نه‌قیب دێرین، نه‌ك كوێخا دێرین

‌سیروان غەریب

زۆربه‌ی میدیای كوردی له‌ بابه‌تی رووداوی تۆمه‌تبار"نه‌قیب دێرین" بوون به‌ به‌شێك له‌خستنه‌ڕووی ناوی دێرین وه‌ك كوێخایه‌ك، له‌راستیدا دێرین كوێخا نه‌بوو به‌ڵكو فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوو به‌ پله‌ی نه‌قیب. داپۆشینی ناوی نه‌قیب به‌ كوێخا دوورخستنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ بوو له‌ناو سیسته‌می سه‌ربازی یه‌كێتیدا بۆ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی.

ئه‌و میدیایه‌ی پێیوایه‌ نه‌قیب دێرین ھه‌ڵسوكه‌وته‌ نایاساییه‌كانی به‌ پاڵپشتی عه‌شیره‌ت بووه‌، پێ به‌ پرنسیپه‌كانی كاری رۆژنامه‌وانی ده‌نێت‌ و به‌شدار ده‌بێت له‌ ته‌ڵخكردنی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ و شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت، ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و ماشێنه‌ میدیاییه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه‌ به‌پاڵپشتی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان به‌كارھێنرا، ئه‌ویش بریتی بوو له‌ خستنه‌ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌كه‌ له‌سیسته‌می سه‌ربازی یه‌كێتیدا بۆ ناو عه‌شیره‌ت.

له‌ وێنه‌ روونه‌كه‌دا دێرین به‌ته‌واوی وه‌ك نه‌قیبێكی ده‌ستڕۆشتوو و فه‌رمانده‌یه‌كی پڕ تفاق‌ و ھێز ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌میدا ده‌یه‌وێت ھێزی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌وی دیدا كه‌ره‌سته‌كانی عه‌شیره‌تداری نییه‌، به‌ڵكو بوونی ھه‌یبه‌تێتی له‌ناو سلكی سه‌ربازیدا، به‌پشتبه‌ستن بووه‌ به‌و ھێزه‌ی كه‌ یه‌كێتی له‌چوارچێوه‌ی فه‌وجێكی پڕ تفاقدا بۆی دابینكردووه‌ نه‌ك عه‌شیره‌ته‌كه‌ی.

 ئه‌وه‌ی قه‌ڵای دێرینی به‌رزكردۆته‌وه‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو له‌رێگه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ حزبییه‌ سه‌ربازییه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 33 ساڵی ڕابردوودا له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندایه‌ كه‌ باڵه‌كانی ناوی پڕبوون له‌كارگه‌ی به‌ھه‌رمھێنانی ده‌یان "دێرین".

واباشتره‌ میدیا بۆ نیشاندانی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئه‌منییانه‌ جوت نه‌بێت كه‌ كێشه‌كه‌ ھه‌نارده‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و شانۆی رووداوه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌شێوێنن، به‌ڵكو پاشخانی كێشه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌ كه‌ ھاوتابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پرنسیپانه‌ی كه‌ كاری رۆژنامه‌وانی پێ به‌نده‌ نه‌وه‌كو ببێته‌ به‌شێك له‌و روئیایه‌ی سه‌رچاوه‌ كێشه‌داره‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌كاتی ڕووداوه‌كاندا دروستی ده‌كه‌ن.

من به‌رگری له‌عه‌شیره‌ت ناكه‌م، له‌ژیانیشمدا بۆ هیچ كێشه‌و  گرفتێكم په‌نام بۆ نه‌بردووه‌، به‌ڵام حه‌قیقه‌تی كێشه‌كه‌ ئه‌مجاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ عه‌شیره‌ته‌وه‌ نییه‌، ده‌توانم بڵێم له‌مێژووی دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ عه‌شیره‌تێك ببینم دوور له‌موزایه‌ده‌ و دور له‌ھه‌ڵسوكه‌وتی توندوتیژیانه‌ زۆر ژیرانه‌ كێشه‌ له‌خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌. ئه‌وان پشتگیری یاسایان كرد. پاشان له‌رێگه‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كه‌یان به‌زمانێكی دیبلۆماسییانه‌ وتیان: دێرین كوڕی ئێمه‌ بووه‌، به‌ڵام ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانی به‌پشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كردووه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ھه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ دێرین، وه‌ك زۆرێك له‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌ناڕه‌وا و له‌سه‌ر بنه‌مای "مه‌حسوبیه‌ت ‌و مه‌نسوبیه‌ت"و بێ ره‌چاوكردنی هیچ پره‌نسیپێكی سه‌ربازیی ‌و یاسایی، پله‌ی سه‌ربازییان پێبه‌خشراوه‌، كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ پله‌ سه‌ربازیییه‌كه‌ی به‌كاربهێنێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و بوون به‌سه‌رۆك تیره‌ و هۆز و عه‌شیره‌ت‌.  

واباشتره‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی سلێمانی له‌بری ھه‌نارده‌كردنی كێشه‌كانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی دوای قه‌ڵاكه‌ی دێرین، قه‌ڵای ئه‌و سیسته‌مه‌ سه‌ربازییه‌ش بڕوخێنێت كه‌ بۆته‌ كارگه‌ی دروستكردنی چه‌ندین دێرین ‌و پرسیار له‌خۆی بكات: دێرین له‌كوێوه‌ دروستبوو؟ كێ شیری ھه‌ڵھاتن له‌ یاسای داوه‌تێ ‌و له‌كوێوه‌ ئه‌م ھێزه‌ی به‌ده‌ستھێنا كه‌ سوكایه‌تی به‌ھاوڵاتیان بكات و پیاوه‌كانی بنێرێته‌ سه‌ر خاوه‌نكاران؟ واباشتره‌ پرسیار له‌خۆی بكات له‌سه‌ره‌تادا كێ بوو ڕێگه‌ی دا قه‌ڵا دروستبكات؟

ئه‌وه‌ی خۆی به‌سه‌رمه‌شقی گۆڕانكاری له‌ناوچه‌كه‌ داده‌نێت، ده‌بێت باوه‌ڕی به‌وه‌ ھه‌بێت كه‌ سیسته‌مێكی سه‌ربازیی خراپ له‌ناو ھه‌ناوی یه‌كێتیدا له‌ 33 ساڵی ڕابردوو دروستبووه‌ و ده‌بێت باوه‌ڕی به‌وه‌ ھه‌بێت ئه‌و سیسته‌مه‌ كه‌ بۆته‌ ھۆكاری كاره‌سات بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ ورده‌ ورده‌ بیڕوخێنێت‌ و سه‌رله‌نوێ به‌ كه‌سانی ئه‌كادیمی سه‌ربازی پڕی بكاته‌وه‌‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ بكات كۆی هێزی چه‌كداری هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌ هێزی نیشتیمانی ‌و پیشه‌یی ‌و خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی تۆكمه‌ و به‌هێز كه‌ یاسا جێبه‌جێ بكه‌ن نه‌ك فه‌رمانی میره‌كانی جه‌نگ‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی كۆتایی به‌م جۆره‌ هێزه‌ چه‌كداره‌ حزبی‌و شه‌خسییه‌ دزێوه‌ بهێنرێ كه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی خه‌باتی دیموكراسی‌ و ژیانی هاوچه‌رخدا ناگونجێت.

ھه‌روه‌ھا باوه‌ڕی به‌وه‌ ھه‌بێت له‌دوای كێشه‌ی دێرین، به‌شێوازێكی یاساییانه‌تر كاره‌كانی ئه‌نجامبدا و نه‌وه‌ستێت و جیاوازی نه‌كات له‌نێوان فڵان و فیسار. بۆ نموونه‌، لای زۆرێكی تر رووداوی كوشتنی ئه‌و دوو ھاوڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌ش به‌قه‌ده‌ر ڕووداوی نه‌قیب دێرین گرنگه‌ به‌دواداچوونی بۆ بكرێت كه‌ به‌ده‌ستی كه‌سێك كوژرا كه‌ ده‌ڵێن سه‌ربه‌ یه‌كێك له‌ ھێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری سلێمانییه‌، ئایا ھه‌واڵی ده‌ستگیركردنی ده‌بیستین؟


*گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی . لەیەککاتدا چوارشه‌ممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.


PM:09:45:13/02/2024

ئه‌م بابه‌ته 2008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی