چەمینەوە و چەماندن
ستران عەبدوڵا
چەمینەوە و چەماندن خۆی لە خۆیدا کێشە نییە.. ئەمە بابەتی پشت و فەقەراتی پشتە.. وەکو چۆن ڕاستە و ڕادەبێتەوە، قیت قیت دەبێتەوە، ئاواش دەچەمێتەوە و دایدەنوێنێتەوە. ئیتر ئەمە مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە. مەسەلەکە ئەمەیە بۆ کێ و لە کۆێ و بۆچی دەچەمێیتەوە؟
بۆ بێگانە و ئەغیار و نەیار، یان بۆ میللەتی خۆت و لە ناو جەماوەری خۆتدا؟
لەسەر ئەمە بوو مام جەلال دەیوت: پشت بە خوای خۆمان، خەڵکی خۆمان و خودی خۆمان دەبەستین. میللەتی خۆمانە و لەگەلی خۆمان بێ منەت نین.
بلا خۆ بچەمێنە، شان ماچ بکا و قەسەم بە ریشش بخۆ، بەڵام هی بێگانە و ستەمکار و دیکتاتۆر نا کە مەعلومە خۆشیان بە خێری و خۆشی میللەتەکەت نایە. هی میللەتی خۆت کە سیحری پەنهانی پێیە وەختێک موحتاجی وی دەبیت.
کاکە خۆ بچەمێنە لە بەردەم ویستی میللەتەکەت وەختێ داوای موچەی لە وادەی خۆی و گوزەرانی شەرەفمەندانە ترت لێ دەکا و کاتێ خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئاوەدانی شایانی سێ دەیەی دوای راپەڕینی پێویستە.
داینەوێنە و لە جێی ئەفسانەی (هەژماری من) گوێ لە هاواری من و ئەوانە و هەموومان بگرە کە پێش راپۆرتەکانی ئەمنستی و خارجیەی دونیا بە کوردی و کرمانجی پێتدەڵێین گرتن و هەندێک دادگای کەیسسازی و ستەمی سیاسیی دەستپێک و سەرەتان بۆ نەمانی شەرعیەتی حوکمڕانی و سەرەتانێکن کە دوایی تەشەنە دەکا و تەنی هەموو نیشتمان دەگرێتەوە.
بۆ گەل بچەمێوە و شانی ماچ بکە و بەریشی قەسەم بخۆ کە پێت دەڵێ دانیشە و با بەشێنەیی حیکایەت و نەقلی هەموو خۆبەزلزانەکانت بۆ بگێڕمەوە وەختێک دوای بێدەنگکردن و کپکردن و خەساندن ناچار دەبیت بۆ بێگانە و داگیرکەرانی بسەلمێنی و بۆیانی بچەمێنیتەوە، چونکە هاکە لە تەنگانە و لە تەنیایی وەحشەتناکدا زانیت چەند دوور کەوتویتەوە و چۆن پشتت نییە و بۆ پاڵپشتی خۆت مەرجی قورست لەسەرە.
ئاخر کە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ناسەلمێنی و ماف و ئیستحقاقیان نادەیت و ئازادی و خواست و خەیاڵیان زەوت دەکەی، دوای دەخەی و پێچە بە دەورەی تیا دەکەیت، ئێ مەعلومە لێت تەوەللا دەبن و رەواییت دەخەنە ژێر پرسیارەو، ئێ مەعلومە سەرەنجام بۆ رەوایی بە دوای پشت و پەناوە دەبیت و دەچەمێیتەوە و سیناریۆسازی جارانی دەکەیت. ئێ مەعلومە کورد دەریای نییە تا وەکی کابرا شەتولعەرەبەکەی بفرۆشی و دیزاینی نەوتیش وا شەمزاوە ماپەکەی ناچێتەوە سەر هیچ بەندەرێکی دۆست.
مەسەلە چەمین و خۆ چەماندن نییە، وەڵلا هێزی رەسەن و خاکی و خاکەڕا ، کوردانە و خۆمانە چی لێ چاو نییە بۆ گەلەکەی. بە چەمینیەشەوە.. یاخوا پشتی وا کە بۆ میللەتی خۆی دەچەمێتەوە هەر پایەدار و تەندروست باش بێ و دەرەقەتی ئەم باری سەرشانە بێت. دەرەقەتی ئەم شەڕی ئیرادە و ئەم ویستە کوردستانییە بێت.
دەرفەتە کە دوور لە جیاکاری نیشتمانی و دوور لە جیاوازی کۆمەڵایەتی کە ئێستا وا زەق بۆتەوە خەریکە ئاشتی کۆمەڵایتیش تێکدەدا ، بۆ گەلی خۆت، بۆ ڕا و ئیرادەی گەلی خۆت بێیتە سەر خەت و داینەوێنی، رازی بکەیت و نازی بکێشی و ماملێ وتەنی (بەردی بۆ هەڵبگری بە شانان) دەرفەتە لە عینادی بۆش و بەتاڵ بێیتە خوارەوە و کەمێک لە نرخی لوتبەرزی دایشکێنی.
وا بکەیت رووسوری دونیا و قیامەتی و ئینجا سەربەرزی ناو دەوڵەتانی و حاکمی تا قیامەتی ناو وڵات و مەملەکەتی خۆتی.
گەلەکەت گەلێکە قوربانیدەر و شەهیدپەروەرە ، شایانی زۆر لەوە زیاترە کە چۆر چۆڕی بدەیتێ، گەلەکەت سەبری زۆرە و ترسی کەم.. بۆی بسەلمێنە تا تەفویزت بداتێ و گرێبەستەکەت بۆ نوێ بکاتەوە.تا هەرێمەکەت بپارێزێ و چاوی تەماعی بێگانەی لێ دوور بخاتەوە.
ئەم نرخە بە دروای خۆماڵیە و هەرزانترە تا نرخی گەورەی خەرجی بێگانان کە بە دراوی قورس و گرانە، پێت ناکرێ و قەرزاری بازاڕی بێ رەحمانەت دەکات.
AM:10:35:01/07/2024
ئهم بابهته 2616
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی