ئاگری خیانەت
حەسەن ئەحمەد مستەفا
بەکارهێنانی ئاگر بۆ لەناوبردنی سەروەت و سامان و ژێرخانی ئابووری بۆ تاکتیکی جەنگی کۆن دەگەڕێتەوە.
سووتاندنی گوند وبەرووبومی خەڵکەکە وئاوارەکردنیان ستراتیژێک بوو بۆ لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر.
لەم ساڵانەی دواییشدا گروپە جیاوازەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی وێرانکەری هاوشێوە ئاگرتێبەردانیان بەکارهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شیلیدا ئاگرتێبەردان وێستگەکانی میترۆ و ناوچە بازرگانییەکانی کردە ئامانج و زیانێکی بەرچاوی ئابووری و نائارامی کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە.
لە ئەمریکا، ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی دوای ڕووداوەکەی جۆرج فلۆید، چەندین شوێنی بازرگانی ئاگریان تێبەردرا و بووە هۆی زیانێکی دارایی بەرفراوان .
کاریگەرییەکانی ئاگرتێبەردان دەشێت وێرانکەر بن، لەوانە پەککەوتنی ئابووری، لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی خەڵکێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر باخەڵی فرۆشیاران و خاوەن بزنسە بچووکەکان دەبێت.
لە هەولێر، دهۆک وکەرکوک، زۆرێک لە خێزانەکان بۆ داهاتەکانیان پشت بە بازاڕەکان دەبەستن، کە لەناوچوونیان دەبێتە هۆی زیانی دارایی (دەستبەجێ) و ناسەقامگیری ئابووری (درێژخایەن).
ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە بازرگانییە گرنگەکانی وەک لەنگە و قەیسەری هەولێر و بازاری چەلێی دهۆک، کە بازاڕی سەرەکین، لەوانەیە سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزان وشک بکات ولە هەمان کاتدا ببێتە هۆی کەمیی کەلوپەلی سەرەکی و بەرزبوونەوەی نرخەکان. ئەمەش کاریگەری قووڵی دەبێت لەسەر ئابووری ناوخۆیی، نەک تەنها لەسەر ئەو کەسانەی کە کلیلی دوکانەکانیان بەدەستەوەیە بەڵکو لەسەر هەموو کۆمەڵگاکەش.
زەبر و زەنگی دەروونی
ترسی ئەوەی ماڵ و شوێنی بازرگانی وشوێنە گشتیەکانیان بکرێتە ئامانج، هەستێکی بەرفراوانی دوودڵی دروست دەکات. هەموو ئەو خاوەن دوکانانەی کە شاهیدی ئەو کارە تێکدەرانە بوون و بڵێسەی ئاگرەکەیان بینی، تووشی شۆک بوون. دوای ئاوەدانکردنەوەی دوکان و بازاڕەکانیش بەردەوام نیگەرانی ئاگرکەوتنەوەن. بۆیە دەکرێت لێکەوتەی درێژخایەنی تەندروستی دەروونی هەبێت.
نائارامی سیاسی وکۆمەڵایەتی
ئاگرتێبەردان دەتوانێت گرژییە کۆمەڵایەتییە هەبووەکان زیاتر بکات و گرژی نوێش دروست بکات. کاتێک کاسبکاران دەکرێنە ئامانج، دەتوانێت ببێتە هۆی گومان و ناڕەزایەتی و ململانێ لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی دانیشتووان.
هەرچەندە ئامانجی گەورەتری تیرۆرستان بریتی بوو لە لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەکاتێکدا کە هەرێم دووچاری چەندین گرفتی دیپلۆماسی و باڵانسی پەیوەندییە عێراق و هەرێمییەکان بوو، هەرێم لە جەنگێکی ئابوری سەختدا بوو، سەرمایەدارانی کوردستان دەکرانە ئامانج و گەمارۆ لەسەر هەرێمی کوردستان دادەنرا، لەم کاتەدا ئامانجی تیرۆرستان بوو جەبهەی پشتەوە بەتەواوی بشێوێنن.
لە ئاڵای سوورەوە بۆ ئاگری سوور
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەولێر، دهۆک، کەرکوک و قەزاکانیش وەک دوژمنایەتییەکی توند سەیر دەکرێن. سووتاندنی بە ئامانجی ئەم بازاڕانە کە لە ڕووی ئابووری و کولتوورییەوە گرنگن، لەگەڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هەردوو حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە ستراتیژی سووتاندن بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لە دوای سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا چڕتر بووەتەوە. پێشتر چەند نموونەیەکم هێنایەوە کە چۆن وڵاتان لە شوێنە گرنگەکان بۆ پێشوازی لە شاندی میوان ئاڵاکەیان نمایش دەکەن. هەروەها زانراوە ئەگەر سەرۆک کۆمار رەئیسی مەرگ مەودای بدابایە هاتبایە هەولێر، بەهەمان شێوە ئاڵای ئێرانی دراوسێمان وەک ئاڵای تورکیا لە قەدی قەڵای هەولێر دەدرا، بۆیە پەکەکە مۆتیڤەیشنێکی زۆر ناڕەوای بەکارهێنا بۆ سوتاندنی موڵک و ماڵی خەڵکی کوردستان.
ئاگر وەک چەک
نەخشەی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا دەبینرێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، گروپ و میلیشیا یاخیبووەکان سووتاندنیان بەکارهێناوە بۆ تێکدانی ئابووری ناوخۆیی و لاوازکردنی کۆنترۆڵی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەسەر کەرتە جیاوازەکاندا. هەر نموونەیەک تێڕوانینێک بۆ پاڵنەر و دەرئەنجامەکانی ئەم جۆرە کردارانە بەدەستەوە دەدات. مەبەستی سەرەکی بەکارهێنانی ئاگرتێبەردان بۆ زیانگەیاندن بە خەڵکی مەدەنی بۆ دروستکردنی ئاژاوە و لاوازکردنی پەیکەری کۆمەڵایەتی ناوچە ئامانجدارەکانە. تاوانباران بە لەناوبردنی سەرچاوە ئابوورییەکان ئامانجیان تێکدانی متمانەیە بە دەسەڵاتە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان. دەیانەوێت ژیانی ڕۆژانە تێکبدەن و باری نائاسایی دروست بکەن. حکومەتەکان ناچار بکەن کە تەنها سەرنجیان لەسەر هەوڵەکانی ئاسایش و نوژەنکردنەوە بێت.
لەوانەیە ئەم دوژمنکارییەی دژی هەولێری پایتەختی کوردستان و دهۆک و کەرکوک کرا، لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەناو کوردی تورکیاو سوریاش باجەکەی قورس بێت.
PM:07:13:02/07/2024
ئهم بابهته 1480
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی