کوردی عێراق و بلیمەتییان لە خۆوێرانکردن و ئەویتر وێرانکردندا

‌عەلی سەڕڕاف

کوردانی عێراق ناتوانن لۆمەی کەس بکەن هی خۆیان نەبێت کاتێک لەگەڵ گرووپە سیاسییە فەرمانڕەواکانی عێراقدا هاوپەیمانییان کرد لەسەر بنەماگەلێک کە بە دیاریکراوی مەبەستیان وێرانکردنی عێراق و تاڵانکردنی بوو.

کورد دوو تێڕوانینان هەبوو یەک لەویدیکە خراپتر. یەکەمیان؛ وێرانکردنی عێراق بەکەڵکە بۆ ئەوەی کوردستان گەشاوە دەرکەوێت، ئەوەش ئەو تێڕوانینەیە بە درێژایی ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٧ باڵادەست بوو ئەوکاتەی کوردی عێراق سەرگەرمی پلاندانان بوون بۆ جیابوونەوە لە عێراق. 

دووەم؛ بریتیی بوو لە پرسیاری "لەگەڵ کێ ببینە هاوپەیمان، جگە لەم دەستەوتاقمە". ئەو تێڕوانینەی پێی وا بوو جگە لەمانەی ئێستا فەرمانڕەوان هیچ هێزێکی نیشتیمانیی شیاو بوونی نییە. لەکاتێکدا ڕاستییەکە ئەوە بوو کە ڕوانگەیەکی نیشتیمانیی شیاو لەئارادا نەبوو، ئەوە سەرباری ئەوەی کورد ئامادە نەبوون ڕوانگەیەی نیشتیمانیی لەو جۆرە پەسەند بکەن و هەر لە بنەڕەتیشەوە ئامادە نەبوون تەبەننی بکەن بە هۆی ئەو ئەنگێزە جوداخوازییەی هەیانبوو.

هەنووکە، کە کوردەکان خۆیان دەبیننەوە "هەردوو ڕەوتارەکەیان"* لە دەست داوە، نە سەربەخۆیییان بەنسیب بوو و نە دەوڵەتێکی فیدراڵیی، ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە بە هەردوو بارەکەدا ڕێگە چەوتەکەیان گرتە بەر، لەکاتێکدا پێیان وایە کارە ڕاستەکە دەکەن.

کاری درووست پێویستیی بە بلیمەتیی نییە، بەڵام کاری چەوت پێویستیی بە تۆڕی فریودان و ساختەچێتیی و گەندەڵیی و پاساوە بۆ ئەوەی ببێتە بەرنامەیەکی سیاسی. کاری لەو جۆرە پێویستیی بە قۆڵبڕ و فەرهوودچیی و تەڵەکەبازە، دەبێت ئەو کەسە بلیمەت بێت بۆ ئەوەی دەوڵەتێک بە بەری خۆی درووست بکات، ئەوەش ئەوە بوو کە ڕووی دا.

سیستمی "پشکپشکێنەی تایەفی"، ئەو بناغەیە بوو کە ڕژێمە نوێیەکەی لەسەر دامەزرا، بیرۆکەی "دەوڵەتی فیدراڵی"یش بوو بە ڕێچکەیەک کە پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئەم یان ئەو لایەن چەند "پشک"ـی دەست دەکەوێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەرانبەر چاوپۆشییکردن لە سیاسییەکانی دیکە.

هیچ کەسێک ئاتاجی بلیمەتیی نییە بۆ ئەوەی ببینێت لەسەر ڕووی زەمین بە ڕەهایی هیچ دەوڵەتێکی فیدراڵیی نییە ئاوا بەڕێوە بڕوات. بەڵام "خێڵگەرایی سیاسیی" لە کوردستان، کە هاوشێوەی "میلیشیاگەریی سیاسییە" لە بەشەکەی دیکەی عێراق، ڕێی خۆش کرد بۆ ئەوی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ئاژاوە و سازشە کاتیی و چاوپۆشییە هەمیشەییەکان تەنیا بە ئامانجی دابەشکردنێکی زیاتری "پشکەکان".

سەرۆکایەتیی کوردستان بۆ "پشکەکەی" خۆی لە بودجەی عێراق دەگری. ئەوانەی تریش کە چاوپۆشییان لێ کرا وەکو هەموو ئەوانی تر عێراق تاڵان بکەن، بە زۆری دەزانن کوردستان کێڵگەی نەوتی خۆی و داهاتی گەڕاوەی ئەو کێڵگانەی هەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی "کولتووری فەرهوود" پێوەری فەرمانڕەواییە لە کوردستان، هاوشێوەی دەستەخوشکەکەی دیکەی لە عێراق، بۆتە شتێکی تەواو سرووشتیی کە چاوپۆشییەکانی پشکپشکێنە بگوێزرێنەوە بۆ بواری فرۆشتنی نەوت بە توورکیا بە دوو نرخی جیاواز، یەکێکیان کەمتر لە نرخی بازاڕ بۆ ڕازییکردنی دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئاردۆگان و ئەویتریش بە نرخێکی زۆر کەمتر بۆ ڕازییکردنی بەرژەوەندییە شەخسییەکان. بەڵام وەکو هەر بەدکارییەکی دیکەی لەو جۆرە، ئەم کارەش بەڵای خۆی بەدواوەیە، هەتا گەیشتە ئەوەی ڕێ بە دەسەڵاتەکەی ئاردۆگان دراوە هەر کارێکی تیزپێکەرانەی دەوێت بیکات و بە سووکایەتییەکی ئاشکرا مامەڵە لەگەڵ بەرپرسە کوردەکان بکات، چونکە ئەو باش دەیزانی چی بە پارەی گەلەکەیان دەکەن.

دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵیی و غەیرە فیدراڵیی پێویستیی بە ڕێکاری درووستە، کە لانیکەم پێویستی بە دووبارەکردنەوەی ئەو ڕەوتارە سیاسییە درووستەیە کە گەلانی دیکە گرتوویانەتە بەر. ئەوەش بە مانای ئەوەی ئەگەر تۆ کارامەیی و توانستێکی کولتووریی و هزریی پێویستت نەبوو بۆ درووستکردنی سیستمێکی ڕۆنراو لەسەر بەها ئەخلاقیی و یاساییە باڵاکان، ئەوا خۆ لانیکەم دەتوانیت چاولێکەریی بکەیت.

کوردەکان ئەمەیان بە نسیب نەبوو، عێراقییەکانیش. لە لایەکەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تاقمە سیاسییەی چارەنووسیانی بەدەستەوە بوو هەر لە بنەماوە فاسد بوون، لە لایەکی دیکەشەوە چونکە کورد وایان دەزانی ئەوە بەکەڵکە بۆیان، بە تایبەتی کە تاقمە باڵادەستەکەی ئەوان ئارەزووی گەندەڵییان دەکرد، بەوەش سەریان لە خۆیان و گەلەکەشیان تێک دا.

ئینجا ئایا ئێستاکە هیچ دەرچەیەک هەیە بۆ گەیشتن بە سیستمێکی نوێ؟
کارەکە لە ئەستەم دەچێت، کاتێک گەندەڵیی خۆی بووە بە خودی سیستمەکە. بەڵام وەڵامەکە: بەڵێیە. کاتێک کوردەکان بڕیار دەدەن هەرێمەکەیان بەرمەبنای پێوەرەکانی هاوڵاتییبوون بەڕێوە بەرن، سیستمێک کە ڕێزی دادپەروەریی و سەروەریی یاسا و هەروەها خودی خۆشیان بگرێت لە بەردەم وڵاتانی دراوسێدا کە چیدی بەرپرسگەلێک لەئارادا نەبن قبوڵی سووکایەتیی و تیزپێکردن بکەن، ئەو دەمە دەکرێت پەتای ئەم جۆرە سیستمە بە لاشەی نەخۆشی هەموو عێراقدا بڕوات، بەوەش بەرچاوڕوونیی دەداتە گەل کە بەڵێ ڕێگەیەکی درووست هەیە دەتوانێت بیگرێتە بەر و دەشتوانێت بەسەر فەرمانڕەواکانیدا بسەپێنێت.

دەوڵەتی هاوڵاتی، مانای ئەوەیە داهاتەکانی کوردستان، جا لە بودجەی گشتیی عێراقەوە هاتبن یان لە فرۆشی نەوتی هەرێمەکەوە، پێویستە بەسەر هاوڵاتییانیدا دابەش بکرێت لەسەر بنەمای دادپەروەرییەکی شیلگیرانە و دەبێت خەرجییەکانی هەرێم بێ چەندوچوون لەژێر چاودێرییەکی پەرلەمانیی و جەماوەرییدا بن، دەشبێت دامەزراوە حکوومییەکان دامەزراوەگەلی سەربەخۆ بن و خەرجییەکانی وڵات لە ئەستۆ بگرن و چاودێرییشی بکەن.

هەڵوەشاندنەوەی پرنسیپی "پشکە" خێڵەکیی و سیاسیی و ناوچەییەکان، تەنیا بە مانای ئەوە نایەت کە دەبێت داهات و سەرچاوەکان بە یەکسانیی بەسەر خودی هاوڵاتییاندا دابەش بکرێت، بەڵکو بە مانای ئەوەش دێت کە پۆستەکانیش لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شیاویی دابەش بکرێن، سەرەتا دەبێت لە سیستێمێکی دادوەرانەی سەربەخۆ لە حیزبەکانەوە دەست پێ بکات.

کوردستان دەتوانێت پرنسیپی پشکپشکێنە ڕەت بکاتەوە و ڕای بگەیەنێت کە دەستبەرداری بووە، ئیدی دەبێت نوێنەرەکانی لە حکوومەتی فیدراڵیی لەسەر بنەمای شیاویی و کارامەیی دابنرێن، نەک لەسەر بنەمای پشکی دوو حیزبە گەورەکە. ئەوەش ئەو کارەبوو کە سەلمێنرا تەڵەیە و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی تێ کەوت بێ ئەوەی سوود بە دوو حیزبەکەش بگەیەنێت. بەتایبەتیی کە بازرگانیی چاوپۆشییکردن و سازش ملی نا بەرەو ئەوەی کڕین و فرۆشتن بە کۆیلە سیاسییەکانەوە بکرێت لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا.

ئەو سەربەخۆییەی پێویست بە هیچ بلیمەتییەک نەبوو بۆ ئەوەی بزانیت کارێکی مەحاڵە بە هۆی ئەو ڕەتکردنەوە هەرێمایەتییەی لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە هەبوو، بەڵام پێویستی بە "بلیمەتی"یەکی ناوازە هەبوو بۆ تێکدانی، کاتێک بووە بڵقی سەرئاو بە هۆی بێ پلانیی و خراپ حاڵیی بوون و هەڵچوونە سەرشێتانەکانەوە.

سیستمی دەوڵەتی فیدراڵییش پێویستیی بە بلیمەتیی نییە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە. ئەوەش کاتێکە هەرێم خۆی دەسەڵاتی فیدراڵی لە کوردستان لەسەر بنەما نوێیەکان بونیاد دەنێتەوە، "پشکپشکێنە" تووڕ هەڵ دەدات و گەندەڵیی قەدەغە دەکات و پشت بە هەیکەلێکی کارگێڕیی مەدەنیی دامەزراو لەسەر لێهاتووییەکان دەبەسێت نەک تەزکیەی حیزبی. هەروەها پشت بە سیستمێکی دادوەرییش دەبەستێت کە دەسەڵاتی یاسا بپارێزێت. بۆ ئەوەی کارەکە وەکو پرۆژەی ڕاوەدوونانی تۆڵەئەستێنانەش نەبێت، دەکرێت لێبوردنێکی گشتیی بکرێتە دەستپێکی هەڵدانەوەی لاپەڕە نوێیەکە.

کاتێک کوردستانی عێراق لە ڕەوشێکی ئەخلاقیی درووستدایە. ئەوکاتە دەشزانێت دەبێت لەگەڵ کێ ببێتە هاوپەیمان و لەسەر چ بنەمایەکیش، ئیتر ئەوەش وا دەکات کە توانادار بێت مەرجەکانی بسەپێنێت نەک بەسەریدا بسەپێنن.

* عەلی سەڕڕاف؛ نووسەرێکی عێراقییە. ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی عەرەب ژمارە (١٢٨٩٤)، ڕۆژی (١٦/٩/٢٠٢٣)ـدا بڵاو کراوەتەوە.

* چیرۆکی قەلەڕەشکەیە، لە مەسنەوی مەولانادا هاتووە، دەگێڕنەوە کاتی خۆی قەلەڕەشکە ڕۆیشتن و ڕەوتارێکی زۆر نازدار و بەلەنجەی هەبووە، بەڵام ڕۆژێک کەوێک دەبینێت و پێی وایە کەوەکە لەم جوانتر دەڕوات، هەر بۆیە دوای کەو دەکەوێت و بۆ ماوەیەکی زۆر لاسایی ڕۆیشتنەکەی دەکاتەوە، بەڵام چی کۆشش دەکات فێری ڕەوت و لار و لەنجەی کەو نابێت، بۆیە بێ هیوا دەبێت و واز لە هەوڵدان دەهێنێت، کاتێک دەیەوێت وەکو جارانی خۆی بڕوات، دەبینێت ناتوانێت بەو جۆرەی جارانی خۆشی بڕواتەوە، چونکە لە زۆریی کۆششکردن بۆ فێربوونی ڕەوتی کەو ڕۆشتنی خۆشی بیرچۆتەوە، بۆیە ڕۆشتنەکەی بەو جۆرەی لێ دێت کە ئێستا هەیە و بە یەکێک لە دزێوترین ڕۆشتنی باڵندەکان دادەنرێت. عەرەب بەمە دەڵێ "لا تکن کاللتی ضیع المشیتین" واتە مەبە بەوەی کە دوو ڕەوتارەکەی لەکیس چوو، ئەویش قەلەڕشکەیە، نە فێری ڕەوتی کەو بوو و نە ڕۆشتنە جوانەکەی خۆشیی بیر هاتەوە.


PM:07:21:16/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی