خه‌تای من نییه، چه‌كوشه‌كه دامدەکوتێ!
سیروان غەریب
مامۆستایه‌ك به دڵێكی پڕه‌وه هاته به‌رده‌م مایكی (وێستگه‌نیوز) و وتی "دیوار به بزماری وت بۆ لێم ئه‌ده‌ی؟ بزمار وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی وت خه‌تای من نییه، چه‌كوشه‌كه دامدەکوتێ، ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات خه‌تای ئێمه نییه، خه‌تای ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌یه كه سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م میلله‌ته ده‌ده‌زن و ده‌یبه‌ن."
قسه‌كانی ئه‌و مامۆستایه به‌رگریینامەیه‌ك بوو له دژی ئه‌و ده‌نگانه‌ی له بری ئەوەی پشتگیری‌یان بکەن، سه‌رزه‌نشتیان ده‌كەن، چونکە ئەو "ڕەخنەگرانە" وای دەبینن مامۆستایانی مانگگرتوو باییسی دواکەوتنی خوێندنن... ئه‌و مامۆستایه، لە لێدوانەکەی بەردەوام بوو و توڕه‌یییەکی زۆرتری نیشان دا و تكای دەكرد کە تاوانی دواکەوتنی خوێندن نەخرێتە ملی مامۆستایانی مانگرتوو، له هه‌مان كاتدا ڕه‌خنه‌ی له چین و توێژه‌كانی دیکە دەگرت كه پشتگیری‌یان ناكه‌ن، له کاتێکدا ئەوانیش وەکو مامۆستایان غه‌رقن له ناعه‌داله‌تییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردییدا.
من وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌نگم ده‌خه‌مه پاڵ ده‌نگی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه، بەڵام لە ئاست هەندێک لایەنی دیکەی ئەم پرسەدا سەراسیمە ماوم و پرسیاری زۆرم لا دەورووژێنن، له‌وانەش: ئایا ئه‌و پشتگیرییە كه‌مه‌ی مامۆستایان له لایه‌ن چین و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌وه چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ پاشانیش بۆچی به‌شێكی زۆری ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و كرێكار و پزیشك و ئه‌ندازیار و چین و توێژه‌كانی دیکەش بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه به‌رامبه‌ر پرسگه‌لێك كه خه‌ریكه هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات، کە دریارترینیشیان داخستنی دەرگای قوتابخانه‌كان و بایكۆتی مامۆستایانە؟!
شتێکی دیکە کە گینگڵم پێ دەدات ئەوەیە كه ئەگەر داوای مامۆستایانی سنووری سلێمانی و ناوچەکانی دیکە ڕەوایە، بۆچیی مامۆستایانی شاری هه‌ولێر و دهۆك و ناوچه‌كانی دیکەی هه‌رێمی كوردستان نایه‌نه سه‌رهێڵ و وه‌ك مامۆستایانی شاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین فشار درووست بكه‌ن و هەوڵ بدەن مافه‌كانیان وه‌ربگرن؟
ڕەنگە بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه، ته‌نها ئاوڕێكی خێرا لە مێژووی دوای ڕاپه‌ڕین و ڕەفتاری حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌س بێت، هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، هەریەکە لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆی، به‌رده‌وام له هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بوون، ئەو هێزانە كاریان كردووه له‌سه‌ر دنەدانی جیاكاریی و ململانێی نێوان شاره‌كان، له‌بری خۆشه‌ویستیی، ڕق و قینیان له‌نێو ئۆرگانی حزبه‌كانیاندا په‌خش كرد، شه‌ڕیان درووست كرد، گردێكی كوردستانیان پیرۆز ده‌كرد و به ده‌یان گرد و تەپۆڵکەی دیکەیان بە نەفرەت دەکرد و بە لاقرتێوە دەیانوت ته‌نها چۆله‌كه ڕیقنه‌یان پیا ده‌كات. سیاسەت و شه‌ڕی ناوخۆ و تەنانەت ئاشتەوایی دوای شەڕی ناوخۆش كوردستان و چین و توێژه‌كانی بە قووڵیی دابه‌ش كرد.
ئێستا كه زیاتر لە حه‌فتا ڕۆژە مامۆستایان به ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاوازه‌وه ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن؛ ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ زۆرینەی ناڕازیی كه بیكه‌ینه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ درووستكردنی خه‌می گشتی، له بری سه‌رزه‌نشتكردنی ئەو مامۆستا بەڕێزانە پاڵپشتیی داخوازییه‌كانیان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بە حساب زۆرینە ناڕازیین له‌م سیسته‌مه حوكمڕانییەی هه‌مووانی له یه‌ك زویر كردووه و چین و توێژه‌كانی دابه‌ش كردووه و سنوور و دیواری بۆ شار و ناوچه جیاوازەکانی کوردستان درووست كردووه.
ئه‌مه‌ی هاتۆته پێش به حوكمی هه‌مه‌ڕه‌نگیی و هه‌مه‌ده‌نگی ناو مامۆستایان، باشترین ده‌رفه‌ته هه‌موو چین و توێژه‌كان یه‌ك بخات و سه‌ره‌تای گوتارێكی یه‌كگرتوو و خه‌می هاوبه‌شی چین و توێژه‌كان ده‌ربخات، هه‌ر كاتێكیش ده‌سه‌ڵات پرسیاری كرد بۆچی هەمووان دایدەکوتن، لە وەڵامیدا بڵێن ئەوە پەیوەستە بە مێژووی درووستبوونی چەکوشەکەوە.
AM:09:06:06/12/2023
ئه‌م بابه‌ته 1464
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی