مردنی سەرکردەکان لە (ئاسمانی نەرم) و لە (زەوی ڕەق)
مردن لە ئاسمان، فانتازیا و گومان

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

 مردن لە ئاسمان، فانتازیا و گومان.

 سەرۆکێک کە لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکدا لە ئاسماندا دەمرێت، کۆمەڵێک مەتافۆر و وێنەی ئەفسانەیی بۆ دادەتاشرێت،  چونکە ئاسمان نوێنەرایەتی ئازادی و فراوانییەکی  بێ سنوور و نەناسراو دەکات، ئاسمان شوێنێکە بۆ جێگیرنەبوونی ئەزموون و هەڵچنینەکانی مرۆڤ.  کاتێک کەسایەتییەکی گرنگ لەم فەزا بێ کۆتایەدا  لەگەڵ مەرگ پێگ دەگەن، ئەوە ئاسمان و سروشت پێکەوە دەتوانن لەهەموان چاکتر نهێنی مەرگەکە بشارنەوە، ئەمەشە  ئەو تێکەڵەیە لە نهێنی و تێڕامانێکی بوونگەرایی کە زۆر جار دەمانەوێت پەی پێبەرین. 

زۆر جارو بەگوێرەی ناوچەکان،  مردنەکان بەهۆی هۆکارە ئاسمانییەکان لەناو موسوڵمانان پلەی جیاوازیان لە نیعمەت پێدراوە، لە هەندێک ناوچە کاتێک کەسێک بەهۆی لێدانی بروسکە دەمرێت، بەختەوەرترە لەمردنێک کە لە هۆکارێک لە زەوییەوە دەمرێت. 
 لەکاتێکدا لای مەسیحییەکان کەوتنەخوارەوە لە ئاسمانەوە بارگاوی کراوە بەو تێگەیشتنەی  ئینجیل و تەنانەت  ئەفسانەکان دەیبەخشن . کە دەتوانێت هێمای کەوتنەخوارەوەیەکی کارەساتبار بێت، کە ئیکارۆس بیردەخاتەوە چۆن لووتبەرزییەکەی وای لێکرد زۆر لە خۆر نزیک بێتەوە.
ئەمانە ئەم مرۆڤە گرنگانەبوون کە لە ئاسمانێکی  نەرم تامی  مردنێکی ڕەقیان کرد:-
داگ هامارسکیۆڵد (سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان)  لە  ئەیلوولی 1961.
عەبدولسەلام عارف (سەرۆککۆماری عێراق) لە نیسانی ساڵی 1966.
 ڕامۆن ماگسایسای (سەرۆکی فلیپین)،   لە  ئازاری ساڵی 1957.
جوڤێنال هابیاریمانا (سەرۆکی ڕواندا) و سیپرین نتاریامیرا (سەرۆکی وڵاتی بوروندی)، هەردووکیان لە  نیسانی 1994
 سامۆرا ماچێل (سەرۆکی مۆزەمبیق)، لە  تشرینی یەکەمی 1986.
لێچ کاچینسکی(سەرۆکی پۆڵەندا)،  لە نیسانی 2010دا.

محەممەد زیائولحەق(سەرۆکی پاکستان)، لە ئابی 1988دا.
 
بۆریس ترایکۆڤسکی (سەرۆکی مەقدۆنیا)،  لە شوباتی 2004 .
 
 جۆن گارانگ (جێگری سەرۆکی سودان و سەرۆکی سوپای ڕزگاریخوازی گەلی سودان)،  لە تەمموزی 2005 . 

ئیبراهیم ڕەئێسی ( سەرۆکی ئێران)  لە ئایاری 2024 دا.
 
 هەموو ئەمانەی ناو وبەرواری مردنیان نوسرا، بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیان لە باوەشی ئاسماندا لەگەڵ مەرگ یەکانگیر بوون.

تێۆری پیلانگێڕی
    گونجاوترو  فراوان تر لە ئاسمانمان نییە تا تێۆرەکانی پلانگێڕی پێ زاخاوبدەین، تێکەڵی ئاسمان و ڕۆڵەکەی زۆرجار دەبێتە سووتەمەنی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی . 
فڕۆکەکە، کێشەی تەکنیکی هەبوو، فڕۆکەوانەکە جەڵتەلێدا، سەختی کەش و هەوا بوو، تیرۆر بوو، دەستی ناوخۆبوو، دەستی فلان دەوڵەت بوو، هێشتا دەکرێت زیاتریش  بگوترێت، چونکە بەرینی  سنگی ئاسمان بەراورد ناکرێت بە فراوانی بەحریش. 

 جگە لە فراوانی ئاسمان و نهێنییە سەرابییەکەی کە  دەتوانێت بیرکردنەوە لە چارەنوسی قوربانییەکە بۆ ئاڕاستەی زۆر نادیار ببات. تەنانەت لە چەرخەکانی پێشودا ئەبوایە بۆ مردنی لەسەر زەویش پرس بە ئاسمان بکرێت، یان لە ئەستێرەناسێک پرسیاربکرێت که  ئایا ڕووداوێکی پێشوەختە نەخشە بۆکێشراو بوو یان نا؟  ئەگەر واشبێ، ئەوە ئەبێت دواجار  لەسەر ڕوپەڕی  ئەستێرەکان نووسرابێت. ئەمەش جەخت دەکاتەوە  سەر سەرسامی هەمیشەیی مرۆڤایەتی بە نهێنییەکانی ئاسمان و دەروازەکانی ئەستێرە و کلیلی  ئەستێرەناسی، کە هەمووی بریتییە لە کاریگەری گەردوونی. 
شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا.  بیرۆکەی ونبوونی سەرۆکی وڵاتێک لەناو هەورەکانەوە بۆ جەنگەڵێکی چڕ، کە جارێکی تر نەبینرێتەوە، هەڵگری دەنگدانەوەیەکی ڕۆمانسییە، هەرچەندە کارەساتباریش بێت.   ختوکەی هەستی  کۆتایی و فەنابوون   دەکات کە هاوشێوەی لەناوچوونی پڕلە نهێنی ئەمێلیا ئێرهارتە، دەشێت دەسەڵات بەکاری بهێنێت بۆ سۆزی خەڵکەکە. 

 مردن لەسەر زەوی
فانتازیا و هێماسازی
 مردن لەزەوی، هێندەی مردن لە ئاسمان نەرم نییە، هێندەش شاراوەو تەلیسماوی نییە، جا ئەگەر مردنی سەرۆککۆمارێک بێت. چونکە  زەوی کۆمەڵێک توخمی  ڕەمزی و گێڕانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. زەوی چەندە ڕەقە هێندەش ئاشنایە، ئاسمان چەندە نەرمە هێندەش شاراوەیە و نائاشنایە، زەوی  نوێنەرایەتیەکی بەرجەستەی  واقیع و مردن دەکات.

کۆتاییەکی  فانییە کە تەنانەت  مردنی نەخشەبۆکێشراویش  جەخت لەسەر سروشتی پەی پێنەبردووی مردن دەکاتەوە.  هەرچەندە دەسەڵاتداریش وەک هەموو کەسێک ملکەچی هەمان کۆتایی زەمینییە.  ئەمەش دەتوانێت بیرکردنەوەیەکی دیار لەسەر سروشتی دەسەڵات و مرۆڤایەتی بخاتەڕوو.

   سەرەنجام مردن لەسەر زەوی ڕێگە بە لێکۆڵینەوەی ورد و پشکنینی جەستە و گێڕانەوەیەکی  ڕوونتر دەدات. لاشەکان ئامادەترن بۆ ئەوەی هەست بکەی بەدڵنیایی دوسیەکەت داخستوە، سەرەڕای ئەمەش هەندێکجار ئاوێتەی  سکانداڵ یان مشتومڕی سەیر دەبێت.
لەم مردنانەی لەخوارەوە دانراون ڕامینە،  چەندە جیاوازن لە مردنەکانی کە پێشتر باسکران، ئەمانە لە سەر زەوی  مردن بۆیە ناوی کوژراو بکوژ پێکەوە دێت، ئەمەش چونکە زەوی هێندەی ئاسمان نهێنییەکانی  پێ پەنهان نادرێت. 
 سەرۆک جۆن ئێف کێنێدی (ئەمریکا) لە ٢٢ی تشرینی دووەمی 1963 بەگولە تیرورکرا, لی هارڤی ئۆسڤاڵد بەهۆی تیرۆرەکەوە دەستگیرکرا، هەرچەندە هێشتاش مردنەکە جەخت لە  تیۆری پیلانگێڕی  دەکاتەوە. 

 سەرۆک ئەبراهام لینکۆڵن (ئەمریکا) لە 15 نیسانی 1865  لەلایەن جۆن ویلکس بووسەوە لە شانۆی فۆرد لە واشنتۆن دی سی تەقەی لێکرا، ڕۆژی دواتر بەهۆی برینەکانیەوە مرد.

ویلیام مەکینلی (ئەمریکا) لە 14 ئەیلولی 1901  لەلایەن ئەنارکیست لیۆن چۆلگۆسەوە تەقەی لێکرا.  دوای هەشت ڕۆژ بەهۆی برینەکانیەوە مرد. 

ئەنوەر سادات (میسر) لە 6 تشرینی یەکەمی 1981 لە کاتی نمایشی ساڵانەی سەرکەوتن لە قاهیرە لەلایەن ئەندامانی جیهادی ئیسلامی میسرەوە تەقەی لێکرا. 

جەیمس ئەی گارفیڵد (ئەمریکا) لە 19 ئەیلولی 1881  لەلایەن چارڵز جەی گویتۆوە تەقەی لێکرا، دوای چەند هەفتەیەک بەهۆی هەوکردنەکانی پەیوەست بە برینەکانیەوە مرد.

ئەدەب 
کاتێک کتێبی بەرەوخۆشبەختی لە نوسینی ئانتۆنی ڕابێنز دەخوێنیتەوە، ئەوانە دەبینی کە پێیان وابوە دەمرن و مردن، فڕۆکەوان بوو پێی وابوو تێک دەشکێ و تێکشکا.  زۆرێک لە نووسەران بە شێوەی جۆراوجۆر ئەم بابەتانەیان لێکۆڵیەوە.  بیر لە (W.B ویلیام باتلەر ییتس،  ١٨٦٥- ١٩٣٩) )بکەرەوە  کە لە فیلمی "فڕۆکەوانێکی ئێرلەندیدا پێشبینی مردنی خۆی دەکات"ئەمەیە کە  سروشتی ئەسمانیی کۆتاییهاتنێکی ئاسمانی دەوێت. 

 (دەزانم کە بەرەو ڕووی چارەنوسی خۆم دەبمەوە.
 لە شوێنێک لە نێوان  گڵۆمەی هەورەکانی سەرەوە
 ئەوانەی کە شەڕیان لەگەڵ دەکەم ڕقم لێیان نییە،
 ئەوانەی کە پاسەوانییان لێدەکەم خۆشم ناوێت).

با هەر لای ییتس  بمێنینەوە،  فڕۆکەوانەکەی ییتس بیر لە گرنگی کەسی و فەلسەفەی مردن لە ئاسماندا دەکاتەوە، هەم وەک حەتمی و هەم وەک دابڕاو لە نیگەرانییە زەمینییەکان وێنای دەکات.

 لە لایەکی دیکەوە، لە فیلمی "جەنگ و ئاشتی"ی لیۆ تۆڵستۆیدا، مردنی شازادە ئەندرێی بۆلکۆنسکی بە واقیعێکی زەمینەسازی و ناوەکی وەسف دەکرێت.
لە دەموچاویدا دەربڕینێکی بێدەنگ و نەرم و نیان و پڕلەبەرائەت هەبوو، وەک ئەوەی منداڵان دەیکەن، سەریان دەلەقێنن بە نیشانەی ئەوەی دەی نامەوێت!!
 
 وەسف و  زەمینەسازییەکەی تۆڵستۆی جەخت لەسەر توخمە مرۆییەکان و کەرامەتی  مردن و ئەو کاریگەرییە قووڵەی لەسەر ئەوانەی کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتوون دەکاتەوە. 

 هەردوو سیناریۆکە چ لە ئاسمان یان لەسەر زەوی بێت زەوییەکی بەپیت بۆ گەڕان بەدوای وردەکارییەکاندا یان ئاسمانی پەی پێنەبراو،  ئەوا  مردن و ئەو چیرۆکانەی بەدوایدا دێن لە  بیردانگی هۆشیاری نەتەوەیەکدا  دەمێننەوە.


PM:07:27:20/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 1540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی