“سەرکەوتن تەنها یەک رێگەی نییە”

‌رەوەزی ئەحمەد شاە

پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ خوێندکارانی ئازیز…

بەبۆنەی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی١٢ی ئامادەیی گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم و بەتایبەتیش پیرۆزبایی لەخوێندکارە یەکەمەکانی شارەکەم سلێمانی دەکەم و دەستی ماندووبوونیان دەگووشم، ھیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نمرەیەکی باڵا بۆ ئەو خوێندکارانەش دەخوازم کەبابەتێک یاخود زیاتریان ماوە بۆ خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان.

لەمساڵەی خوێندندا، کە چەندین کێشە و قەیران کاریگەری نەرێنیان لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دروست کرد (بەتایبەت قەیرانی مووچە و بایکۆتی ناچاری مامۆستایان)، بەڵام بەدڵسۆزی و لەخۆبردووی مامۆستایان و خۆڕاگری خانەوادەی خوێندکاران، خۆشبەختانە توانرا بە سەرکەوتوویی قۆناغەکە تێپەڕێندرێت، بۆیە بەپێویستی دەزانم زۆر سوپاسی مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران بکەم، پێیان دەڵێم بەری رەنج و شەونخونی و خزمەتتان هەمووان شانازی پێوەدەکەین.

لێرەوە بەدەرفەتی دەزانم هانی خوێندکارە دەرچووەکان بدەم کە خۆیان نەخشەڕێگەی ژیانی داهاتوویان بەجۆرێک دابڕێژن لەهەڵبژاردنی هەر بەش و کۆلێژ و پەیمانگایەکدا کە لەگەڵ(بازاڕی کار)دا یەک بگرێتەوە، تکایە خۆتان بەدوور بگرن لە کاریگەری حەز و خولیاو قسەی باوی کۆمەڵگا تایبەت بەهەندێ بەش و کۆلێژی دیاریکراو، بەجۆرێک بڕیاربدەن لەهەڵبژاردن و دیاریکردنی کۆلێژ و بەشی خوێندنی ئایندەتان کە رەنگدانەوە و چنینەوەی بەرهەمی ماندووبوونی چەندین ساڵەی خۆتان و خێزانەکانتان بێت، تا کار و ژیانی داهاتووتان جێی دڵخوازی خۆتان بێ، بەهیوای ئایندەیەکی گەش و هەنگاونان بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان.

بۆ ئەو خوێندکارە ئازیزانەی بەهۆکاری جیاواز نەیانتوانیوە نمرەی دڵخوازی خۆیان بەدەستبهێنن، پێتان دەڵێم کە ئەمە کۆتایی رێگەکە نییە و سەرکەوتنیش تەنها یەک رێگەی نییە، بە بەردەوامی و کۆڵنەدانتان دەتوانن لەوبوارەی لەداهاتوو لێی دەخوێنن و کاری تێدا دەکەن داهێنان بکەن و پێشەنگ بن.

دووبارە بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی خوێندن پیرۆزبێت



PM:12:17:20/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی