بۆ خوێندکاران تەنها پیرۆزبایی بەس نییە

‌عومەر عەلى محەمەد

لە کاتێکدا کە زیاتر لە 122.15 خوێندکار بەشدارییان کردووە لە تاقیگرتنەوە گشتییەکانی پۆلی دوانزەدا، پێویست بوو کاتێک کە بەرپرسانی حکوومەت لە سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەرپرسەکانی تر پیرۆزباییان لە قوتابیە سەرکەوتووەکان کرد، تەنها بەوەندەوە نەوەستانایە، بەڵکو لە دوای ئەوەش ئەو قەیرانە گەورەیان ببینیایە کە ئێستا پرۆسەی پەروەردە تیایە ،بە تایبەتی ئەو دۆخە ناموارەی کە خوێندکار دوای تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆیان دروست دەبێت.

لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 2014 هەتا ئێستا کە دەکاتە دە ساڵ، دامەزراندن لە کەرتی حکومیدا وەستاوە، ساڵانەش نزیکەی 70000 خوێندکار لە زانکۆی حکوومی و ئەهلی خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام لە دوای تەواوکردنی خوێندن ئینجا خوێندکار دەکەوێتە بەردەم ڕەشبینی و ژیانی گولەمەرگی و سەر هەڵگرتن و هەندێک جاریش هەنگاونان بەرەو توندڕەوی و ماددە هۆشبەرەکان و تووش بوون بە نەخۆشی دەروونی.

لەو کاتەوە هەتا ئێستا تەنانەت ناتوانن سێ یەکەمەکەش دابمەزرێنن و بۆ ئەم مەبەستەش چەندان جار خۆپیشاندانیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا کردووە، بەڵام تائێستاش بێ وەڵامن.

بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت دەبووایە لەدوای پیرۆزباییان لە یەکەمەکان، پلانێکیان هەبووایە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانەی کە ئێستا بەرۆکی نزیکەی 700 هەزار خوێندکاری دەرچووی ساڵانی ڕابردووی گرتووەتەوە کە یان لە ماڵەوە بێکار دانیشتوون یان لە بوارێکی غەیری پسپۆڕیەکەی خۆیاندا کار دەکەن بە پارەیەکی کەم و ڕۆژانە تووشی سووکایەتی دەبنەوە لە لایەن خاوەن کارەکانەوە.

کەڵەکەبوونی ژمارەیەکی زۆری بێکاری لەنێو قوتابییاندا کە خوێندن تەواو دەکەن بەوەوە نەوەستاوە کە کاریگەری تەنها لەسەر خۆیان هەبێت، بەڵکو ئەم کاریگەریە لەسەر قوتابیانی هەموو قۆناغەکانی خوێندن دروست بووە، هەمووان دەپرسن ئەگەر چارەنووسی دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان بەو شێوە بێ کە ئێستا هەیە، ئیتر ئێمە بۆچی بخوێنین و گرنگی خوێندن لە چی دایە؟

لە هەرێمی کوردستاندا لە زۆر ڕوەوە شێوازی خوێندن و بواری پسپۆڕییەکان زیاتر لە 60 ساڵە هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆوە نەبینیوە، لەبەرئەوە ئەگەر سەرنج بدەین هەندێک کۆلیژی وەک کارگێڕی و ئابووری و زانستە مرۆییەکان لە ئێستادا لە عێراقدا داخراون و بەشێکیش لە زانستەکان ئەگەر قوتابی تەواویشی بکات نە حکومەت دایان دەمەزرێنێ و نە لە بازاڕدا کارێکی ئەوتۆی دەست دەکەوێت، لەبەر ئەوە خوێندن لەو بەشانەدا بێجگە لە بەفیڕۆدانی تەمەن هیچی تر نیە. 

کەواتە لێرەدا پێویستە کۆلیژو بەشەکان بە پێی پێویستی بازاڕ ڕێک بخرێنەوەو هەندێک کۆلیژ دابخرێن و هەندێکی نوێ بکرێنەوە.

لەبەر ئەوەی کە گەنجان گەورەترین سەرمایەی وڵاتن، ناکرێت بەو شێوەیە پشت گوێ بخرێن و بکەونە بەردەم قەدەرێکی نادیار، کەواتە پێویستە حوکمڕانان بیر لە مەترسی پەراوێزخستنی ئەم توێژە بکەنەوەو و بە پلانێکی ستراتیجی بیر لە گەشەپێدانی هەمەلایەنەو بەردەوامی هەرێم بکەنەوە، بەتایبەتی لە ڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازیەوە و لەم ڕێگەیەوە کەرتی تایبەت گەشە پێ بدەن و هەلی کار بڕخسێنن بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشەیەکی ئابووری باش دروست بکەن، چونکە ناکرێت گەورەترین سەرمایەی نیشتیمانی بێبەش بن لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان و تەنها بە پیرۆزبایی کردنێکی ڕوکەش بیانەوێت خوێندکاران ڕازی بکەن.


AM:09:07:23/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی