ئایا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت؟

‌سیروان غەریب

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاری‌ ئایا هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مانگی‌ شوباتی‌ ٢٠٢٤ ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وادەکەی داناوە، پێویسته‌ ته‌نها ته‌ماشای‌ هه‌وڵی حیزبه‌ كوردستانییه‌كان نه‌كه‌ین كه‌ كه‌م تا زۆر جووڵه‌كانیان پێمان ده‌ڵێت كێ‌ حه‌زی لێیە هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ ئه‌نجامبدرێت و کێش هه‌موو جووڵه‌كانی بەو ئاراستەیەیە هەڵبژاردنەکە دوا بخرێت، به‌ڵكو ده‌بێت ڕه‌نگه‌كانی‌ ئه‌و تابلۆ سیاسییه‌ی‌ عێراقیش بخوێنینه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ به‌ چه‌ندین كێشه‌ی‌ یاسایی و سیاسی‌ ڕەنگ کردووە و ئامانجە نزیک و دوورەکانی نادیدە کردووە.  

نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ وه‌ك حیزبێك كه‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌رێمدا ده‌نگه‌كانی‌ زۆر بكات و هه‌ندێك جاریش ئاماژه‌ بۆ گرتنه‌ ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كات، مانگی ڕابردوو ژماره‌یه‌كی به‌رچاو لە واژۆی كۆ كرده‌وه‌، واژۆی په‌رله‌مانتارانی‌ خۆی و یه‌كێتیی‌ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش، جگە له‌ پارتی‌، ئامانجیشیان لەو واژۆکۆکردنەوەیە درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو بۆ ئەوەی بخرێته‌ ئه‌جێندای‌ كۆبونه‌وه‌یەکی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام پێشنیازه‌كه‌ی‌ ئیمزاكه‌ران هەتا ئێستا وه‌ك خۆی‌ لای‌ لیژنه‌ی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ یاسایی پەرلەمانی عێراق ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ٢٠٢٤/١/٦ ته‌مه‌نی‌ كۆمیسیۆنەکە كۆتایی‌ دێت و بەو پێیەش بێت ئەو کۆمسیۆنە ناتوانێت سه‌رپه‌رشتی‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات.

ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و ئه‌وانه‌ی‌ ئیمزایان كردووه‌ بچێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئه‌وا له‌ كاتی‌ خۆیدا هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌ ده‌چێت، پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات دوابخرێت. لەکاتێکدا دەنگۆی دواخستنی‌ هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ عێراقیش لەئارادایە‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌مان كۆمسیۆنه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرێت.

گرێكوێره‌ی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌نگدانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌یكاتەوە، به‌ڵام ئایا ئه‌و دانیشتنه‌ ڕووده‌دات تاوه‌كو گرێكوێره‌كه‌ی‌ تیادا بكه‌نه‌وه‌ و ته‌مه‌نی‌ كۆمسیۆن درێژ بكه‌نه‌وه‌؟

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیاره‌ش شیعه‌كان به‌سه‌ر سێ‌ به‌ره‌دا دابه‌شبوون، ئاراستەی یەکەمیان هه‌موو هه‌وڵێكی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ بۆ ئه‌و پێشنیازه‌ درووست بكرێت و له‌سه‌ر ڕه‌فه‌ی‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كه‌ تۆزی لێ بنیشێت، تاوه‌كو هه‌رێمی‌ كوردستان به‌م شێوازه‌ی‌ ئێستا و به‌ داموده‌زگای‌ لاوازه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و ورده‌ورده‌ و  به‌ ته‌واویی شه‌رعییه‌ت له‌ده‌ست بدات...
ئاراستەی دووەمیش دیدگای وایە کە پێویستە لایەنەکانی شیعە پشتگیریی هه‌رێمێكی‌ به‌هێز بكه‌ن، ئه‌م ئاراستەیە لاوازه‌ و به‌شێك له‌ دۆسته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نوێنەرایەتیی دەکەن.

ئاراستەی سێیەمیش ئه‌وانه‌ن كه‌ پێیانوایه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكاریی‌ تیادا ڕووده‌دات و نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ وه‌ك هێزێكی‌ كاریگه‌ر ده‌چێته‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و دۆخێكی‌ تر ده‌بات کە سەرەنجام ئەنجامدانی ئەم  هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا باشه‌.

له‌م بێنه‌ و به‌رده‌یه‌دا ئه‌گه‌ر  ئاراستەی یەکەم سه‌ر بگرێت کە پلانی هەیە هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دوابخرێت و هه‌رێمی‌ كوردستان بخه‌نه‌ دۆخێكی‌ قووڵتری ناشەرعییەت و بۆشایی یاساییەوە، ده‌بێت لە بەرانبەردا لایەنە شیعەکانی عێراق قوربانیی‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی خۆشیان  بدەن، هەنگاوێک كه‌ ڕەوتی سه‌در دەورووژێنێت  و بە توندیی دژی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و شه‌قام له‌دژی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هان ده‌دات.

له‌نێو گێژاوی ئەم بۆچوون و ئاراستە جیاوازانه‌دا، ئاراستەیەکی دیکەش هەیە، کە بەشێکی كاریگه‌ری‌ نێو حكومه‌تی‌ سودانی‌ نوێنەرایەتیی دەکەن، ئەمانە داوا ده‌كه‌ن پشتبەست به‌ كارنامه‌ی‌ حكوومه‌تی‌ سودانی‌ هەوڵ بدرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەمەش ئەگەر سەر بگرێت بەرەو ئەوە دەڕوات  هه‌ر سێ‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پێكه‌وه‌ گرێ بدرێن و لە یەک وادەدا ئه‌نجام بدرێن،  کارێک وا دەکات هەرسێ هەڵبژاردنەکە «پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستات و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی سەرتاسەری عێراق»؛ لە كۆتایی‌ ٢٠٢٤ یان سه‌ره‌تای‌ ٢٠٢٥ ئەنجام بدرێن.

ئەم تۆڕە تێکچڕژاوەی بۆچوون و ئاراستە جیاوازەکان، لەگەڵ پێشبینییکردنی پێشهاتە نوێیەکانە وام لێ دەکەن سەرلەنوێ بپرسمەوە: گەلۆ ئایا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت یان نا؟

ئەمە لەیەک کاتدا لەگۆشەی وێستگەی هاوڵاتی هەم لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و هەم لەوێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە. هەموو چوارشەممەیەک


PM:09:51:24/10/2023

ئه‌م بابه‌ته 2712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی