وەبەرهێنەری ساختەو دەنگدەری راستەقینە!

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

کۆی پرۆسەکانی هەڵبژاردن، بەردەوام ماکینەیەک بووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەر دەوڵەمەندتربێت و پەڕلەمانتار بێتە وەبەرهێنەرو سەرمایەدارو پاشای قاسەکانی، بۆیە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت و هیچ ئیزافەیەک ناکات.

دەبێت کۆی سیستمی پێدانی ئەرازی و پڕۆژەو یاساکانی مۆڵەتی وەبەرهێنان و تاپۆ و خزمەتگوزاریی گشتی سیتیەکان دووبارە هەموارو ڕێک بخرێتەوە چیتر چاوپۆشی نەکرێ لە پڕۆژەی لارو سەقەتی هەندێک وەبەرھێنی ماستاوچی بۆ گەندەڵی بەردەوام و ئیختیلاسی زەوی وزارو سپیکردنەوەی پارە، تاکەی ئەرزەو دۆنم داگیربکرێ بۆ قازانجی بەرتەسکی گروپێک مافیا، دەستکاری نەخشەو سایت پلانی شارێک بکرێ بەخاتری چەند کەسێک، زەوییە بۆش و گۆشەو سەوزاییەکان بکرێ بەشوقەو ڤێللا بۆ گیرفانی کۆمەڵێک وەبەرهێنی ساختە.

باشە پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕێکارە دیموکراسیەکان لە وڵاتێکی وادا کوا دەتوانێ یاساکانی حیزب و ئاستی مۆنۆپۆڵی سەرکردەو حاشیەکانیان کە ئەرزەچی و عەقاریست و وەبەرهێنەرو خودی دەستەکانی شارەوانی و وەبەرهێنانە بگۆڕێ لە ئالەتی شەڕو گەندەڵییەوە بۆ ئالەتی خزمەت و قازانج و چاکەی گشتی، بۆدەبێت ئەم بەهەدەردانە بەردەوام بێت؟

لە ناو بێئومێدیەکی سەختداین، تاکی هەژارو خاوەن کەرامەت هەردەبێ ڕابکات بەشوێن دۆزینەوەی ناوەکەی و کارتی دەنگدانەکەی تا هەرێم و وڵاتەکەی پارێزراوبێت لەدەستی یاسا فاشیەکانی دەوڵەتی مەرکەزیی و مەزهەبی و وەبەرهێن و کاندیدی ساختەش ڕاوی خۆی دەکات بۆ ماڵ و منداڵی تا سەفاو گەشتی خۆشتربکەن بەوڵاتانی دونیادا، ڤێلای جوانتر دروست بکەن لەسەر زەوی بەلاش، پارەی زۆرتر کریدیت بکەن لەدەرەوە (مخزون رصید الرأسمالیه‌) لە بانکە توکی و ئەوروپیەکان، ژیانیان زامن بکەن و ئایندەیان بۆ مسۆگەر بکەن بە پاسپۆرتی جیاواز جیاواز،دواتر گاڵتەشیان دێت بە پرۆسەکانی دەنگدان و دیموکراسیەت و شەهیدو مێژوو قوربانیەکانمان و ئینجا ڕێزلێگیراوترن لەسەدان و هەزاران تاکی قوربانیدەرو خاوەن ماف و نوسەرو ڕەخنەگر.

باشە یاساکانی وەبەرهێنان و چاودێریەکانی پەڕلەمان چیانکردوە بۆ ئەو نەزیفە ئابوری و نەوتی و زەویە بەهەدەردراوانە، چیان کردوە بۆ چینی هەژارو نەدار، بۆ هاوڵاتیانی ناو سیتیەکان کە بوونەتە قوربانی و دیل و بارمتە بەدەست وەبەرهێنەری تەماحکارو حاجی زمانلووسەوە کە خەریکی ڕووتانەوەی خەڵین، جێگای سەوزایی ناو سیتیەکانیان کردوە بە پەیمانگای ئەهلی، جێگای مەکتەبیان کردوە بە بەنزینخانەو بازاڕودوکان، شوێنی بنکەی تەندروستیان فرۆشتوە، سایتپلانی پڕۆژە بەدڵی خۆی بۆدەگۆڕن، زیادو کەم، لە کوێی دنیا ئەو فەزاحەتە عەقاری و ئەندازیاری و شارەوانیە هەیە؟

تاکەی خەڵک گیرۆدەی یاسا خێڵەکی و شەعبیەکانی ئاغای وەبەرهێن بێت و ملکەچی بێت و یاسای وەبەرهێنەران و حیزب و قوەتی پشتەوەی شانۆکە پشتگیری بکات نەک جارێ سەد جار، بەڤێللایەک و دوان و ڕەشوەی ئاشکرا زۆربەیان لەخێرو قازانجدان و ئیشیان ماشیە بەو میزان و تەرازوە، دەرگایان بۆکراوەیە، مۆڵەت دەفرۆشنەوە، پارەکەی بەش دەکەن وەک غەنیمە، شەوان پێدەکەنن و دەخۆنەوە، دوایی کاتێک ڕەش و ڕووت کەمپەینی بۆدەکەن و کەیسەکە دەبەنە دادگا، لەدادگا کەیسەکەی بۆ ڕادەگرن (غلق) دیسان مۆڵەتی تری ئەدەنەوە، دەی ئەمە سیستمی فیوداڵ و شوانکارەییەو بەهەڵبژاردن چارەسەرنابێ و ئەوپەڕەکەی هەڵبژاردن لەدواجاردا سەرۆک قائیمەکان دەکاتەوە بە وەبەرهێنێکی تر بۆسەر جەستەی هیلاکی ئەو میللەتە، بۆیە بانگەشەی گۆڕانکاری ڕیشەیی وڵات هەرگیز دروست نابێ بە قائیمەی گروپی کۆمپانیاکان و دەستلەپشدانی وەبەرهێنەر بۆ هەندێک کاندیدو کەسی شاعیرو خەیاڵ پەمەیی.

ئەوە سەدان جارە باری لاری وەبەرھێنەر ڕاست دەکەنەوەو خەڵک هەر بێدەنگەو ماوەیەکی تریش داوای دەنگ لەو خەڵکە دەکەن بۆ شەرعیەت و ئایندەی ئەم حوکمڕانیەو پێیان دەڵێن کارتی دەنگدانت نەبێ نەوت و بایعیەکەت دەبڕن و هەزار چیرۆک بۆ ترساندن.


PM:03:45:22/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی