رێگەی مەندەریس لەبەردەم پزیشکیان

‌هیوا جەمال


هەنگاوەکانی عەدنان مەندەریس، "پیاوی بانگ و دیموکراسی" لە تورکیا، لەبەردەم مەسعوود پزیشکیانە، بەتایبەت گۆڕینی هەندێ ( هەمووی نا) 
لە سیستمەکە.

عەدنان مەندەریس، پاش ئەوەی لە پارتەکەی دوورخرایەوە، پارتی دیموکراتی دامەزراند، توانی پاش 27 ساڵ حوکمی تاک حیزبی پارتی گەلی کۆماریی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە وەلابنێت و نزیکەی 53٪ی دەنگەکانی بردەوە، بانگی لە تورکییەوە گەڕاندەوە بۆ سروشتی خۆی (عەرەبی) فرەحیزبیی کردە مۆدێل، تورکیای بەرەو ناتۆ برد، لەسەردەمی دەسەڵاتدارییدا (1950-1960) تورکیا لە رووی کشتوکاڵ و ژێرخانی ئابووری گەشەیپێدا، بەجۆرێک 60٪ بەرەو گەشەکردنی برد. بە کورتی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و گەورەی ئەنجامدا، لە رووی دیموکراسییەت، ژێرخانی وڵاتەکە و ئازادیی بۆچوون.

ئەو رێگەیەی لەبەردەم پزیشکیانە هەمان رێگە نییە، بەڵام هاوشێوەی رێگەی مەندەریسە، پزیشکیان دەبێت تابۆکان بشکێنێت.

کرانەوەی ئایینی لە تێگەشتنی بەڕێوەبەرانی ئێران ئەرکی گرانی پزیشکیانە، جگە لەوەی گۆڕین یان هەموارکردنی دەستوور، بەتایبەت گۆڕینی لە دەستوورێکی ئایینی بۆ دەستوورێکی مەدەنی، بەجۆرێک ئێرانییەکان وەکو هاوڵاتی ئێرانیی ببینێت. پێدانی ماف بە ژنان و ئافرەتان، کرانەوەی ئێران بە رووی جیهان و تێکەڵبوونەوەی بە رەوتی ئاسایی بەرێوەبردن.

پزیشکیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەمەی پیشاندا، هەروەها لە دوای هەڵبژاردن بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی بەرێوەبردنی راگوزەر، چاوەڕێی هەنگاوی دیکەی لێدەکرێت، ئەم ئەنجوومەنە پێکهاتەیەکی فرە جیاوازە، لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو جۆرە ئەنجوومەنە نەبووە، ئەگەر لە روانگەی پێکهاتەکەی تەماشای بکرێت، کرانەوە و دیموکراتی زۆری تێدایە، ئەگەر ئەوانە جێبەجێ بکرێن، گۆڕانکاریی روودەدات.

بەگوێرەی پلانی ئەنجوومەنەکەی پزیشکیان، هەر لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی پۆستێکی حکومەتە بۆنمونە وەزیر، لیژنەكە لانیکەم 12 کەسی تایبەتمەندی تێدادەبێت، دەستەبژێری زانکۆ، دەستەبژێری دەرەوەی زانکۆ، لایەنەکان، نوێنەری سەندیکاکان، نوێنەری ناوەندی پارێزگەکان،  ئافرەت و نوێنەری نەتەوە یان ئاییەنەکان.

پزیشکیان کۆمەڵێک هەنگاوی بنچینەیی لەپێشە بۆ گۆڕانکاریی لە ئێران، بۆنمونە بەستنەوەی ئێران بۆ سیستمی بانکیی جیهانیی، هەروەها بەشداریکردنی لە دەستەی چاودێری جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە (FATF)، هاوکات بەجیدی کارکردن لەسەر پرۆژەیاسای باڵاپۆشی (حیجاب)، دانوستاندەنەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.

هەلی گۆڕانکاریی بۆ پزیشکیان لەبارتر نییە وەکو ئەوەی بۆ مەندەریس هەبوو، بەڵام کرانەوەی خەڵک و دنیابینی ئێستا و حەفتا ساڵ لەمەوبەر زۆر جیاوازە، ئێستا پشتیوانی زیاتری پزیشکیان دەکات.

لەگەڵ ئەوانە، مەترسی لەسەر پزیشکیان هەیە، چونکە دروشم و هەنگاوی سەرەتای گومان دەخاتە سەر بەردەوامیی، مەترسییەکە ئەوەیە رێگەی پێدەدرێت ئەو هەنگاوانە جێبەجێ بکات؟ کام چارەنووس هەڵدەبژێرێت، گەڕانەوە بۆ رێچکەی حکومەتەکانی پێشوو، یان رێگەی مەندەریس، هاوکات نمونەیەکی هەندێ نزیکتر هەیە محەممەد مورسیە لە میسر، کە پێچەوانەی رەوتی گەشەکردنی ئەو وڵاتە و رەوتی جیهانیی بوو.


PM:06:31:20/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی