برۆن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان
سیروان غەریب
ئەگەر چی دەنگنەدان لە هەڵبژاردندا مافێکە و نابێت لە هیچ هاوڵاتییەک زەوت بکرێت، ناکرێت خەڵک لەژێر گوشاردا بچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەم هاوکێشەیە بۆ کەرکووک جیاوازە و بژاردەی بایکۆت زیانی دوورمەودای دەبێت بۆ پێگەی کورد.
لەکاتێکدا زۆر هێزی ئیقلیمیی و عێراقیی لە هەوڵی جیددیدان بۆ ئەوەی کورد لە کەرکووک زۆرینە بە دەست نەهێنێت، گرنگە هاونیشتمانیانی کوردی کەرکووک ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەو ئەنجوومەنەی هەڵیدەبژێرن وەک ئەنجوومەنێکی وەزیرانە بۆ کەرکووک و ئەگەر کورد زۆرینە نەبێت ئەوا وەک هاوکێشەکانی پەرلەمانی عێراقی لێدێت و بە کەمینە هیچکام لە پرۆژە و بڕیارەکانی بۆ ناچێتە پێش و هەمیشە پاشکۆ دەبێت.
گومانم نییە لەوەی کورد نائومێدییەکی قووڵی هەیە بەرامبەر دەسەڵاتداران و ڕەخنەیان لە ئەدای ڕابردووی حوکمڕانیی کوردیی هەیە لە کەرکووک، بەڵام ئەو نائومێدییە ئەگەر لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە بە بایکۆت وەڵام درابێتەوە، ئەوا بۆ کەرکوک ئەم هاوکێشەیە جیاوازە و ڕەنگدانەوەی نەرێنیی زۆری بۆ ئاییندەی حوکمڕانیی ئەو شارە دەبێت، چونکە بەشێک لەو زەبرەی بەر کورد دەکەوێت پەیوەندیی بەو تێڕوانینە شۆڤێنییەوە هەیە کە بەرامبەر کورد پیادە دەکرێت، کێشەی کەرکووک کێشەی تێڕوانینێکی شۆڤێنیی و پیادەکردنی سیاسەتی تەعریبە بەسەر شارەکە و دانیشتووانەکەیدا، ئیرادەیەکی شەڕانگێز لەو شارە هەیە کە بەردەوام گوندەکان و جوتیارە کوردەکانی دەوروبەری شارەکە تەنگەتاو و بێزار دەکات و ڕێگەی کشتوکاڵ و کارکردنیان پێ نادات و هەموو ئەو گوشارانەش بە پشتی پارێزگارێک دەکەن کە هەڵبژێراوی خەڵک نییە و سەپێنراوە.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە دەنگدەرانی کوردی کەرکووک بژاردەیان زۆرە، ئەگەر حیزبێک یان لایەنێکیان پێ باش نییە ئەوا دەتوانن دەنگ بەو لایەنە بدەن کە پێیان باشە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لیستی هەموو لایەنەکان کاندیدی باشی تێدایە و دەنگدەرانی کورد دەتوانن دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە متمانەیان پێیانە.
من بە دڵ دەخوازم دەنگەکانی کورد بچێتە سندووقەکانی کوردەوە، دەخوازم کوردانی ئەو شارە بە چوونیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان وەڵامێکی کەمەرشکێنی ئەو هەڕەشانەی لەسەر کەرکووک و سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان هەیە بدەنەوە، چونکە لاوازیی كورد لە کەرکووک ترسناکتر دەبێت لە کاتێکدا عەرەبە هاوردەکان لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن بە ئامانجی كەمكردنەوەی سەنگی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگادا.
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە بەردەوام لە بەغداوە گوشاری گەورە دەکرێتە سەر هەرێم و هێزە دژەکورەکان دەیانەوێت ئەو واقیعەی لە دوای ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە سەپاندوویانە بەسەر شارەکەدا بە یاسا بسەپێنن بەسەر کورددا و گوشارەکانیان زیاتر بکەن، هەر بۆیە دیسانەوە جەخت دەکەمەوە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە بۆ کەرکووک لەبەر ئەوەی تا ساڵانێکی زۆر نەخشی دەبێت لەسەر باشیی یان خراپیی ڕەوشی کورد لەو شارەدا.
PM:09:39:12/12/2023
ئهم بابهته 2280
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی