کورد...لەصمام الامان بۆ هەژماری من
د.بەختیار شاوەیس
سیستانی لەلێدوانێکی گرنگ و مێژوویدا وتی: تاڵەبانی صمام الامانی عیراقە.
دەزانین قسەی ئەم مەرجەعە باڵایە لای شیعەکان فەتوایە، نە کەس رەتی دەکاتەوە ، نەکەس دەتوانێ ڕێزی نەگرێت. سیستانی کاتێک ئەمەی وت کە تازە بەتازە رژێمی بەعس کەوتبوو. سەرکردایەتی سیاسی کورد قورسایی خۆی خستبوە بەغداد. بەغدادیش بەدەم ناڵاندنی ئاریشەی سیاسی و ئەمنی و دەوڵەتداریەوە خەریکی دروستکردنەوە و رێکخستنەوە و هاتنە سەرپێی داو و دەزگاکانی بوو. لەو دەمەدا کەتاڵەبانی نمایندەی کوردی لەئاستە بەرزەکە دەکرد، ئەو تێروانینەی سیستانی لەسەر تاڵەبانی لەدیوە مەجازیەکەیدا مەبەستی کورد بوە. واتە رۆڵی کورد بۆ عیراقەکەی دوای سەدام حسین وەک ئەو صمام ئەمانە وایە کە دەتوانێت لەنگەری دیموکراسی و ئۆقرەیی و ئارامی دابین بکات.
لەو دەمەدا، پێگەی کورد هێندە بەهێزبوو کە نەبەسونە نە بەشیعە بەراورد نەدەکرا، بەتایبەتی سونەکان. چونکە جگەلەوەی کە ئەوان شۆکی لەدەستدانی دەسەڵاتی ٨٣ ساڵی بەرینەدابوون. لەسەر ئەرزی واقعیش لە پرۆسەی سیاسی لاتەریک و هەروەها بایکۆتی دەستوریشیان کردبوو.
هەرچی شیعەیە وەک پاشکۆی کورد دەردەکەوتن لەمەسەلەی پرۆسەی بیناکردنەوەی عیراق لەسەر مۆدیلی نوێ و زۆرجار بەروونی ئەمەیان نەشاردووەتەوە کە دەستوور وەک بنەمای دەوڵەتی نوێ جێپەنجەی کوردی پێوە دیارە بەهاوئاهەنگی ئەمریکیەکان.
شیعەکان کەلەئیران و وڵاتانی دراوسێ و لەفندقەکانەوە بەدەستی خاڵی گەرابوونەوە بەغداد زۆر جیاواز بوون لە دۆخی کورد.
کورد ، دەسەڵاتێکی دیفاکتۆی لەناو هەناوی عیراقەکەدا هەبوو. دەسەڵاتێک کە لەحکومەت و پەرلەمان ، هێزی سەربازی و ئەمنی، خاوەنی پەیوەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ... هتد.
لەرەهەندێکی دیکەوە، کاریگەری کورد لەناو دەستوور ، لەپەرلەمانی عیراق، لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ، لەپەیوەندیەکانی عیراق لەگەڵ دنیای دەرەوە وەک رۆژی رووناک دیاربوو.
* لەدەستوور چارەسەری مەسەلەی خاک ( مادەی ١٤٠ ) ، دەسەڵاتەکانی هەرێم ( مادەکانی ١١٧ و ١٢١ ) پێشمەرگە ( مادەی ٣٩ ) داننان بە زمانی کوردی ( مادەی ٤ ) نەوت و سامانە سروشتیەکان ( ماددەکانی ١١١و ١١٢ ) جێگیرکرابوو.
* لەپەرلەمان بەبێ پەسەندی کورد یاسا گرنگەکانی وەک بودجە ، هەڵبژاردن ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تێنەدەپەری.
* لەساتە پر لەناکۆکی و هەستیارەکاندا ، لایەنە عیراقیەکان دەهاتنە هەولێر و حکومەت پێک دەهات.
* لەکەرکوک و خانەقین و شەنگار و ئەو ناوچانە کورد حاکم و بریار بەدەستی یەکەم و کۆتایی بوو.
بەڵام ئەمێستا ، بەهۆی سیاسەتی شکستخواری دەسەڵاتدارانی کوردەوە ، بەهۆی تاکڕەوی لەبریار و عینادی سیاسیەوە ، بەهۆی خۆخۆری حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەگەڵ یەکتر و خۆخۆری لەناو یەکتر ، بەهۆی چەمانەوە بۆ دوژمنان و نەیارانی کورد لەدەوڵاتی دەرەکی ، سازشنەکردن بۆ یەک لەناوخۆدا لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکان ، دۆخێک بەسەر کورد و قەوارەی سیاسی هەرێم هاتوە کە ناحەزیش ئیرەیی پێنابات.
ئەمێستا شتێک لەفەرهەنگی سیاسی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانە نەماوە بەناوی شەری خاک و شەری مافی خەڵک و شەری زمان و کەلتوور و شوناسی نەتەوەیی. هەر بەهۆی سیاسەتی شکستخواردوو ، سیاسەتی حیزبیانەی تەسک، سیاسەتی نادادپەروەری لەدابەشکردنی سەرەوەت و سامانی وڵات، سیاسەتی ناشەفافی ، سیاسەتی بەبنامەڵەیکردنی جومگە بنەرەتیەکانی دەسەڵات ، سیاسەتی پەراوێزخستنی دادگا و سەرەوەی یاسا ، سیاسەتی بێگانەپەرستی، سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بەدزینی ژێرخان و سەرخانی هەرێم، بەدزنی موچە، بە زیادکردنی باج و سەرانەسەندن....هتد لەلایەن ئەمانەوە بارودۆخێک هاتوەتە پێش کە مەسەلەی هەژماری من یان یاسایبون و رەفزکردنی جێگەی ئەو خەونە جوانانەی گرتوەتەوە کە هەموان شەوان دەمانبینی کە ئەویش هەبوونی هەرێمێکی کوردستانی دادپەروەر و دیموکراس و خۆشگوزەران و ئازاد بوو.
PM:08:48:14/05/2024
ئهم بابهته 1460
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی