زریانی پێشوەختی جاکۆبسن لەعیراق !
بەختیار شاوەیس
بەر لەوەی بگاتە بەغداد ، کاندیدی کۆشکی سپی بۆ باڵوێزی وڵاتەکەی لەعیراق تریسی ئان جاکۆبسن ، لەبەردەم ئەندامانی لیژنەی دەرەوەی کۆنگرێس بەلێدوانە توندەکانی، پێشوەختە زریانی رووە و ناوچەکە بەگشتی و ئیران و چەکدارە وەلائیەکانی ئەو وڵاتە لەعیراق هەڵکرد.
جاکۆبسن بەهەرەشەی راستەوخۆ لەئیران و میلشیا هاوپەیمانەکانی هیچ مانایەکی بۆ زمانی دیپلۆماسی نەهێشتەوە و زیاتر وەک وەزیری دیفاع یان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی یان وەک بەرپرسێکی باڵای CIA دەرکەوت. بەوپێیەی کە وتی:
- میلشیاکانی هاوپەیمانی ئیران، گەورەترین مەترسین لەسەر ئایندەی عیراق. هەر بۆیە بەوپەڕی توانامەوە رووبەروویان دەبمەوە و لەقاڵبیان دەدەم.
-
- ئیران ڕۆڵێکی پیس لەعیراق دەگێرێت و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات.
- رێگەنادەم ئیران غاز وەک چەک دژی عیراق بەکاربهێنێت.
لەشیکردنەوەی ئەو لێدوانە چەند دێریەی سەرەوەدا ، دەردەکەوێت کە جاکۆبسۆن لە کرۆکی مەلەفە هەستیار و گرنگەکانی تایبەت بەسیاسەتی دەرەکی تاران دەدات. هەروەک لەلایەکی ترەوە بەوچەند دێرە ستراتیژی نوێی وڵاتەکەی لەداهاتووی عیراق روون دەکاتەوە. چونکە جاکۆبسن باش لەوە تێگەیشتوە کە قوڵایی سیاسەتی دەرەکی ئیران لەسەر بنەمای بەهێزبوونی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تاران لە ناو عیراق ، لوبنان ، سوریا ، یەمەن هەتا دەگاتە حەماس هەڵچنراوە و لاوازکردنی ئەمانە واتە لاوازکردنی شادەماری سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لەناوچەکە. هەروەک فرۆشتنی غاز بۆ دابینکردنی کارەبای عیراق لەبەرامبەر سەدان ملیۆن دۆلاری ساڵانە، شادەماری ئابووری ناوخۆ و هەروەها پێداویستی ئەو گروپانەی پێ پردەکەێتەوە کەبە دوو ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت لەساڵێکدا، ئەمە سەرباری مەسەلەی قاچاغچی دۆلار و پارەی دەروازەکان. واتە ئیرانیەکان بەرۆنی عیراقیەکان سمێڵیان چەور دەکەن . چونکە بەوپارانەی کەئیران لەسەرچاوە جیاوازەکانی داهاتی عیراقیەکان دەستی دەکەوێت ، ئەو هێزە چەکدارانە دەژیەنێت کە بونەتە مەترسی و هەرەشە بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەعیراق و تەواوی ناوچەکە.
زریانی جاکۆبسن، بۆچی ؟
دوابەدوای قسە توندەکانی کاندیدە نوێکەی بایدن(جاکۆبسن) ناوەندی سیاسی و میدیای یە عیراقیەکان کەوتنە شرۆڤەکردن ، دیارە هەریەک بەئاوازی دڵخوازی خۆی. لەسەرئاستی باڵای حکومی ، تەنها راوێژکاری ئەمنی سودانی خالید الیعقوبی ، کاردانەوەی هەبوو وتی: جاکۆبسن لە دۆخ عیراق تێنەگەیشتوە.
سەرباری ئەوەی کەباڵوێز یان هەر گەورە بەرپرسێکی دیکە لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێت هیچ شتێک بڵێت یان بکات ، بەبێ بوونی بەرنامە و پلانێکی پێشوەختی دراسەکراو لەلایەن کۆشکی سپی و ئاسایشی نیشتمانی و سیا وە کە ئەمەیش هاوتەریب دەبێت لەگەڵ ستراتیژی سیاسی ئیدارەکەدا. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هۆکاری پشت ئەم لێدوانە توندانەی باڵوێزی کاندیدکراو زۆرن ، کەهەوڵ دەدەین لەسەر گرنگەکانی بوەستین:
١- ناکۆکی بەردەوامی نێوان حکومەتی عیراق و گروپەچەکدارەکان لەلایەک و واشنتن و بەغدا لەلایەکی تر سەبارەت بەمانەوەی ئەمریکا و هێزە بیانیەکان لەعیراق. چونکە نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە قسەکانی جاکۆبسن خۆی لەکاتێکدایە کە ئەو وادە چوار مانگیەی کە میلشیا و ئەم گروپانە دابوویانە حکومەتی عیراق بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکان کۆتایی دێت. واتە لەگەڵ کۆتایی ئەو ماوە دیارکراوەدا ، ئیدارەی کۆشکی سپی دەیەوێت بڵێت کەنەک دەرناچم بەڵکو بەتوندی دەستوپێوەندەکانی تاران لەبەغداد دەتەزێنم. هەتا دەگاتە بەرژەوەندیە ئابووری و ستراتیژی و سەربازیەکانی ئەو وڵاتە لەتەواوی ناوچەکەدا.
٢- دەنگۆی کردنەوەی نوسینگەی حەماس لەبەغداد، هێندەی دیکە کۆشکی سپی هاندەدا بۆ هەڵکردنی زریانەکە لەعیراق رووەو ئیران. چونکە لەم ئەگەرەدا جەنگی ئیسرائیل- حەماس کەبەموبارەکەی تاران لەئۆکتۆبەری رابردوەوە هەڵایساوە، لەدوای رووداوەکانی رەفەح بەرەو لوبنان پەلیهاویشتوە و تەنها نینۆکێکی ئیران کەبەری نەکەوتوە لەرۆژهەڵات ئەو نینۆکەیەتی کە لەبەغداد پەنجەکانی رایدەوەشێنن( پێش چوار مانگ لەوتاری تونێلەکانی غەزە دەگەنە سودانی ؟! ) بەوردی ئەمەمان باسکردبوو.
٣- وەک ئاماژەمان بۆ کرد ، جگەلەوەی کە دروستکردنی بریار لەویلایەتە یەکگریووەکانی ئەمەریکا بە کۆمەڵێک رێوشوێنی هەواڵگری و سیاسی و ئیداری و تەنانەت مێژوویدا دەروات کەهەموویان سیستماتیک کراون. بەڵام لەهەندێک باردا تێڕوانیی سیاسی کەسایەتیەکان و باکگراوندی مێژوویی و سایکۆلۆژیای بیرکردنەوەیان رۆڵ دەبینێت لەلێدوان و کردارەکان.
جاکۆبسن کەسەربە قوتابخانەی
هەڵۆکانە و لەدژە ئیرانییەکان هەژمار دەکرێت. لەماوەی ٣٠ ساڵ کارکردنی لەسلکی دیپلۆماسی بەکەسایەتیەکی توند ئاژۆ لەهەمبەر تاران ناوی دەرکردوە لەنمونەی جۆن بۆڵتن و هاوڕێکانی. لەو ماوەیەدا توانیویەتی لەهەردوو ئیدارەی کۆماری و دیموکراتەکان لە پۆستەکەی بەردەوام بێ. لەئیدارەی بۆشی کوڕ ، ئۆباما ، ترامپ بەرپرسیاریەتی هەبوو لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
دووجار خەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا و دووجاریش خەڵاتی وەزارەتی دەرەوەی وەرگرتوە لەپای دەستکەوتەکانی لەبواری دیپلۆماسی و تایبەت ئەو کاتانەی کەباڵوێز بوە لە کۆسۆفۆ و تاجیکستان و تورکمانستان و ئەسیوبیا. خاڵی جێ سەرنج ئەوەیە کە لەسەروبەندی کارکردنی وەک باڵوێزی ئەمریکا لەتاجیکستان، ئیران هەوڵی تیرۆکردنی خۆی و خێزانەکەی داوە. کەئەم رووداوە پێدەچێ کۆمەکی باشمان بکات بۆ تێگەیشتن لەبەشێک لەتێروانینی شەخسی ئەم کەسایەتیە لەسەر ئیران و هاوپەیمانەکانی لەعیراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەم خانمە کەدێتە عیراق وەک ( سفيرة فوق العادة ) دەست بەکاردەبێت واتە مەلەفی ئوردن ، ئیران ، سوریا ، عیراق لای ئەم ژنە دیپلۆماتکارە دەبێت. وە تێبینیەکی گرنگتر لەمە ئەوەیە کە لەماوەی بیست ساڵی رابردوو هیچ یەکێک لە زاڵمای خەلیل زاد ، رایان کروکەر ، ستیوارت جۆنز ، دۆگلاس سلیمان، ماتیو تولەر، الینا رومانسکی. کەیەک لەدوای یەک سەفیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون لەعیراق، نە ئەم دەسەڵاتە زۆرەیان پێدراوە ، نەلەسەرەتاوە بەراشکاوی و بەو توندیەوە قسەیان لەسەر ئیران و دەست و پێوەندەکانی نەکردوە لەعیراق.
٤- زریانی جاکۆبسن هەربەتەنها لێکگرێدراو نابێت بە فاکت و هۆکارە راستەوخۆکانی هاوکێشەی سیاسی لەرۆژهەڵاتی ناوەراست. بەڵکو لەگەڵ ئامادەکاریەکانی گەشتنی جاکۆبسن بۆ بەغداد ، کۆمەڵێک پێشهاتی نوێ سەبارەت بە گۆرانکاری دەسەڵاتی سیاسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەرێوەن، کەهەر یەک لەمانە کاریگەری دراماتیکی لەسەر عیراق ، ناوچەکە ، ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێدەهێڵن، لەوانە:
یەک. هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا
بریارە لەیەکەم سێشەمەی مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرێوە بچێت. بەگوێرەی دواهەمین راپرسی و لەناو قوڵایی لێکدانەوە سیاسیەکان ، کۆماریەکان براوەی هەڵبژاردنەکان دەبن، وەزۆرترین ئەگەرەکان بۆئەوە دەچن کەلەناو کۆماریەکاندا چانسی بردنەوەی ترەمپ لەهەموو لایەکەوە بەرەو هەڵکشانە. بەتایبەتی کە رۆژانە ئاستی جەماوەری بایدن دادەبەزێت و لاوازی ئەدای شەخسی و کورتهێنانی ئیدارەکەی لە مەلەفی عیراق ، ئۆکراین ، جەنگی ئیسرائیل - غەزە ، هەیمەنەی چین ، فراوانبوونی کاریگەری ئیران لەناوچەکە هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کەهەر لەئیستاوە ماڵئاوای لە ئیدارەی پیاوە سپیە پیرە خەڵەفاوەکەی کۆشکی سپی بکرێت. لەلایەکی دیکەوە ، گەرانەوەی ترەمپ مانای لێدانی راستەوخۆ و کت و پرە لەپێگەی ئیران و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە. مانای گۆرینی سیاسەتی کۆشکی سپی دێت لەعیراق و لاوازکردنی ئەو گروپانەی هێزە چەکدارەکان کەرۆژانە لەبەغداد تەراتێن دەکەن دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا. مانای راستەوخۆ لێدانیان دێت وەک ئەوەی قاسمی سلێمانی.
دوو.ئێران
لەدوای کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئیران و هاوەڵانی لەمانگی رابردوو. بریارە چەند رۆژێکی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیران بەرێوە بچێت. خاڵی سەرنجراکێش و گوماناوی لەم مەسەلەیەدا زۆرن ، هەر لەخودی رووداوی کەوتنە خوارەوەکە هەتا ساردو سری خامنەیی لەهەمبەر رووداوێکی لەم شێوەیە، تادەگاتە سەر هێنانە بەرچاوی ریفۆرمخوازەکان کەماوەیەکی زۆرە رابەری باڵا لەسەر ستەیچی شانۆکە دووریخستونەتەوە. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەگەری بردنەوەی مەسعودی پزیشکیانی ریفۆرمخواز بەرامبەر سەعد جەلیلی و قاڵیبافی کۆنزەرڤاتیڤ کراوەیە، چونکە لەتازەترین راپرسی پزیشکیان ٪١٩.٨ و جەلیلی ٪٢٦.٢ وەبریارمنەداوە ٪٢٦ بوون. کەلەحاڵەتی گەرانەوەی ریفۆرخوازەکان ئیتر لەوە تێدەگەین کە خامنەیی رابەر لەوە دڵنیابوەتەوە کەزریانی جاکۆبسن هەڵیکردوە و بەر لەوەی بگات دەبێت دەسەڵاتی ئیران دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکات.
سێ. بەریتانیا و فەرەنسا
ریشی سوناک ، سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی بەریتانیا بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو بریاری هەڵبژاردنی پێشوەختی داوە لە ٤ ی تەمموزی ئەمساڵ، واتە دوای دوو هەفتەی تر.
سوناکی پارێزگارخواز لەکاتێکدا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە کە پارتەکەی ( پارێزگاران ) لەخراپترین ئاستی جەماوەری و قەیرانی ناوخۆی حیزبی و ئاریشەی سیاسیەوەدەژی. بەجۆرێک کە لەسێ راپرسی یەک بەدوای یەکدا کە سێ ناوەندی ئەکادیمی و جێمتمانە ئەنجامیانداوە ، دەرکەوتوە کەژمارەی کورسیەکانی پارتی پارێزگاران لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٠ کورسی دەبن، بەرامبەر بەدەستهێنانی ٤٥٠ کورسی پەرلەمانی بۆ پارتی کرێکاران لەکۆی ٦٥٠ کورسی پەرلەمانی. کەواتە بەهەموو پێودانێگ گۆرانکاریەکی ستونی لەدەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتی عوزما لەنزیکترین کاتدا روو دەدات و پارتی کرێکاران لەدوای ١٨ ساڵ دێنەوە سەر حوکم. هەر بۆیە ئینگلیز کە هاوپەیمانی سەرسەخت و مێژوویی ئەمریکیەکانە لەدونیا و لەرۆژهەڵاتی ناوەراست، وە بە دارێژەری پشت پەردەی رووداوەکانی عیراق دێتە هەژمارکردن. هاوکات لەئەگەری گەرانەوەی ترمپ و کرێکاران ، ئەوە دەخوێنرێتەوە کە ببنە سەرەتای ئامادەکاری هەڵکردنی زریانی جاکۆبسن. بەتایبەتر کە پارتی کرێکاران بەوە ناسراون کەدەخالەتی زیاتر لە سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتان دەکەن و هەر لەسەروەختی تۆنی بلێری کرێکاران، بریاری ئازادکردنی عیراق دراو رۆڵی گەورەیان هەبوو لەهاوپەیمانیەتی بۆشی کور و رووخانی هەردوو رژێمی تاڵیبان لەئەفغانستان و سەدام حسین لەعیراق.
هەرچی پەیوەندی بە فەرەنساوە هەیە، گەرچی حکومەتی پاریس لەپلەبەندی یەکەمینی ئەو زلهێزانەدانین کە کاریگەری راستەوخۆیان لەرووداوەکانی عیراق هەبێت، بەڵام ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت کەبێ رۆڵ بن، بەتایبەتی لەمەسەلەی قەیرانەکانی لوبنان و گرژیەکانی حزب الله و حەماس و فەلەستین، کەئەمەش لەتونێلێکی دیکەوە دەچێتەوە سەر پێشهاتە سیاسیەکانی عیراق.
لەئێستادا سەرۆک ماکرۆن لەدوای شکستی هاوپەیمانیەتیەکەی لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لەبەرامبەر راسترەوە توندرەوەکان بریاریدا بەهەڵوەشانەوەی پەرلەمانی فەرەنسا و هەڵبژاردنی پێشوەخت لەدوو خولی ٢٩ی حوزەیران و ٧ ی تەمموز. کەئەم رووداوە وەک بۆمبی تەقێنراوەی ئیدارەی سیاسی فەرەنسی ناوزەد کراو هاتنەوەی راسترەوەکان کە بەدژایەتی ئیسلامی ئوسوڵی و کۆچبەران و لیبراڵەکان ناسراون ، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەو ئاراستە فکریەی کە لێدان لە بەرژەوەندی گروپە توندرەوەکان لەناوچەکە دەبێتە سیاسەتی هەنوکەیی و لەپێشینەیان.
ماوەتەوە بڵێم:
جاکۆبسن کە هەرچەندە هاتنەکەی رەنگە بکەوێتە دوای ئیدارەی نوێ لەئەمریکا، بەڵام لەقوڵاییدا ناوی زریانێکی مەجازیە نەک ژنە دیپلۆماتکارێک ، زریانێک کە پێدەچێ ئامادەکاریە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بیسازێنن و بەهاتنی تەرازووی هێز لەناوچەکە یان بەلایەنی کەمەوە لەخوارووی رۆژهەڵات بگۆرێت.
PM:11:13:23/06/2024
ئهم بابهته 1304
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی