ئاوڕێک لە بەرەی دواوە
حەسەن ئەحمەد مستەفا
(ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی پێشوو لە موسڵ کە هەوڵ دەدەن ئیدارەیەکی قاچاخ بەسەر شارەکەدا بسەپێنن، بەهانەی زیاتر دەداتە تورکیا بۆ پاساوی هێرشەکانی بۆ قوڵایی خاکی عێراق)
لە ساڵی 2018 ەوە بۆیەکەم جار لەمێژووی 40 ساڵەی شەڕی تورکیاو پەکەکەدا تورکیا بنکەی سەربازی هەمیشەیی لە قوڵایی خاکی عێراق دامەزراندن، ئەو بنکانەی ژێرخانی ڕێگەوبانی هەمیشەییان هەیە.
(تورکیش میونیت)ئاماژەی بە داتاکان و قەبارەی ئۆپەراسێۆنەکان کردووە، کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا نزیکەی هەزار هێرش لە کوردستانی عێراق ئەنجامدراون.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی تورکیا ئەنادۆڵ، جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە وەک ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری دەوڵەتی تورکیا دەبینرێت.
حوڕییەت دەیلی نیوز، روونتر تیشک دەخاتە سەر گرنگی ستراتیژی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ تورکیاو، ئاماژە بە دامەزراندنی بنکە و بازگەی نوێی سەربازی دەکات.
ئیدانە کردنەکانی حکومەتی عێراق لاوازن و رووداوەکانی سێ رۆژی پێشوو لە موسڵ کە هەوڵ دەدەن ئیدارەیەکی قاچاخ بەسەر شارەکەدا بسەپێنن، بەهانەی زیاتر دەداتە تورکیا بۆ پاساوی هێرشەکانی بۆ قوڵایی خاکی عێراق.
هەرچەندە عێراق داوای کشانەوەی دەستبەجێی هێزەکانی تورکیای کرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردوهتهوە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنە زیاترەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی عێراق تواناکانی بۆ جەنگی بەوەکالەت و دژایەتی هەرێمی کوردستان بەهەدەر دەدات، تواناکانی ناخاتە خزمەتی پاراستنی سەروەری و بەهێزکردنی فیدڕالیەتەکەی.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش ڤێدانت پاتێل رایگەیاند، کە ئەمریکا داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بکەن لەسەر هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە سنوورەکاندا.
دۆیچە وێڵ (DW) بەدیقتتر لە ئاژانسەکانی دیکە، ئاماژەی بە گۆڕانکاری ستراتیژی لە تاکتیکەکانی سوپای تورکیا لە عێراق دەکات. نوسیویەتی تورکیا لە بۆردومانە ئاسمانییەکانەوە بۆ دامەزراندنی بنکەی نیمچە هەمیشەیی سەربازی پلانەکانی گۆڕیوە.
لەوانەش دانانی بنکە و خاڵە سەربازییەکان کە چێک پۆینتیش لەخۆ دەگرێت، ئەمەشی بەدرێژایی سنووری عێراق تورکیا ئەنجامداوە.
لەگەڵ ئاژانسەکە هاوڕام کە ئەم گۆڕانکارییە لە پلان و جێبەجێکردنەکەدا ئامانجی دروستکردنی ناوچە یان پشتینەی ئەمنییە، ئەو پلانەی بێ ئەوەی زۆری دەنگ لبێنێت و جیهان و عەرەبەکان قیامەتی لەسەر دروست بکەن تورکیا بە خشکۆکی گۆڵە مێژوییەکەی کردو پشتێنەکەی دروستکرد.
لەم کاتەدا گوایە ئامانجی راگەیهندراوی ئۆپەراسێۆنەکە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی پەکەکە و پەکخستنی سەرچاوەی لۆجستیکیانە.
ئەگەر ئەمەی سەرەوە ئامانجی هەمیشەیی (تورک) و (دەوڵەت)ەکەی بێت، ئەوا دۆخی ناوخۆیی دوایی هەڵبژارنی شارەوانییەکانیش لە بەرەو پێش بردنی ئەم هەڵمەتە سەربازییەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، چونکە چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەتوانێت هەستی ناسیۆنالیستی و پشتیوانی لە حکومەت لە نێوان تەحەددای ئابووریدا بەهێزتر بکات و (ئەلمۆنیتۆر)یش ئاماژەی پێداوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا هەردووکیان ڕایانگەیاندووە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر تا ئەوکاتەی پەکەکە بنبڕ دەکرێت.
PM:09:29:03/07/2024
ئهم بابهته 476
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی