دەوڵەتی قوڵ لە ئێران، تورکیا، عێراق و مسر
حەسەن ئەحمەد مستەفا
بەشی یەکەم
چەمکی "دەوڵەتی قووڵ" لە ئێراندا ئاماژەیە بۆ تۆڕو دامەزراوەیەکی زلهێز کە لە پشت پەردەوە سیاسەتە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران بەڕێوە دەبات.
ئەم تۆڕە زۆرجار توخمەکانی سەربازی، دەزگای هەواڵگری، دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی ئایینی لە خۆدەگرێت، ئەمانە پێکەوە بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا (نیزام، یان شۆڕش و خەتی ڕەهبەری )و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان چالاکانە کاردەکەن.
دەوڵەتی قووڵ لەئێراندا قووڵاییەکی مێژویی و کۆمەڵایەتی هەیە کە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی ئێران وململانێی دەسەڵاتدا بەناویەکدا چووە.
پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە 1979 وبەدەسەڵات گەیشتنی ئیمام و خوێندکارەکانی, (شا) کە حزبێکی سیاسی نەبوو لێ مەکینەیەکی ئەمنی بەهێزی دامەزراندبوو، لەوانە ساواک (سازمانی ئیتلاعات و ئاسایشی نیشتمانی) کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و هێشتنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر ئێرانەوە هەبوو.
لە کاتێکدا کە بە مانای هاوچەرخ دەوڵەتێکی قووڵ نەبوو، بەڵام چالاکییەکانی ساواک بناغەی ئەو پێکهاتە ئاڵۆز و نهێنیانەی دەسەڵاتیان داڕشت کە لە دوای شۆڕشەوە لە 1979 سەرهەڵدەدەن.
ڕژێمی نوێ هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵات و نەهێشتنی پاشماوەکانی نەزمی کۆنی شای گۆڕبەگۆڕی دەدا. دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و میلیشیای بەسیجی بۆ پاراستنی شۆڕش و سەپاندنی چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی نوێ دامەزراندن، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کاروباری سیاسی و ئابووری و سەربازی ئێران جێهێشت.
ئەم هێزە چەکدارە ئینقیلابیانە، دەسەڵاتێکی فراوانیان بە سەرکردایەتی شۆڕش بەخشی.
سوپای پاسداران سەربەخۆ لە هێزە چەکدارە ئاساییەکانی نەریتی دەوڵەت، لەوانەش (ئارتەش) کاردەکات و ڕاستەوخۆ سەربە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، رێبەریش فەرماندەکانی بۆ دیاریدەکات، پادداشتیان دەکات و لێپێچینەوەشیان لێ دەکات. بەمەش ڕێبەر ڕۆڵی خۆی لە دەوڵەتی قووڵدا زیاتر چەسپاندووە.
ململانێکانی دەسەڵاتی دوای شۆڕش
جەنگی ئێران و عێراق (1980-1988) قۆناغێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە بوو کە سوپای پاسداران تواناکانی خۆی تێدا بەرجەستەکردن و بە هەوڵ و قوربانییەکانی بەرامبەر هێرشەکانی دیکتاتۆر (سەدام حسێن) بەرگری کرد، بەمەش دەسپێشخەری گەورەی کەوتە دەست و تا ئێستەش حاکمی ڕەهای ئێران و سەرداری گروپەکانە لە (تاران) تا (دەریای سپی ناوەڕاست)٫ و (دەریای سوور).
بەو پێیەی سوپا توانا سەربازییەکانی فراوانتر کرد و خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە بەرگریکردن لە ئێراندا جێگیر کرد. هەروەها شەڕەکە کاریگەری سیاسی و ئابووریی سوپای پاسدارانی بەهێزتر کرد، بەو پێیەی ڕۆڵی لە ئاوەدانکردنەوە و چالاکییە ئابوورییەکاندا پێدرا.
چەسپاندنی دەوڵەتی قووڵ بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان لە چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی بەردەوام بوو. IRGC چالاکییە ئابوورییەکانی فراوانتر کرد، چەندین کۆمپانیا ووەبەرهێنانی بازرگانی دامەزراند کە ڕێگەی پێدا داهاتێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت و کاریگەری لەسەر کەرتە جیاوازەکانی ئابووری هەبێت.
هەروەها دەسەڵاتی دادوەری، دەزگاکانی هەواڵگری و دامەزراوە ئاینییەکان ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە پاراستنی کۆنترۆڵی سوپاو دەوڵەتی قوڵدا گێڕا. تەحەدای ڕیفۆرمخوازان بە سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمی لە سالانی (١٩٩٧-٢٠٠٥)یان کرد.
لە مێژووی دوای 1979 خاتەمی کە خۆی ڕێبەرێکی ئاینی بوو لە ساڵی ١٩٩٧دا تەحەدایەکی بەرچاوی بۆ دەسەڵاتەکانی بەیتی ڕەهبەری یان دەوڵەتی قووڵ دروست کردبوو.
دەگوترا خاتەمی هەوڵیدەدا ئازادی سیاسی، ڕۆژنامەگەری و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەو پێش ببات، هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی توندی دەزگا بەشدار بووەکانی ناو دەوڵەتی قووڵ بووە. لەوانە دەسەڵاتی دادوەری، IRGC و پیاوانی ئایینی بناژۆخۆاز. ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی هەواڵگری لە سەردەمی سەرۆکایەتی خاتەمیدا زۆر شێلگیرانە بوو.
ئەم دامەزراوانە کە لەگەڵ توخمە بناژۆخوازەکانی دەوڵەتی قووڵدا پێکەوە بوون، سەرکوتکردنی چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانیان دەست پێکرد. "کوشتنی سیستەماتێکی یەک لەدوای یەکی،بەناوبانگ لە کۆتایی نەوەدەکان کە تێیدا چەندین کەسی ناڕازی و ڕۆشنبیر تیرۆر کران، بە هی ئەمان دەزانرا.
لە ٢٠٠٥-٢٠١٣ بە سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نژاد قۆناغێکی نوێ لە چەسپاندنی زیاتری دەوڵەتی قووڵ دەست پێکرا.
نژاد، ئەفسەری پێشووی سوپای پاسداران، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکاندا هەبوو. ئیدارەکەی ڕۆڵی زیاتری بە سوپای پاسداران لە کاروباری سیاسی و ئابووریدا بەخشی، لە ئاستی هەرێمایەتی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسڕائیلی لەسەرنەخشە دەکردو لەناوخۆشدا لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سیاسییەکان درێغی نەکرد.
هەموومان چاودێری وردی ڕووداوەکانی ساڵی 2009 ماندەکرد، چونکە بەرەیەکی ڕیفۆرمخواز مژدەی دەدایە نەک ئێران بەڵکو هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لێ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی ٢٠٠٩ جارێکی دیکە ئەحمەدی نژاد وەک سەرۆککۆمار دیاریکرایەوەو ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
بزوتنەوەی سەوز هیچی لێ سەوز نەبۆوە، لە چارەڕەشی خۆیان ئەمریکاو خۆرئاوا پشتیوانی لێدەکردن، خۆشیان زۆر ڕادیکاڵ و سەرەخۆرە بوون. سوپای پاسداران و بەسیج ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە دەسخەڕۆکردنی بزووتنەوەی سەوزدا بینی کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لایەنگری چاکسازی بوو. سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران و دواتر زیندانیکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنە سەوزەکە ، سەلماندی کە لە ئێران ئەوەی حوکم دەکات خەتی ڕەهبەرییە، ئامانجەکانی شۆڕشە، دامەزراوەکانی پاراستنی شۆڕشن، سوپاو بەسیج و هەواڵگیرییە، ڕاگەیاندنی فەرمی ئەوەی پێی دەڵێن سەداو سیمایە.
لەو هەڵبژاردنەوە خۆرئاوا (ژیان)یان لە ئێران کردە جەهەندەم، بە گەمارۆکان تەڕو وشکیان پێکەوە سوتاند. کاریگەری دەوڵەتی قووڵ لە دژایەتیکردنی سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕووحانی و هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ (JCPOA) بەرچاو بوو.
تێوەگلانی سوپای پاسداران لە ململانێکانی ناوچەیی، وەک لە سوریا و عێراق، نیشانیدەدات کە ڕۆڵی سوپای پاسداران وەک یاریزانێکی ناوەندی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا یەکلایکەرەوەیە.
کاریگەری دەوڵەتی قووڵ بەمەوە ناوەستێت و سەردەکێشێتە کاروباری ناوخۆیی وکوتلە بناژۆخوازەکان کۆنترۆڵی دامەزراوە سەرەکییەکان دەکەن وبەگژ هەوڵەکانی چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەچنەوە.
هەڵبژاردنی مسعود پزیشکیان تەیدی دەوڵەتی قوڵی هەیە و هەندێکیش ڕۆحی ڕیفۆرمخوازی تێدا دەبینن. پێ دەچێت دەوڵەتی قوڵ لە ئێران گەیشتبنە ئەو قەناعەتەی کە کرانەوەیەکیان پێویستە، بۆیە پزیشکیان دێننە پێشەوە.
سبەی دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا، دواتر لە عێراق
AM:08:33:10/07/2024
ئهم بابهته 748
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی