ویژدانتان بێت (ی. ن. ك) خەتابار مەکەن
بارزان شيخ عوسمان
هەر حزب و کاندیدایەک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە هەر هەڵبژاردنێکدا مافی رەوایەتی بانگەشە بۆ خۆی بکات . دیارە بە پێی نەریت و بنەما و رێساکانی دیموکراسیی ئەو حزب و کاندیدایە بێ هیچ رێگرییەك دەتوانێت بەرنامە و نیازی خۆی لەو بانگەشەیەدا بخاتە رو ،خۆیشی بە باشترین بداتە قەڵەم . وەك چۆن کۆکا کۆلا لە ریکڵامەکانیدا خۆی بە یەکەمین ناودەبات.
دیارە لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتیی ئەم نەریتە جیاوازە زیادڕەویی زۆر تیادا دەکرێت جاری وا هەیە جنێودانیش بە بەرامبەرەکە و تۆمەتدانە پاڵی ناڕاست و لەکەدار کردنی یەکتر تا رادەی بابەتە شەخسیی و خێزانییەکانیش رەوایە.
ئەوەتا هێزێکی سیاسیی وەك (ی،ن،ك) وا خراوەتە بەر شاڵاوی تۆمەتی ناڕەوا ،وەك ئەوەی بەرپرسیاری دواخستنی وادەی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییە بێت کە پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق دیاریی کردبو.
با لە مەسەلە قانونیئ سیاسییەکانی ئەو تەنگژەیە گەڕێین کە ئێستا لە ئارادایە و باساوەکانی ئەو لایەنە شەون وکەو نەکەین کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکەی کردوە . با قسە لەسەر ئەوە بکەین کە ئایا (ی،ن،ك) سور نەبوە و سور نییە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە لەو ادەی خۆیدا بکرێت؟!.بە دڵنیاییەوە وەڵامەکەی لای هەمو کەس و لایەنێکی بە ئینساف و بە ویژدان بەڵێ یە.
چونکە هەر دوای دیاریکردنی وادەکە ئیتر (ی،ن،ك) کەوتە خۆ و ئامادەکاریی بۆ ئەو پرۆسەیە بەو گیان و وزە سیاسییەی کە پێی ناسراوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسیی لە هەرێمەکەو عێراقیشدا . هەوڵی زۆر دراوە کە (ی،ن،ك) قایل و رازیی بێت بە دواخستن بەڵام وەك سەرۆك بافڵ مامجەلال تاڵەبانی هەمیشە و لە هەمو کات و وێستگەیەکدا رایگەیاندوە، (ی،ن،ك) پابەند بوە و دەبێت بە وادە دیاریکراوەکەوە. کەچی لایەنەکانی تر بەو پەڕی بێ ویژدانییەوە ،وەك ئەوەی (ی،ن،ك) بە دوژمنی پلە یەکی خۆیان بزانن ،وەك ئەوەی هەر بڕیاریان وەرگرتبێت کە (ی،ن،ك) بخەنە نێو قەفەزی تۆمەتبارییەوە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگ هەزار چیرۆك و سیناریۆی شکستخواردو دەدەن بە گوێی دەنگدەراندا کە گوایە خەتای (ی،ن،ك) ە هەڵبژاردن دواخراوە.
(ی،ن،ك) بۆ ساتێکیش لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی خۆی دورناخاتەوە .لەساڵی ١٩٩٢ەوە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی (پەرلەمان، شارەوانییەکان، پارێزگاکان و سەندیکا و رێکخراوەکان) بەڕێوە دەچێت، (ی،ن،ك) نەك دوانەکەوتوە لە بەشدارییکردن، بەڵکو رێگەی فەراهەم کردوە بۆ هێزی تر و بیری جیاواز کە دەربکەون و و بە پێی وەوارە. و سەنگی خۆیان دەنگی جەماوەرەکانیان بەدەست بهێنن.
ئەوەش هەرگیز منەت نییە کە ئەو حزبە جەماوەرییە بیکات بەسەر لایەنێکی تردا، بەڵکو خۆی لەو پێناوەدا هاتوەتە مەیدانی خەبات کە دیموکراسیی بچەسپێت و رەنگی تری نیشتمانیی و سیاسیی و پێگەیشتو لەپاڵ رەنگی خۆیدا بدرەوشێتەوە ،جاری وا هەیە هەرزە سیاسیی و ناکامڵیش لە پەراوێزی ئەو دیمکراسییەدا جێی بوەتەوە کە (ی،ن،ك) بۆی خوڵقاندون.
بۆیە رەوای هەق نییە ئەو کەس و لایەنانەی کە کارتەکان تێکەڵ دەکەن لەم بارودۆخەدا (ی،ن،ك) یش بەر پرسیار و خەتابار بکەن بە دواخستنەکە ، ئەگەر ئەو ن کارتەیان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە ، با کارتی تر بەکار بهێنن. ئەگەرنا ئەوا یا ئەوانیش شەریکی لایەنی دواخستنی پرۆسەکەن چونکە زۆر سەرسامن بە دەستەواژەکانی (فەرمی، بەربژێر و بەرد بژێر ) ، یا هەر مەسەلەکە هەر ئەوەیە (ی،ن،ك) بە خاڵی خۆیان دەزانن!.
AM:11:12:13/05/2024
ئهم بابهته 6076
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی