رووی گەشی سلێمانی وادەرئەکەوێت..

‌رێبین عومەر ‎

ئاوەدانی و خزمەت لە رابردوو دروشم بوو بەڵام ئێستا بۆتە کردارو بەچاو ئاوەدانی و خزمەت دەبینرێت کە چلۆن کار بۆ بوژانەوەی سلێمانی دەکرێت، لە رابردوو بەهۆی فەوزای پۆپۆلیست و سیاسەتی گوشار سلێمانی بەرەو خنکانی سیاسی و ئابوری دەچوو نوزەی ئاوەدانی نەمابوو، بگرەوبەردەی فەوزای سیاسی زیانی زۆری لەم شارەدابوو. لای خەڵکی ئاوەدانی سلێمانی ببووە خەونی بەدینەهاتوو.

بەڵام لەدوای هەنگاوە پراکتیکییەکانی جێگری سەرۆک وەزیران؛ بە پلەبەندی، پارو پاروو.. بەرنامەی ئاوەدانی لەم شارەدا چووە قۆناغێکی گەشەسەندووە بە کردەکی ئێستا ئەو بوژانەوەیە دەبینرێت و رەوتی ئاوەدانی جدییە کە ئامانجییەتی سلێمانی بەرێتە قۆناغێکی تر. 
سیاسەتی رووبەڕوبونەوەی رۆتین و سیستمی یەک پەنجەرەو ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی میری وایکرد تینی زیاتر بدرێت بە ئاوەدانی شاری شاران. 

جگە لە فراوانبونی مەوداو روبەری شار بەڵام بە ئاستێکی باش پرۆژەی ئاوەدانی و نوێکردنەوە لە شاردا دەبینرێت. لە ئێستادا چەندین پرۆژەی گرنگی ژێرخانی شارەکە تەواو بوون یان لە قۆناغی کارکردن و تەواوبوندان؛ ئەمەش ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان زیاتر دەکات و سیمای شاریش گەشاوەو جوانتر دەکات. 

شارەوانی سلێمانی وەک دامەزراوەی ئاوەدانی لە سایەی سەرۆکایەتی ژنێکەوە زیاتر بەرەو پێشچووە؛ لەسەر دەستی ئەو خاتوونە چەندین پرۆژەی گرنگ لە ماوەیەکی کەمدا جێ بەجێکراوە ئەمەش دەرخەری بژاردەی راستی پێدانی پۆستە بەژن کە چەلەنگ و چالاکترن لەئەرکدا.

هەرئەوەش چاوگی جوڵەی ئاوەدانییە؛ کارێک وەرگرەو کارێکی خزمەتگوزاری گشتی بۆ شار ئەنجامبدە؛ لە رابردوو پێچەوانەبوو خەڵک دەوڵەمەند دەکراو لەسەر ئەم شارەو خزمەتی مەکانێکی تری دەکرد. ئێستا عەهدی خزمەت و ئاوەدانییە کە خەڵکی بەچاو بوژانەوەی سەرخان و بن خانی سلێمانی دەبینێت. 

لە کۆتایدا پێویستە وەبەرهێنەرانیش لەبیر نەکەین؛ کە ئەرکی پرۆژەکەیان گرتۆتە ئەستۆ لەبەرامبەر پرۆژەی وەبەرهێنان و ئاسانکاری لە لایەن میرییەوە. 
بۆیە هەرهەنگاوێک لە هەر کەس و لایەن و دامەزراوەیەکەوەبێت جێگەی دەست خۆشیی و ستایشە؛ کە شارەکەمانی پێ جوانترو گەشاوەتردەکرێت.


PM:03:03:08/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی