نان و کەرامەت بەهای خاک و سەروەری خەڵک
ستران عەبدوڵا
بابەتی مووچە و کەرامەت نان و کەرامەت، خاک و خەڵک بابەتگەلی جیاوازن و لێک نزیکیشن. دەکرێ تەواوکاری یەکتری بن، بەڵام هەرگیز باش نییە بەرامبەر یەک دابنێرن.
کارێکی ناپەسەندە و شتێکە وەک لێقرتاندن و قۆڵبادان و بە بارمتەگرتنی مافە رەواکان و کەرت کردنیان.
جا سەیرە لە کۆیە و لە تێکڕای کوردستانیش کە بێین بە پلایس گۆشت و نینۆکی ماف و داخوازییەکان لێک جیا بکەینەوە و بڵێین : یان ئەمە، یان ئەوە! ئەمە هیچ بژاردەیەکی باش نییە، بەتایبەتی بەرامبەر گەلی کوردستان کە هەموو قوربانی و گیانبازییەکی کردووە بۆ رزگاری وڵات و حوکمی خۆبەخۆ لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دەستوری کوردستانیدا.
راستێکەی ئەوەیە لائیحەی مافە هاوچەرخەکان هەمووی تیایە، نان و کەرامەت، مووچە و بودجە، ژیانی بە روومەت و شەرافەتمەندانەی خەڵک و خاوەندارێتی لە خاکی کوردستانیش. گشتیان پێکەوە باشن و پێکەوە بەها و نرخ پەیدا دەکەن.
حزبەکان و سیاسەتە حەریفەکان و دامەزراوە رەسمییەکانی نیشتمان لە حکومەت و پەرلەمان ئیشیان ئەوەیە ئەم لائیحەیە جێبەچێ بکەن.
لە مەمالیکەکانی دونیا، هەرێم بن یان دەوڵەت ، کۆمەڵانی خەڵک خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن و بە دەنگدان و بە شایەتمان تەفویز و وەکالەتیان داوەتە هێزە سیاسییەکان و ژوور و هەیوانە خوشناو و جوان وسەنگینەکانیان بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە نیشتمانیانە رایی بکەن و بیکەنە خەڵاتی گشتی میللەتەکەیان.
لە هەمووشی گرنگتر هێزی نموونە و چاولێکردن زۆر گرنگە. ئەی پەیامە زۆر پایەدار دەبێ ئەگەر گەورەکان خۆیان لە ژیان و گوزەرانی خۆیاندا دەستپێشخەر بن و بیکەنە مۆدێلی شایانی ئەشهەدومابیللا.
دەشێ لائیحەی مافەکان، چ دەستوری گەل پەسەند یان هی دابودەستوری سیاسی کۆمەڵ بن ، قۆناغبەند بکرێن و پەیتا پەیتا کاری بۆ بکرێت.
لەم میانەدا میللەتەکەمان سەبری ئەیوبی هەیە، ئەم میللەتە چەندین دەیەیە بە ژیری و حەوسەڵەوە مامەڵە دەکات.
بەڵام قۆناغبەندکردن جیاوازە لە پەکخستن و بە یەکدا هەڵبژانی مافەکان و گۆڕینەوەیان بە ئەمە یان ئەویتر. جیایە لە بە بارمتەگرتنیان و بژارکردنی ناڕەوا.
مافەکان یەک پاکێچی روون و رەوان و هەق نییە هانی بەر یەککەوتنیان بدەین.
AM:09:19:11/07/2024
ئهم بابهته 1500
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی