ئەمڕۆ ئەم سیستەمە سەرنجڕاکێشە بەهۆی کەمبوونەوەی متمنانە بە توانستی پێشکەشکردن و بەهۆی حزبایەتی توندڕەوانەوە مەترسییەکی جیدی لەسەرە.

لە راپرسییەکی کەناڵی ئێن بی سی ساڵی ٢٠٢٢دا دەرکەوتووە کە سێ لەسەر چواری ئەمریکییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان بەرەوە ئاراستەیەکی هەڵە دەڕوات. بە پێی راپرسییەکی ساڵی ٢٠٢٢ ی دەزگای پیو، نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆمارییەکان و زۆرینەی دیموکراتەکانی ئەندامانی حزبی بەرامبەریان وەک کەسی "زۆر نەخوازراو" تەماشا دەکەن.

لە راپرسییەکی ساڵی ٢٠٢١ی کەناڵی سی بی ئێس و یوگۆڤدا تێبینی ئەوە کراوە کە لەسەدا ٥٤ ی ئەمریکییەکان "خەڵکانی تری ناو وڵات" بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ووڵاتەکەیان دەبینن. لە کاتی قەیراندا، سوپای ئەمریکا وەڵامی دەسەڵاتێکی مەدەنی شەرعی دەداتەوە وەک لە سیستەمی دەستووری ئەمریکادا دەستنیشانکراوە. ئەگەر ئەو سیستەمی حوکمڕانییە بە ناشەرعی سەیر بکرێت، ئەوا وەلائی سوپا دەشێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەمەش رێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دروستبکات و میللەت بخاتە مەترسییەوە.

متمانەیەکی پیرۆز
هۆشدارییەکەی ئەبراهام لینکۆڵن لە ساڵی ١٨٥٨دا کە دەڵێت "ماڵێک کە لە دژی خۆی دابەش بوو چی ناتوانێت خۆی بگرێت" هێندەی کاتی سەروبەندی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا بۆ ئێستامان پەیوەندیدارە. ئەگەر کۆمەڵگەی ئەمریکا هێند بکەوێتە جەمسەرگیریەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ئامادەبن چەک لە دژی یەکتر هەڵبگرن، ئەوا ئەزموونی ئەمریکا لە خۆبەڕێوەبەریدا دواجار دەشێت شکست بهێنێت. خۆشبەختانە لە بنیاتنانی سوپایەکدا بۆ بەرگریکردن لە دوژمنانی بیانی، وڵات هێزێکی سەبازی وەهای دروستکردووە کە رۆچووەتە ناو بێلایەنییەوە و پابەندە بە بەرزڕاگرتنی دەستوور- سیفەتێکگەلێکن کە پارێزبەندییەکی ئەستوور دروستدەکەن لە بەرامبەر توندترین هەڕەشەکانی سەر دیموکراسی ئەمریکا.

بەڵام هەروەک چۆن دڵنیاین کە دامەزراوەکانی ئەمریکا بە دەستی مرۆڤ بنیات نراون، دەتوانرێت بەهۆی هەڵبژاردنی سەرکردە و لەلایەن هاوڵاتیانیشەوە تێکبچن. بۆیە یەکێک لە ئەرکە بەپەلەکان دووپاتکردنەوەی ناوەندییەتی بێلایەنیە لەناو سوپادا و دووبارە دامەزراندنەوەی ئەو ڕەفتارەیە کە پێویستە لە کارمەندانی سەربازیدا هەبێت، لەوانەش پەرەپێدانی ڕێنماییە بۆ ئەنجامدانی چالاکی سیاسی کاتێک ئەفسەرەکان خانەنشین دەبن.

خاڵی دەستپێکی بەهێز نامەیەکی ئەم دواییەی بڵاوکراوەی ١٣ وەزیری پێشووی بەرگری و سەرۆکەکانی ئەرکانی هاوبەشە و تێیدا بنەما یەکەمیەکانی کۆنترۆڵکردنی مەدەنی و باشترین پەیڕەوەکانی پەیوەندییە مەدەنی و سەربازی دەخاتە ڕوو. کارمەندانی ئەرکی سەربازی چالاک، ئەفسەرانی خانەنشین و سەرکردە سیاسییەکان دەبێ گرنگی سوپایەکی بێلایەن بۆ مانەوەی وڵاتەکە بەرز بنرخێنن، هەوڵبدەن بەرپەرچی ئەو هێزانە بدەنەوە کە هەڕەشە لە ئیسۆسی بێلایەنی سوپا دەکەن، و وەک بەرپرسیارێتی شەخسی خۆیانی بزانن کە لە چوارچێوەی نۆرمەکانی بێلایەنییدا مامەڵە بکەن. کاتێک ئەو نۆرمانە پێشێل دەکرێن، پێویستە سەرکردە سیاسییەکان و ئەندامانی میدیا رەخنە لە پێشیلکاران بگرن.

سەرکردە سیاسییەکان نابێت سوپا ڕابکێشنە ناو چالاکیی حزبییەوە. بەم کارە مەترسی ئەوە دروست دەکات کە قەڵایەکی جەوهەری لە دژی پارچەپارچەبوونی کۆمارەکە لەناو ببرێت. هەر وەک مارشال لێی تێگەیشتبوو، پاراستنی سوپایەکی بێلایەن بابەتی "متمانەیەکی پیرۆزە"- نەک تەنها بۆ ئەفسەرەکان بەڵکو بۆ سەرکردە سیاسییەکان و هاوڵاتیانیش، کە دەبێت گرنگی بە بناغەکانی دیموکراسی، و پاسەوانی بن دژی ئەو هێزانەی کە دەیانەوێ سەرکێشی بکەن بە تێکدانیەوە. پێویستە بە خۆڕاگری وڵات دڵنەوایی بدرێت، نەک بە لە خۆبایی بوون. لە غیابی سەرکردایەتیەکی بەرپرسیار و هاووڵاتیانی ئاگادار و بەشداردا، دەستوور پارچە کاغەزێکە کە بە تەنیا خۆی هیچ دەسەڵاتێکی نییە. هاوتا لەگەڵ سەرکردەی خاوەن پرەنسیپ و هاووڵاتیانی پابەنددا، دەستوور دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئیدامەپێدانی ئەزموونی دیموکراسی سەرنجڕاکێشی ئەمریکادا.

ئەم وتارە لەلایەن جۆزێف دەفۆرد جونیەر، گراهام ئەلیسن، جۆنا گلیک-ئەنتەرمان نووسراوە و لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرزی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.


AM:10:11:23/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 1920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی