كۆتاییه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان

‌سیروان غەریب

كۆتاییه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان به‌ته‌واوی‌ ده‌ركه‌وتووه‌، نه‌ك هه‌ر له‌بواری‌ به‌ڕێوبردنی‌ وڵات و سیاسه‌تكردندا، به‌ڵكو له‌ ژیانیشیدا پیری‌ و نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ پێكه‌وه‌ ته‌نگیان پێهه‌ڵچنیوه‌. زۆر نزیكه‌ كۆتاییه‌كانی‌ ژیانی‌ ئه‌م پیاوه‌ به‌ده‌م شكستێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسییه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ توركیادا دۆست و نه‌یاری‌ سه‌ره‌تاكه‌یان بینی‌.

شكستی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدان‌ (ئاكپارتی- پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان) به‌رامبه‌ر به‌ ركابه‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی‌ كه‌ بریتی‌ بوو له‌ پارتی‌ جه‌هه‌په‌ی ئۆزگور ئۆزه‌ل، ئاینده‌ی‌ شكستی‌ ئه‌ردۆگانی وه‌ك رۆژی‌ روناك ده‌رخست. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ك چاره‌نووسی‌ ئه‌ردۆگانی‌ یه‌كلاكرده‌وه‌، به‌ڵكو پێشبینییه‌كی‌ روونیشی‌ دا به‌ ئاكپارتی‌ كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ ئاینده‌ شۆك نه‌یانگرێت و چیدی‌ حزبی‌ حوكمڕان نابن.

حزبه‌كانی‌ توركیا ئه‌وانه‌ی‌ ته‌نها له‌ شكستپێهێنانی‌ ئه‌ردۆگاندا یه‌كن كه‌ زانییان ئه‌ردۆگان رووبه‌ڕووی‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ و به‌ده‌رفه‌تیان زانی‌ بابه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ بوروژێنن ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ئابووری‌ توركیا و دابه‌زینی‌ لیره‌ی‌ توركی‌ بۆ خراپترین ئاست.

پیری‌ ئاخیر شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ په‌سه‌ند نه‌بێت هه‌ر له‌دوای‌ شكسته‌كه‌ی‌ له‌ شاره‌وانییه‌كان بابه‌تی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌ندیلی‌ كرده‌وه‌ به‌ بابه‌تێكی‌ گه‌رم و گوڕی‌ نێو میدیاكان، ئه‌گه‌رچی‌ دروسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراقیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕێككه‌وتبێت، به‌ڵام گه‌رم و گوڕی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ و هێنانه‌وه‌ پێشه‌وه‌ی‌ بۆ سه‌ر سفره‌ی‌ به‌هاری‌ كورد، راستییه‌كی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ ئه‌ردۆگان به‌پێچه‌وانه‌ی‌ دیكتاتۆره‌ ته‌قلیدییه‌كان وه‌ك دیكتاتۆرێكی‌ مۆدێرن دركی‌ به‌شكستی‌ خۆی‌ كردووه‌. وه‌ك هه‌موو ئه‌و پیاوه‌ سیاسییانه‌ی‌ كه‌ پێیانوایه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌ختی‌ شانۆی‌ ده‌سه‌ڵات تاسه‌ر ئه‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ بێت، ده‌ستێكی‌ باڵایان هه‌یه‌ له‌دروستكردنی‌ شه‌ڕ و قه‌یرانی‌ گه‌وره‌ تاوه‌كو به‌ ئه‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ بمێننه‌وه.

هه‌رچۆنێك بێت ئه‌ردۆگان خه‌ونی‌ بێت یان خه‌یاڵ، له‌به‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ شكسته‌كه‌ی‌ بێت یان رێگریكردنی‌ بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ كه‌ تیایدا سه‌ری‌ سیاسی‌ تیاده‌چێت، به‌ته‌مای‌ ده‌ستپێكردنی‌ هێرشێكی‌ فراوانه‌ بۆ سه‌ر قه‌ندیل و قه‌ندیلییه‌كان، به‌ڵام ده‌بێت پێش هه‌ر جوڵه‌یه‌ك ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرێت كه‌ هێزو توانای‌ بڕیاره‌كانی،‌ ئه‌و هێز و توانایه‌ی‌ نییه‌ كه‌ له‌ 16 نیسانی 2017 له‌ڕاپرسی بۆ گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، پرۆژه‌ی حیزبی داد و گه‌شه‌پێدانی سه‌رخست و، توانییان سیسته‌مه‌كه‌ بگۆڕن بۆ سه‌رۆكایه‌تی، چونكه‌ ئێستا كه‌ گڵۆڵه‌ی‌ له‌ لێژییه‌ نه‌ك نه‌یاره‌كانی‌ خۆزگه‌ به‌شكستی‌ ده‌خوازن، به‌ڵكو به‌شێك له‌دۆسته‌كانیشی‌ پشتیان تێ كردووه‌. یه‌كێكی‌ وه‌ك هاكان فیدان نه‌ك چاوه‌ڕوانی‌ شكستێتی‌ به‌ڵكو ئاوات بۆ مه‌رگیشی‌ ده‌خوازێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ په‌*ك*ه‌ك*ه‌ش ئه‌و هێزه‌ی‌ جاران نییه‌ كه‌ له‌به‌ر درۆنی‌ سوپای‌ توركیا بچنه‌ نێو ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه‌. هه‌واڵی‌ خستنه‌ خواره‌وه‌ی‌ 16 درۆنی‌ گرانبه‌های‌ توركیاش له‌ چیاكانی‌ كوردستان مه‌سجێكی‌ ئاشكرایه‌ بۆ ئه‌ردۆگان كه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ فراوانتره‌ و په‌كه‌كه‌ به‌ته‌نها نییه‌.

ده‌نگده‌رانی توركیا پاش 22 ساڵ‌ له‌حوكمڕانی، سزای ئه‌ردۆگان‌ و ئاكه‌په‌یان دا، ئه‌مه‌ گرنگترین په‌یامی هه‌ڵبژاردنی 31ی ئازار بوو له‌ توركیا، كه‌ ئه‌ردۆگان به‌"خاڵی وه‌رچه‌رخان" ناوی برد.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌ 44 پارتی سیاسی ڕكابه‌رییان كردو 61 ملیۆن‌ و 442 هه‌زار ده‌نگده‌ر به‌شداریان كرد ئه‌نجامێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌ركه‌وت، كه‌ به‌تروسكایی هیوا داده‌نرێت بۆ گۆڕانكاریی له‌م ناوچه‌یه‌دا، به‌سه‌رنجدان له‌گرنگی توركیا له‌ڕووی سیاسی‌ و مێژوویی ‌و جوگرافی‌ و كاریگه‌رییه‌وه‌ له‌ رووبه‌رێكی فراوانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌ و قه‌فقاس ‌و ته‌نانه‌ت باكووری ئه‌فه‌ریقاشدا، كه‌ زیاتر له‌دوو ده‌یه‌یه‌ ئه‌ردۆگان ‌و حزبه‌كه‌ی حوكمڕانی تاك‌ و ته‌نهای ئه‌م وڵاته‌ن.

هۆكاری جۆراوجۆر له‌پشت ئه‌م ئه‌نجامه‌وه‌ن، هه‌ر له‌قه‌یرانی ئابووریی‌ و هه‌ڵاوسان‌ و گرانی تێچووی ژیان ‌و په‌راوێزخستنی خانه‌نشینان‌ و توێژه‌ ته‌همیشكراوه‌كانه‌وه‌، بگره‌ تا ده‌گات به‌سه‌ركوتكردنی كورد، ئه‌مه‌ ئیتر ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ بوو كه‌ "جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر" پێكه‌وه‌ ناڕه‌زایی كه‌ڵه‌كه‌بوویان به‌رامبه‌ر به‌نادادپه‌روه‌ری‌و ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌كه‌سی ئه‌ردۆگان ده‌ربڕی.

مانیفێستی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بریتی بوو له‌وه‌ی خۆری ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وانه‌ی ئه‌ردۆگان روو له‌ ئاوابوونه‌ و ئاكه‌په‌ و ئه‌ردۆگان كه‌ له‌ساڵی 2002ه‌وه‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بردووه‌ته‌وه‌، بۆ یه‌كه‌مجار شكستیان هێنا و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ئه‌مه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌كی نوێ به‌ڕووی كه‌شی سیاسی توركیادا ده‌كاته‌وه‌.

ناكرێت ئه‌م ئه‌نجامه‌ ته‌نها وه‌ك سه‌ركه‌وتنی پارتی سه‌ره‌كی ئۆپۆزسیۆن "جه‌هه‌په‌" لێكبدرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ده‌ره‌نجامی كۆده‌نگی خه‌ڵكێكی بێده‌نگه‌، كه‌ هه‌ستیان به‌پێویستی به‌شداریی كردن‌و یه‌كگرتوویی كرد له‌پێناو كۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ 22 ساڵه‌ شه‌رعیه‌تی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بنیاتنابوو.

یه‌كێك له‌براوه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كورد بوو، كه‌ سه‌ڕه‌رای ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌سیاسه‌تمه‌دارو هاوسه‌رۆكانی پێشووی‌ "هه‌ده‌په‌ - ده‌م پارتی ئێستا"و دانانی قه‌یوم بۆ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی باكووری كوردستان، هێشتا له‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت‌ و تۆقێنه‌ره‌دا ده‌م پارتی كۆڵی نه‌دا و وێڕای هه‌موو جۆره‌ گزی‌ و ساخته‌كاری‌ و توندوتیژییه‌ك، سیسته‌می قه‌یومی هه‌ژاند و رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بوو له‌وه‌ی ئاكه‌په‌ شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئه‌سته‌نبوڵ بدۆڕێنێ‌ و جارێكی تر جه‌هه‌په‌ بیباته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مایه‌ی توڕه‌یی ئه‌ردۆگان بوو، وه‌ك له‌وتاری دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كاندا راسته‌وخۆ ده‌رده‌كه‌وت، كه‌ به‌توندی هێرشی كرده‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ هۆكاری دۆڕاندنی بووبێت!



*گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی. لەیەککاتدا چوارشه‌ممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.


PM:11:21:02/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 1608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی