سەردان باشە.. بەڵام ماڵەكەی خۆت چاكترە!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
خۆزگە ئەو كەسەی عەوداڵی زانست و مەعریفەیە پسپۆڕییەك و بوارێكی تایبەتی خۆی ئەبوو و، زیاتر تێیدا قوڵ و قاڵ دەبوویەوە و بۆی دەگەڕایەوە ! هەروەك چۆن مرۆڤ كاتێك لە ئێش و ئازارو ناڕەحەتی و مەینەتییەكانی ڕۆژ دەبێتەوە ئێواران بۆ حەوانەوە دەگەڕێتەوە و پەنا دەباتەوە بەر ماڵە تایبەتەكەی خۆی!
(پسپۆڕیی) یش دەبێت وەك پەناگەیەك وابێت كە مرۆڤ بۆی دەگەڕێتەوە دوای هەموو گەشت و گەڕان و سەردانێك بۆ نێو مەیدانەكانی تری زانست و مەعریفە و پسپۆڕییە جیاوازەكانی تر! بەڵام هەروەك چۆن مرۆڤ بەنێو ماڵی هاوڕێ و دۆست و نزیكەكانیدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی چێژ لە میوانداریی و سوود لە هەگبەی ژیان و عەقڵ و ئەزموونەكانیان وەربگرێ، بە هەمان شێوە پێویستە قوتابی و مرۆڤی عەوداڵی مەعریفە لەنێوان ماوەیەك بۆ ماوەیەكی تر جاروبار سەردانی مەیدانەكانی تری زانستەكان و بوارەكانی تری مەعریفە بكات بۆ ئەوەی لە سەرچاوەكانی ئەوانیش دەوڵەمەند بێت و خۆی بڕازێنێتەوە! چونكە هاتوچۆكردن و ئەمسەرو ئەو سەركردن لەنێوان زانستە جیاوازەكاندا هەگبەی خەیاڵ و هیزر پڕ دەكات و، بانكی زانیارییەكان دەوڵەمەند دەكات و، مێشك و دەماغ فراوان دەكات و، زۆر لایەن و ڕووی شاراوە لە پسپۆڕییە بنەڕەتییەكەی خۆی بۆ ئاشكرا دەكات، هەروەك چۆن سەردانەكان ڕۆحەكان و دەروونەكان دەبوژێنێتەوە و دڵەكان خۆش و ئاسوودە دەكات!
ڕووسییەكان وتەیەكی بەناوبانگیان هەیە هەموو جارێك دەیڵێنەوە و دووبارەی دەكەنەوە كە دەڵێ: ( سەردان باشە ... بەڵام ماڵەكەی خۆت چاكترە ) بەو مانایەی سەردانەكان (زیادە وەرگرتنیان) تێدایە بۆمان نەك ئارامیی و ئاسوودەیی و حەوانەوە ! ئاشكرابوون و دەركەوتنی زیاتریان تێدایە ، نەك جێگیر بوون و نیشتەجێ بوون و ئۆقرە گرتن!
بۆیە كاتێك ئێواران دەگەڕێتەوە وجارێکی تر سێبەر هەیمەنە دەكاتەوە ، دەبێت ئەویش بگەڕێتەوە بۆ بوارو پسپۆڕیی و مەیدانەكەی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێن و پەناگەیەی كە خۆی تێیدا دەدۆزێتەوە و تێیدا هاوسەنگی خۆی دەگێڕێتەوە!
هەروەك چۆن ئەو كەسەی سەردانەكان ئەنجام دەدات ئارامیی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی ڕاستەقینەی خۆی دوای گەشتێكی دوور و درێژ و ماندووكەر تەنها لە ماڵەكەی خۆیدا دەست دەكەوێ ، بە هەمان شێوە قوتابی و كەسانی عەوداڵی زانست و مەعریفە و فێربوونیش تەنها لەو بوارەدا ئارام دەگرن و جێگیر دەبن و دەحەوێنەوە كە پسپۆڕیی و مەیدانی تایبەت و بنەڕەتی خۆیانە.
بۆیە دەڵێم : قوتابیان یان ئەو كەسانەی سەرقاڵی پێگەیاندن و دروستكردنی كەسایەتی زانستیی خۆیانن دەبێ ئاسۆی بیركردنەوەیان و ئاستی هۆشیارییان بە گەڕان و شارەزابوون لە زانستە جیاوازەكانی تر گەورە و بەرفراوان بكەن، لە هەمان كاتیشدا پێویستە لەسەریان ئاگایان لەڕێگای گەڕانەوەیان بێت و، لانەدەن و ئەو ڕێگایە بپارێزن كە دەیانگێڕێتەوە بۆ ماڵە تایبەت و پسپۆڕییەكەی خۆیان! ئەو ماڵەی كە وەكو بنەڕەت و بناغەیەكی تۆكمە و بەهێز وایە بۆ بنیاتنانی زانستەكەیان و قوڵ بوون و قاڵ بوونە مەعریفیەكەیان.
PM:01:48:04/07/2024
ئهم بابهته 3664
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی