با گفتوگۆكانی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە)كان لەم ئافەتانە رزگار بكەین

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

گفتوگۆكانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی (ماستەرنامە و دكتۆرانامە)كان قۆناغی كۆتاییە لە قۆناغەكانی تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانستیی قوتابیانی خوێندنی باڵا! 

ئەگەر سەرنج بدەینە ڕەوتی ئەو گفتوگۆیانەی كە لە زۆرێك لە بەشە زانستیی و كۆلیژە جیاوازەكاندا بۆ (ماستەرنامە و دكتۆرانامە)كان ئەنجام دەدرێن بۆمان دەردەكەوێ كە ئەو گفتوگۆیانە بەدەست چەندین ئافەت و دیاردەی ناپەسەند و خاڵی لاوازەوە دەناڵێنن، كە هەندێكیان هۆكارەكەیان پەیوەستە بە جۆری پەیڕەو و لائحەی ئەو بەشە زانستیی و كۆلیژەوە كە كاری پێدەكات ، هەندێكیان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی  پێكهاتە و ئاستی زانستیی ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆكە، هەروەها هۆكاری هەندێكی تریشیان دەگەڕێتەوە بۆ خودی قوتابی و ئامادەكاری نامە زانستییەكە! 

گومانی تێدا نیە ئەم حاڵەت و دیاردە نێگەتیڤانە كە ئێمە لەم نوسینەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین ئاسەوارو ڕەنگدانەوەی خراپ بەجێدەهێڵن لەسەر پڕۆسەی خوێندنی باڵاو، سەنگ و قورسایی و هەیبەتی توێژینەوە ئەكادیمییەكان، بەشێوەیەك كە نامەی زانستیی (پلە ناوەند) دەبێتە (پلە نایاب) و، ماستەرنامە و دكتۆرانامە لاوازەكانیش ئەگەرچی هەندێ گۆڕانكاری و دەستكاری ڕواڵەتی و لاوەكیان تێدا بكرێ ، بەڵام لە كۆتاییدا بەڕێ دەكرێن و مۆڵەتیان پێدەدرێ!

بەداخەوە لە هەندێك لە بەشە زانستیی و كۆلیژە جیاوازەكاندا گفتوگۆی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە) كان وەك هەر ڕێ و شوێنێكی تری ئیداریی و كارگێڕیی ڕۆتینی و تەقلیدی لێهاتووە كە نامە زانستییەكە پێیدا تێپەڕ دەكات تا ئەو كاتەی ئامادەكاری نامەكە پلە زانستییەكەی خۆی بەدەست دەهێنێ!

دیارترین و زەقترین ئەو ئافەت و دیاردە خراپ و ناپەسەندانەی كە گفتوگۆكانی ماستەرنامە و دكتۆرانەمەكان لە هەندێ لە كۆلیژو زانكۆكاندا پێیانەوە گیرۆدە بوون ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم : بەندە كە هەندێ جار ئەندامم لە لیژنەی گفتوگۆكانی ماستەرنامە و تێزەكانی دكتۆرا ، یان ئامادەی دانیشتنەكان دەبین دەبینین نەفەسی موجامەلە كردن و خۆشدواندن لەنێوان ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆدا زۆر زاڵە و بە زەقی هەستی پێدەكرێ ، ئەو گفتوگۆیانەی كە تایبەتن بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانستیی ئەو توێژینەوەیەی كە پێشكەشكراوە، هەروەها زانینی ئەوەی تا چ ڕادەیەك خاوەنەكەی شیاوی ئەوەیە پلەی زانستیی پێ ببەخشرێ.

یەكێك لە وێنە و دیمەنەكانی ئەم دیاردەیە: ئەو موجامەلە زانستیەیە كە لەنێوان ئەندامانی لیژنە و سەرپەرشتیاری نامە زانستیەكەدا هەستی پێدەكرێ، یان هەندێ جار لەنێوان قوتابی و ئەندامانی لیژنەكەدا ڕوودەدات، بەتایبەت كاتێك قوتابیەكە كارمەند بێت لە بەشەكە یان دەست ڕۆشتوو و خاوەن نفوز بێت لە كۆلێژو زانكۆكەدا، یان ئەگەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەكەی بەرپرسێكی باڵاو دیار بێت لە زانكۆكەدا، لەم حاڵەتانەدا خۆشدواندن و ڕازیكردنی بەرانبەر زاڵ دەبێت بەسەر كەش و هەوای گفتوگۆكاندا و مۆركی زانستیی و پێوەری مەعریفیی لە هەڵسەنگاندنی نامە زانستیەكەدا لاوازو كاڵ دەبێتەوە و، كۆی گفتوگۆ زانستییەكەش جدییەت و لایەنی بابەتیی لەدەست دەدات!

پاڵنەری ئەم دیاردەیەش زۆرجار ئەوەیە ئەندامانی لیژنە دەیانەوێ سەرپەرشتیارەكە ڕازی بكەن و ڕێژەی هەڵەكان و چەوتییەكانی نێو نامە زانستییەكە كەم بكەنەوە و، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو سەرپەرشتیارەدا تێك نەدەن، چونكە بڕوایان وایە سبەینێ لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی كۆلێژ یان زانكۆدا یەكتر دەبیننەوە و لە پاڵ یەكتردا دادەنیشنەوە ، بۆیە كۆمەڵە وەسف و سەناو پیاهەڵدانی ساختەی بێ سنوور كە شیاوی (ماستەرنامە) یان (دكتۆرانامە) كە نین ئاڕاستەی سەرپەرشتیارەكە دەكەن.

دووەم: زاڵبوونی ڕۆحییەتی موجامەلەكردن بەسەر گفتوگۆكانی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە)كاندا كۆمەڵێ تەنازولات و خۆنواندنی ساختە بەدوای خۆیدا دەهێنێ لەسەر حیسابی ئەمانەتی توێژینەوەكردن و ئەخلاقییاتی زانستیی، تەنها لە ترسی لەدەستدانی هاوڕێیەتی مامۆستایەك یان ڕاكێشانی دڵی مامۆستایەكی تر یان هەر هۆكارێكی تر كە مامۆستای زانكۆ دەخاتە نێو گێژاوی موجامەلە ڕووكەشییەكانەوە و، قیمەت و قورسایی و ناوبانگی زانستیی و شەفافییەتی مەعریفیی و ئەكادیمیش دەكاتە قوربانی و، لە كۆتاییشدا هیچمان دەست ناكەوێ تەنها توێژینەوە و نامەی زانستیی لاوازو خاڵی لە هەموو جۆرە داهێنان و بەرهەمێكی زانستیی نوێ، لە ئەنجامدا توێژینەوەكە و خاوەنەكەشی نە دەبنە ئیزافەیەكی نوێ بۆ زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمییەكە، نە هیچ خزمەت و جێ دەستێكی دیاریش پێشكەش بە كۆمەڵگە و قوتابی و ژینگە ئەكادیمییەكەش دەكەن.

سێهەم: گفتوگۆكانی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە) لە كۆلێژو بەشە جیاوازەكاندا زۆرجار بۆتە مەیدانێك بۆ خۆدەرخستن و خۆنمایش كردن و سنگ دەرپەڕاندنی كۆمەڵێك مامۆستا لە بەرانبەر قوتابیەكانیاندا، ئەو مامۆستایانە دەزانن قوتابیەكە لە ساتەوەختێكی لاوازدایە و، ناتوانێ بەرگری لە خۆی بكات ، بۆیە گفتوگۆكان وەك هەلێك دەقۆزنەوە بۆ خۆدەرخستن و خۆنواندن وەك كەسایەتییەكی زانستیی ئەكادیمیی نمونەیی، هەندێ جار دەگاتە ئاستی سوكایەتی و گاڵتەكردن بە قوتابیەكە و توێژینەوەكەی لەبەردەم هاوڕێ و دۆستەكانیدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە زۆرجار هەندێك لە مامۆستاكانی ئەندامی لیژنەی گفتوگۆ ماستەرنامە یان دكتۆرانامەی قوتابیەكەیان بەشێوەیەكی وورد و پێویست نەخوێندوەتەوە، بەڵكو تەنها بە خوێندنەوەیەكی سادە و سەرپێیانە كۆمەڵێك تێبینی عەشوائی و نازانستی و میزاجیانە بەسەر قوتابیەكەدا دەبارێنن و بەلاوازو كەمتەرخەم وەسفی دەكەن!

خۆ ئەگەر قوتابیەكە بیەوێ تێبینی و وتەی ئەندامێكی لیژنەكە ڕاست بكاتەوە خێرا داوای بێدەنگ بوونی لێدەكرێ تاوەكو هەڵە و نەزانیی و لاوازیی مامۆستاكە پینە بكرێ و لەبەردەم ئامادەبوواندا شەرمەزار نەبێ، بەمەش بۆچوون و تێبینی هەڵەی مامۆستای ئەندام لە لیژنەی گفتوگۆ لەبەردەم ئامادەبوواندا زاڵ دەبێ و، قوتابیەكەش بێ توانا دەمێنێتەوە لە بەرگری كردن لەو نوسین و بیرۆكانەی كە لە دوو توێی (ماستەرنامە) یان (دكتۆرانامە) كەیدا چەندین ساڵە پێیانەوە ماندوو بووە و تۆماری كردوون.

چوارەم: ئەگەر سەرنج بدەینە ڕێڕەوی گفتوگۆكان بەتایبەت لە هەندێك لە بەشە ئیسلامیی و مرۆڤایەتییەكان جگە لە موجامەلە كردن ، دیاردەی بێ باكیی و كەمتەرخەمیی و نمرە بەخشینەوە بەشێوەیەكی بەرچاو هەستی پێدەكرێ و، زۆرێك لە (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە)كان زۆر بە ئاسانی و خێرا بە پلەی (نایاب)ەوە بەڕێ دەكرێن! 

ئەڵبەتە سەرەڕای درێژبوونەوەی گفتوگۆكان و تۆماركردن و دەست نیشانكردنی چەندین هەڵەی گەورەی جۆراوجۆر و خاڵی لاواز لەنێو كۆی نامە زانستییەكاندا، كەچی لە كۆتاییدا گفتوگۆكان بە بەخشینی (پلەی نایاب) كۆتاییان پێدەهێنرێ و، هیچ جیاوازییەك لەنێوان نامە زانستییە لاوازەكان و نامە زانستییە بەهێزو بەپێزو نمونەییەكاندا نامێنێتەوە و وەك یەكیان لێدێت! هەروەها هیچ قورسایی و سەنگ و گرنگییەكی ئەوتۆش بۆ جەوهەری گفتوگان و تێبینییە زانستیەكان و شكۆی لیژنە و بەشە زانستییەكەش ناهێڵدرێتەوە! 

ئەم بێ باكیی و سەتحییەت و ساویلكەییە لە بەڕێكردنی هەندێك لە توێژینەوە ئینسانیی و ئیسلامییەكاندا هەندێجار بۆتە هۆی سەرەكی بە كەم سەیركردن و دابەزینی شكۆ و گەورەیی ئەو بەشانە و، تەنانەت دروستكردنی گومان لە ئاست بڕوانامە و ماستەرنامە و دكتۆرانامەكانیشیاندا!

پێنجەم: لە زۆربەی زانكۆكانی ئێمە و وڵاتانی دەرەوەشدا ئەوەی كە زیاتر قوتابی خوێندنی باڵا بە تایبەت قوتابی قۆناغی دكتۆرا بیری لێدەكاتەوە هەوڵدانە بۆ دەستنیشانكردنی ئاسانترین و سادەترین بابەت بۆ توێژینەوەكەی! هەروەها هەڵبژاردنی لاوازترینی مامۆستا بۆ سەرپەرشتی كردنی نوسینەكەی، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ناشایستەترین داوەر، ئەمە جگە لە كەمترین هەوڵ و كۆشش و خۆماندووكردن لە خوێندن و نوسینی نامە زانستییەكەیدا! 

بێگومان ئەوەی كە گرتنەبەری ئەم جۆرە ڕێ و شوێنە سادە و ڕواڵەتیانەی بۆ قوتابی ئاسان و دەستەبەر كردووە سروشتی خودی زانكۆ و كۆلێژو دامەزراوە زانستییەكانن، كە یاسا و ڕێسا و مەرج و پێوەری توندوتۆڵ و نمرە و ئاستی زانستیی بەرز پەیڕەو ناكەن لە وەرگرتنی قوتابیانی ماستەرو دكتۆرادا و، زیاتر مەیل بەلای وەرگرتنی ئەو قوتابیانەدا دەكەن كە ئاست لاوازن و هەست و غەریزەی مەعریفیی و ئارەزووی گەشەدان بە كەسایەتی زانستییان كزو سست و لاوازە!

شەشەم:  ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی ماستەرو دكتۆرا لە سەرووبەندی دەستنیشانكردنی ناونیشانێك بۆ نامە زانستییەكانیان ڕوودەكەنە مامۆستاكانیان لە بەشەكانی خۆیاندا بۆ ئەوەی ناونیشانێكیان بۆ پێشنیار بكەن، كە لەڕاستیدا ئەم دیاردەیە دیاردەیەكی زۆر ناپەسەند و خراپ و نەگونجاوە و، تەواو دژە لەگەڵ سیفەت و كەسایەتی توێژەرو لێكۆڵەری ڕاستەقینە، چونكە لێكۆڵەری ڕاستەقینە ناگاتە ئاستی قۆناغی توێژینەوەكردن ئەگەر دەماغ و هیزرو خەیاڵی پڕ نەبوو بێت لە كۆمەڵێ گرفت و گرێی زانستیی و پرسیاری جوڵاو لەبارەی بابەتێكەوە كە ئەو دەیەوێ وەڵامیان بۆ پەیدا بكات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە!

لێكۆڵەری ڕاستەقینە ماندوو نابێ و نوسینەكەی هیچ داهێنانێكی نوێ پێشكەش ناكات ئەگەر باشترین و زیندووترین و گونجاوترین ناونیشان و بابەت بۆ ماستەرنامە یان دكتۆرانامەكەی و ئەو كاتە تایبەتەی كە بۆ ئامادەكردنی نامە زانستییەكە تەرخان كراوە نەدۆزێتەوە! 

كارەساتە كاتێك خوێندكاری ماستەر یان دكتۆرا ئاشنا و ئاگاداری هیچ جۆرە بابەتێكی شایستە بە نوسین و لێكۆڵینەوە نیە و، هیچ جۆرە پرسیارو گرفتێكی لەبارەی هیچ بابەت و پرسێكی زانستیی و مەعریفییەوە لە چوارچێوەی بەشە پسپۆڕییەكەی خۆیدا بۆ دروست نەبووە و، تەنها و تەنها بەدوای ئەو نوسین و توێژینەوە لاوازو بێ كەڵك و بێ  ناوەڕۆك و مردوانەدا دەگەڕێ كە چارەسەری هیچ گرفتێكی زانستییان تێدا نیە و، هیچ ئاڵۆزی و بۆشایی و پێویستییەكی كۆمەڵگە لەو بوارە پسپۆڕییەدا پڕ ناكەنەوە!

لەم سۆنگەیەوە پێویستە مامۆستایانی كۆلیژ و بەشە جیاوازەكان بە تایبەت دەستەی خوێندنی باڵا ڕێگا لەم دیاردەیە بگرن و، قوتابیانی ماستەرو دكتۆرا بۆ خۆپێگەیاندن و توێژینەوەكردنی ڕاستەقینەی قوڵ هانبدەن و ڕابهێنن ، توێژینەوەیەك كە داهێنان و بەرهەمی زانستیی ئەكادیمیی نوێی هاوچەرخ پێشكەش بكات و ، ڕەوتی زانستیی بەرەو پێشەوە ببات ، نەك تەنها ئیزافەی نامەیەكی بێ ناوەڕۆك بێ بۆ نێو كتێبخانەی زانكۆ و كۆلیژەكان!


AM:11:06:11/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 6296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی