بەشداری یان بایکۆت؟

‌ئارام سەعید

دەنگدانێك بەڕێوەیە کەهێشتا دیارنیە ئەکرێت یان نا! لە ئێستاوە رێکەوتن لەسەر فۆرمی حکومەتەکەی کراوە، کورسیەکان دابەشکراوە، ئۆپۆزیسیۆن زیاتر لە دەسەڵات، بێ تێروانین و بێ دیدن، پلانێکی راستەقینە یان ھیچ بەدیلێکی سیاسیی چاکتریان بۆ دەربازبون لەم قۆناغە وێرانەی هەرێم نیە، هیچ توانیەکیان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نارازی نیە، هەردولا بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن چەواشەکاریی و بەلاڕێدابردنی لایەنگرانیان و ناڕازییەکان دەکەن.

هەر هێزێک ئەوی تر تاوانبار دەکات و هەوڵ ئەدات بەباسکردنی ناشرینیەکانی ئەوی تر خۆی بەرێتە پێشەوە، بێ ئاگا لەوەی خەڵک پێویستی بەحوکمڕانیەکی شەفاف و بەرنامەیەکی بەدیلی تۆکمەیە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی حوکمڕانیی خزمەتگوزار و دابینکردنی خۆشگوزەرانی، ئاشکراکردنی داهات وخەرجی بۆ هاولاتیان...

ئەگەر هەڵبژاردن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات بێت، پاراستنی شوناسی نەتەوەو هاوڵاتیبوون بێت، ئەوا لەم هەرێمە بەم دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە سەرقاڵی پاراستنی شوناسی خێزانەکانیانن کردەوەکانی رابردوو ئەوەیان دەرخست.

هەڵبژاردنێک بۆئەو ئامانجە بێت کوێی باشە؟ بۆ هاوڵاتی دەنگ بدات بەهەمان حوکمرانیی و سیاسەتکردن؟

بەدیوەکەی تریشدا ئەگەر هاولاتیانی هەرێم بایکۆت بکەن چی دەچننەوە؟ لەساڵانی رابردوو بایکۆت دەنگی لەهەمووی بەرزتر بوو بەڵام دەرئەنجام هەرهەمان دەسەڵات دروست بۆوە، کەواتە بەشداری باشە یان بایکۆت؟


PM:03:04:16/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی