فێستڤاڵی خه‌مساردی

‌ره‌حمان غه‌ریب

خه‌ڵاتی هێلدا دۆمین، بۆ به‌ختیار عه‌لی، وه‌ك چۆن بۆنه‌یه‌ك بوو بۆ رێزلێنان له‌ ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری چیرۆكنووسێكی ئه‌فسوناوی، بۆنه‌یه‌كیش بوو بۆ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی ئه‌و ده‌زگای رۆشنبیری و ئه‌كادیمییانه‌ی ئه‌م وڵاته‌، كه‌ نایانه‌وێت بازبده‌ن به‌سه‌ر جیاوازی و هه‌ستنه‌كردن به‌ قورسایی خه‌ڵاته‌كه‌.

كه‌ نووسه‌ری وڵاتێك خه‌ڵاتێكی دیاری له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پێده‌به‌خشرێت، خوێنه‌رانی، ده‌سته‌بژێر و ده‌زگای رۆشنبیری، وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار، زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی مه‌عریفه‌ی ئه‌و وڵاته‌، ده‌یكه‌نه‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ سه‌رله‌نوێ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌شداری نووسه‌ر له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ژیانی رۆشنبیری، یان چاپدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی، ته‌نانه‌ت ده‌رگاكردنه‌وه‌ش به‌ رووی ره‌خنه‌ و جوڵه‌یه‌كی هه‌ڵسه‌نگاندن.

ئیره‌یی رۆشنبیرمان بێت، یان خه‌مساردی ده‌زگاكانمان، خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌ك رووداوێكی دیاری رۆشنبیری، گرنگی پێنه‌درا، هۆڵی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی لقه‌كانی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، كۆلێژه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆكانمان، ده‌زگاكانی چاپ وپه‌خش كپ و خامۆش و بێده‌نگ.

 خوێنه‌رانی نووسه‌ر و زۆرێك له‌ ده‌زگاكانی میدیا له‌م فێستڤاڵی خه‌مساردیه‌ به‌شدارنین، به‌ ده‌ربڕینی جیاواز، گوزارشتیان له‌ خۆشی كرد و پیرۆزباییان له‌ نووسه‌ر كرد و دنیایه‌ك پۆست و هه‌واڵ و وێنه‌یان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌ستپێكراوه‌.

چاودێری زۆرێك له‌ نووسه‌ران ده‌كه‌م، كه‌ له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیریمان دیار و پڕ به‌رهه‌من، به‌شێكیان ره‌فیقمن له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ پۆستێكیش باسیان له‌م رووداوه‌ رۆشنبیرییه‌ نه‌كرد، ده‌زانم هۆكار زۆرن، دابه‌شبوونی سیاسی و رۆشنبیری و ناوچه‌یی كه‌م نین و قسه‌ی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت.   

به‌ختیار عه‌لی له‌ مه‌نفا وون نه‌بوو، بۆ ئه‌و وێستگه‌یه‌ك بوو بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی پرۆژه‌ی مه‌عریفی و ئه‌ده‌بی، پاشانیش كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ناوبانگی جیهانی به‌ رووی خۆی و ئه‌ده‌به‌كه‌ی له‌ چاپدانی به‌رهه‌مه‌كانی به‌زمانه‌كانی تری گه‌لان.

ئه‌گه‌ر دامه‌زراوه‌كانمان روحی فه‌رامۆشكردنی (ئه‌ویدی جیاواز)، به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یاندا زاڵبێت، نه‌ده‌بوو ئه‌مه‌یان شۆڕبێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی هه‌ندێ نووسه‌ری دیاری شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ زه‌مانێك هاوڕێ و ته‌نانه‌ت پرۆژه‌ی رۆشنبیری هاوبه‌ش كۆیكردوونه‌ته‌وه‌، نازانم بۆ نه‌یانكرده‌ فرسه‌تێك، بۆ رێزگرتن له‌ جیاوازی، نووسینه‌كانیانی پێده‌ناسرێته‌وه‌.

ئه‌م نووسینه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ به‌ختیار عه‌لی، خواستی یان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌ندانه‌ هه‌بێت، كه‌ ئاماژه‌م پێكرد، به‌ڵام وه‌ك خوێنه‌رێكی ئه‌م نووسه‌ره‌ داهێنه‌ره‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بووم ئه‌م رووداوه‌ به‌لای ئه‌و ناوه‌ند و نووسه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ راگوزه‌ر نه‌بێت، ئه‌مه‌ بۆ ره‌خنه‌گرانیش راسته‌ كه‌ وه‌ك بۆنه‌یه‌ك ته‌ماشایان بكردایه‌، جوڵه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی له‌ ئه‌ده‌بی به‌ختیار عه‌لی رێكبخستایه‌.

دڵخۆشم به‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی، ئه‌وانه‌شی به‌هه‌ر هۆكارێك بێت وه‌ك من ته‌ماشای دیمه‌نه‌كه‌یان نه‌كردووه‌، له‌و فێستڤاڵی خه‌مساردیه‌ به‌شداربوون، هیوادارم لانیكه‌م دڵته‌نگ نه‌بن.


PM:06:11:27/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی