حەشدی کتێب
بۆچی لە کتێبەکانی حەشدی شەعبی بترسین؟
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
لە پێشانگای کتێب لە سلێمانی هەمووساڵێک ئەو مشتومڕە دینی و ئایدۆلۆژی و حیزبیە دروست دەبێت لەنێوان بەرەی چەپ و سیکولار لەلایەک و بەرەی ڕاستڕەوی ئاینی و کۆنزێرڤاتیڤی ئیسلامی سیاسی لەلاکەیتر، ئەمساڵ نمایشی کتێبەکانی حەشدی شەعبی هاتەسەرو گفتوگۆیەکی سەیری دروست کردوە.
گرنگە باری سەرنجی خۆمانی لەبارەوە بخەینەڕوو، جارێ بۆ مرۆڤی خوێنەرو عەوداڵی فیکرو ئەدەب، کتێب هەر کتێبەو پێویستە ڕێزی لێبگیرێت و ئەوەندە بەئایدۆلۆژیی نەکەین و فەزای خوێندنەوەو کتێبخانەکان ناشیرین نەکەین لەسەر حسابی ئایدۆلۆژیاو عەقیدە.
حەشدی شەعبی لە هەموو عێراقدا ئێستا هەیەو تەنانەت وەک حکومەتی سێبەر تەواوی جومگە سەرەکیەکانی بەدەستەو لەدەرگاو پەنجەرەکانمانەوە هاتۆتە ژوورەوەو بەخۆمان نەزانیوەو تۆی کورد بە ڕقلێبوونەوەو فڕێدانی کتێب و بڵاوکراوەکانیان ناتوانی بەریان پێبگریت و دەریان بکەیت، ئێستا حەشدی سوننی و مەسیحی و تورکمانی و کوردیشی هاتۆتەسەرو لە سلێمانیەوە، بەجینۆسایدی کتێبەکانیان هێندەی تر گەورەتریان بکەن، ناکرێ ئاوا بیر لەو پرسە بکەینەوەو بە قورسی لەدەرگاوە هاتبنە ژوورو تۆ لە تاسڵوجەوە دەریان بکەیت.
با حەشد، پێشانگای سلێمانی و تەواوی کتێبخانەکان پڕبکەن لە کتێب، ئەوە ترس و هەیەجانی ناوێت، هەنگاوی ئاشکرا بە وشەو چاپەمەنی و دیالۆگی مەدەنی هێشتا باشترە لەو ئەجێنداو هەنگاوە شاراوانەی دەوڵەتی قوڵی پشتەوەی حەشد کە هەیانە بەرامبەر بە کوردو هەرێمی کوردستان و دژایەتیەکانی خۆیان نەشاردۆتەوە لە بەغداد.
کتێب خۆی جوانترین سەکۆی مشتومڕئامێزو گفتوگۆسازە، بۆ گەیاندنی دیدو جیهانبینی و عەقیدەو ئایدۆلۆژیای هەر گروپێک، ئاسایی ترین پلاتفۆڕمی ئاشکرای بانگەوازەو هەرگیز ناکرێ بەری پێ بگرین و دژی بوەستین بەبیانووی داگیرکاریی و ئەنفالی فەرهەنگیمان، هیچ هێزێک نیەو ناتوانێ بە هێرشی کتێب ئیرادەو ئینتیمای کورد بشکێنێ، ڕیشەو ڕەچەڵەکی ڕەسەنی کۆنی مەعریفی و فەرهەنگی کورد، هی مادو زاگرۆزنشین و میزۆپۆتامیاو زادگاکانی زانین و شیعرو تەریقەتەکان و خانەقاو کتێبخانەی کۆنی کوردیی و ئاسەوارەکانی هەزاران ساڵەیەو لەهی ئەوان زۆر لەپێشترەو ترسی ناوێ.
بەڵام ئێمەی کورد کە وەزارەتخانە و فەرهەنگخانەی ڕۆشنبیریمان هەیەو ژێرخانێکی مەعریفی ئەدەبی گەورەمان هەیە، با لەبری فڕکان فڕکان بە وڵاتە ئەوروپیەکان و ئەمریکادا بۆ عەیش و نۆش و وێنەگرتن و نانخواردن، هێرشی پێچەوانە بکەین و پێشانگا عەرەبیەکان و مونتەداکان و دارولنەشرەکانی بەغدا لە کەرخ و رەسافی و موتەنەبی و پایتەختەکان پڕبکەین لە نامیلکەو ڕۆمان و کتێبی کوردی و لۆبی بۆ خۆمان بکەین و ڕێز لە ئەدیب و نوسەرەکانمان بگرین، هیچ مەکەن ناوەندێکی فەرهەنگی و کەلتوری کوردیی و کتێبخانەیەکی مێژوویی بکەنەوە لەو بەغدایە.
شیعە زیرەکانە ئێستا ئیش بۆ چەسپاندنی بنەما فیکری و ئابوری و سیاسی و مەزهەبیەکانی خۆی دەکات و خەریکی بەنەجەفکردنی تەواوی پارێزگاکانی عێراق و بە حسەینییەکردنی مزگەوت و شەقامەکانیشە، کورد لەبری خزمەتکردنی بارەگاو بنکەی بچوکی حیزبی و شەڕی بەرتەسک و ڤیستیڤاڵی عەشیرەتەکان و ڕۆژی گوندەکان و پارەدان بەو گروپ و ئەم گروپ با خەریکی پڕۆژەی گەورەی بیرو فیکرو جیهانبینی نەتەوەیی فراوانخوازی نیشتیمانی خۆی بێت و چوار دەزگای گەورەی بۆ دروست بکات کە هێشتا نیەتی، ئێستا شیعەو حەشدی شەعبی کە چەکوشی دادگای باڵای فیدڕاڵی کردۆتە هێزو کەرەستەی ململانێ - أدوات الصراع، و سکاڵاکان دەجوڵێنێ، کوردیش دەبێت دەست بۆ سکاڵاکان بەرێت و کەیس بجوڵێنێ لەدژی مافە دەستوریەکانی خۆی و ئەوەندە لەدوورەوە خەم لە بەدبەختی خۆی نەخوات.
ڕاستە ئەوەی سیاسەت بەڕێوەدەبات لە عێراق، دەوڵەتی قوڵی مەزهەبیەو مەرجەعی گەورەی ئایدۆلۆژیی لەپشتە، بەڵام پارەی خەیاڵی و لێبڕان و دڵسۆزیی و وەلاو بەڕای بۆ تەرخانکراوە، ئێمەی کوردیش تازە بەتازە خەریکی ململانێی بچووک و گەورەکردنی فیتنەو دوبەرەکی ناو خۆیین.
ئاسۆ عەبدوللەتیف
PM:12:11:25/11/2023
ئهم بابهته 592
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی