خۆتان و ئێمەش لەو عێراقەدا مەخەڵەتێنن !
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
ئەوانەی دەزگاو دامەزراوە، گەورەکان بەڕێوە دەبەن لە عێراقدا، خۆیان بکەری ڕاستەقینە نین و تیپی یەکەمی سیاسەتکردن نین، هەم گوێ لە سیستمی ڕەهبەریزمی ئێرانی دەگرن هەم جارجارەش بەگوێڕاکێشانی ئەمریکا دەجوڵێنەوە، ئەوان ڕێک و ڕاست بریکارن، پڕۆکسی ناو دەزگاکانن، دێن و دەچن و کەیس دەجوڵێنن و دەوڵەتێکی فاشیل و ناشیرین و گەندەڵیان دروست کردوە بەناوی دەوڵەتی ئیتیحادیەوە، کورد گرنگە هێزو سێبەر دروست بکات و یاری و مانۆڕ بکات و بەجددی پرسەکە نەگرێ، ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمان و کۆمارو دادگای باڵای فیدڕاڵی لەژێر جەبری دەوڵەتی قوڵدان، تیپی چوارەم و پێنجەمن بۆ سیاسەتکردن نەک یەکەم، تێکەڵەی نوخبەی بازرگان و سیاسیی و پیاوانی ئاینی و ئۆلیگاریشی تازەی ئەو بازاڕەن کە ئێران و ئەمریکا ئەوەیان دەوێ، بۆیە پۆستەکانی کوردو سوننە لە بەغداد کاریگەریان نیەو لەژێر هەیمەنەی پڕۆکسیەکانی دەوڵەتی قوڵدان و بەیەک چرکە کۆتاییان دێت.
لەو عێراقە مەزهەبیە سەدان پڕۆژەو هەنگاوی نادەستوری هەیە و نەبۆتە مشتومڕو تانە، یەکێکیان قەدەغەی دروستکردنی کەتیبەی چەکدارو میلیشیای نایاساییە لەدەرەوەی چوارچێوەی هێزەکانی دەوڵەت کە پێچەوانەی دەستورو بیری دەزگایی و پێچەوانەی ڕەوتی مەدەنیەتە، بەڵام تیپەکانی سیاسەتکردن چونکە وەکیلن بەلایدا ناچن،مادەی ٩/ بڕگەی «ب» يحظر تكوين ميليشيات عسكرية خارج إطار القوات المسلحة.
دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ئەمە دەنگی لێوە نایەت، خۆ ئەگەر سکاڵایەک تۆمار نەکراوە بەدڵنیاییەوە کورد بەرپرسیارە لەو کەمتەرخەمیە، ئینجا پاڵاوگە نایاساییەکانی نەوت کە میلیشیاکانی حەشد بەڕێوەی دەبەن، بەهەدەردان و سپیکردنەوەی پارەی ڕەش و کاش، کڕینی وەزارەت، هەموو لەدەرەوەی بنەما دەستوریەکان و هێزی دەزگاکانەو تیپەکانی سیاسەتکردن لێی بێئا نین، خۆیان بێئاگادەکەن.
AM:11:08:29/11/2023
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی