ئاوڕ دانەوەیەک لەپێنج ساڵەی کابینەی نۆیەم

‌مستەفا قایتەوەنی

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەمەنی بووە پێنج ساڵ، خۆی لەحکومەتێکی خزمەتگوزاری،  ئاوەدانی و پڕ دەستکەوت و بەرنگاربونەوەی گەندەڵیدا دەبینێتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگ و گرفتانەی چ لەسەر ئاستی جیهان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی و هەرێمی ڕووبەڕووی ئەم کابینەیە بوەوە، تەمەنی کابینەی نۆیەم تەنها چەند مانگێک بوو ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک نەخۆشیەکی کوشندە جیهانی خستە سەر چۆک، حکومەتی هەرێم سەرەڕای سەختی باری سەرشانی و ئەو بارودۆخەی پێیدا تێپەڕی بەبێ بودجە و دارایەکی تۆکمە توانی بەرەنگاری ئەو پەتایە ببێتەوە، پاشان دابەزینی نرخی نەوت بووە ئاستەنگێکی دیکە لەبەردەم هەنگاوەکانی ئەم کابینەیەدا، چونکە نەوت تاکە داهاتی سەرەکی حکومەت بوو.

باسی پیلان، ڕێگری، گرفت دروستکردن و دەیان هەوڵی ناوخۆی و هەرێمی و ناوچەی ناکرێ، کەویستیان هەنگاوەکانی ئەم کابینەیە خاو بکەنەوە لەدرێژکردنی دەستی ئاوەدانی و خزمەتکردن بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێم، ئەگەر مرۆڤ بەچاوێکی پڕ لەویژدانەوە تەماشای حکومەت و هەوڵەکانی خودی سەرۆک وەزیران بکات، زۆر هەنگاوی گرنگ و پرۆژەی باس نەکراو دەبینی کە دەبوو ئەم هەنگاوانە بەکردەی دیکۆمێنت بکرانایە بەداخەوە نەکراون، لەوانە بە دیجیتاڵ کردن و کەمکردنەوەی کاغەزو ڕۆتین لەزۆر بواردا، ئەم هەنگاوە ستایش و پێزانین و دەستخۆشانەی زۆری دەوێ، کاتێکی زۆری بۆ هاوڵاتی گێڕاوەتەوە بەتایبەتی لەڕایکردنی کاروبارەکانیاندا مانگ، هەفتە و ڕۆژی کردۆتە کەمتر لەچەند کاتژمێرێک لەڕایکردنی کاروباری هاوڵاتی لە زۆربەی دام و دەزگاکانی دەوڵەت وەک دادنوسی، تاپۆ، خانوو بەرە، سیستەمی بەبانکی کردن، گرنگترین هەنگاویش سنووری کاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە، ئەم وەزارەتە بەڕووح و دینگەی هێز و بازووی حکومەت ناسراوە، هەنگاوەکانی ئەم وەزارەتە لە بەدیجیتاڵ بون و جێگیرکردنی کامێراکانی هاتوچۆ و چاودێری و چالاککردنی ئەو سیستەمە وزە و توانایەکی باشی بەخشیوەتە دامەزراوە ئەمنیەکانی حکومەت بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، هەروەها کەمکردنەوەی زیانە ماڵی و گیانییەکانی هاتوچۆ، ئەمەش بەگەورەترین دەستکەوت ئەژمار دەکرێت کەکڕینەوەی گیان و ڕووحی هاوڵاتیانە لەڕووداوەکانی هاتوچۆ، سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەش لەچاو ووڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە لە زۆر بواری جیاجیا لەپێشکەوتن و کەمکردنەوەی ڕۆتین، حکومەتی هەرێم لەزۆر بواردا هەنگاوی کردەی ناوە جێگای دەستخۆشی و پشتیوانیە، لەزۆر بواریشدا پێویستە هەنگاوەکانی خودی(مەسرور بارزانی)سەرۆک وەزیران لەتێوەریەوە بکرێتە پراکتیک هاوشێوەی وەزارەتی ناوخۆ پشتیوانی لەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران بکەن، ئەگەر بەچاوی ڕەخنە گرانەشەوە تەماشایی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بکەین، بێگومان بێ کەم و کورتی نیە و نابێت!

تەنها یەک دیمەن وەڵامی سەدان ڕەخنە دەدەنەوە ئەگەر ویژدان و چاو ئاوێتە بکەین دوو وێنەی کەسی پێش دەست بەکاربوونی ئەم کابینەیە و ئێستای خودی(مەسرور بارزانی) سەرۆک وەزیران لەماوەی ئەم پێنج ساڵە بەراورد بکەین ماندووبونێکی زۆر دەبینین بەڕووخساری سەرۆک وەزیرانەوە، سەدان خەونیش لەچاوەکانی دەبینرێن بۆ جێبەجێکردنیان کەلەهزریدا وێنەی بۆ نەخشاندوون، ئەوەندەی من بزانم جەنابی سەرۆک وەزیران وێنەکێشێکی دەست ڕەنگینە.

کابینەی نۆیەم سەرەڕای گرفتە ناوخۆی، هەرێمی، ناوچەی و دەرەکیەکان لەپێوەرەکانی سەرکەوتن زۆر نزیک ترە وەک لەشکست کەنەیارانی پروپاگەندەی بۆ دەکەن، ئەگەر بەراورد لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەزموونی ووڵاتێکی وەک بەریتانیای مەزن بکەین، دەوڵەتێکی زلهێزی وەک شانشینی یەکگرتوو بە نمومە وەربگرین، لەماوەی تەنها ئەم پێنج ساڵەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەریتانیا پێنج کابینەی وەزاری گۆڕیوە بەپێنج سەرۆک وەزیرانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی(مەسرور بارزانی) قورسترین پێنج ساڵی بەڕێخست، خودی سەرۆک وەزیران شانی دایە بەر تەواوی بەرپرسیاریەتیە سەختەکان.

بەڵام، لەبەریتانیا پێنج سەرۆک وەزیران پۆستەکانیان بەجێهێشت لەژێر فشاردا دەستیان لەکارکێشایەوە، توانای بەرگە گرتنی ئەوهەموو لۆدو فشارەی شەقامی ئینگلیزیان نەگرت، نەیانتوانی بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن، چاو لەئەزموون و حوکمڕانی ڕابردووی ئەم شانشینەش بکەین کەهەرگیز خۆری لێ ئاوا نابێت، نەک سەدان، بەڵکو هەزاران ساڵە ئیمپراتۆریەت و شانشینە بەسیستەمی شاهانە بەڕێوە دەبرێت، بەپشتیوانی گەنجینەیەکی دەوڵەمەند، بەهێز و سوپایەکی تۆکمەی شاهانە و سیاسەتێکی دەرەکی پشتیوانی لێکراو، سەرەڕای ئەو پاڵپشتیانە ئەوجاش پێنج سەرۆک وەزیران بەرگەی هەڵاوسانی ئابووری و خراپی دۆخەکەیان نەگرت بەدەست لەکارکێشانەوە پۆستەکانیان بەجێهێشت، بەڵام لەکوردستان چونکە ئیرادە هەیە بەپشوو درێژی گەلی کوردستان و  پشتیوانی (سەرۆک بارزانی) ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان، هەروەها سیاسەتی حەکیمانەی(نێچیرڤان بارزانی)سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەبەپیاوی خاوکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی گرێ کوێرەکان ناسراوە، (مەسرور بارزانی) توانی چۆک بەشکست دابهێنێ و زۆر کۆسپ و تەگەرەی گەورە ببڕێ، زۆر قۆرت و چاڵی هەڵکەندراویش پڕ بکاتەوە.

ئەگەر ئاوڕێک لەپێنج ساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەم بدەینەوە... کاتێ بەچاوی هیوا و ئومێدەوە سەیری هەنگاوەکانی حکومەت بکەین، سەرەڕای ئەو هەموو فشارو کۆسپانەی بەردەمی هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە، بۆیە جێگای خۆیەتی هەر یەکێک لەئێمە سەرەڕای گلەی و گازاندە لە کەم و کورتیەکان پێویستە پشتیوانی ئەم حکومەتە بین، ئەوانەی وەک ئێمەمانان خوێنیان داوەو قوربانیان داوە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە دروست ببێت، لەهەموو کەس زیاتر نرخی ئەم حکومەتەیان لەلایە، وەک دەستکەوت دەیپارێزن، مەسەلێکی کوردییش هەیە دەڵێ: (قەدری زێڕ لای زێڕەنگرە)… 

لەساڵیادی دەست بەکار بوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، سوپاس بۆ سەرۆک وەزیران و کابینەکەی توانیان شکست لەگۆڕنێن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن لەزۆر کایەدا، سەرۆک وەزیرانێک توانی ئەو هەموو هەوراز و نشێوە ببڕێ شایەنی پشتیوانی و دەستخۆشیە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە دەتوانین ئەو مافە بەخۆمان بدەین، بڵێین: بۆ داهاتووەیەکی پڕشنگدارتر و سەرکەوتن با هەموو لایەکمان لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ دەنگ بە لیستی ئەو سەرۆک وەزیرانە قژماشی و برنجیە بدەین کوردستانی لەشکست پاراست، ئێستا کاتی پاداشت و سزایە، دڵنیام خەڵکی کوردستان پاداشتی ماندوو بوونی سەرۆک وەزیران دەداتەوە...


AM:08:50:22/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی