دووی ئەیلول
مێژوویەکی نوێ لە شکۆی کوردی کەرکوک
شوان داودی
دوای پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017و لێکەوتەکانی تری ئەو ڕوداوانه ، کوردی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە گشتی و کوردی کەرکوک بە تایبەتی زەرەرمەندی گەورەو یەکەم بوون و باجی گەورەیان دا ، بکەرانیشی وەک بەرزەکی بانان بێ لێپرسینەوە بۆی دەرچوون .
لەو کاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی یەکەمی حاکمی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیار لەو ڕوداوانە ، پشتی لەو شارە و خەڵکەکەی کرد و بار و بارگەی خۆی پێچایەوە بۆ هەولێر و شارەدێی پردێی کردە حەمرینی خۆی و لەو کاتەوە هەموو شانازی و هەڕەشەیەکیشی هەر بۆتە پردێ و لە بازگەی شێراوە تێپەڕ ناکات و لەو دیوی خەندەقەکەی پردێوە کە ماوەیەکی زۆر پێش ریفراندۆم وەک دیاری کردنی سنور لەگەڵ کەرکوکدا هەڵکەندرا ، خۆی گیڤ دەکاتەوە ، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش حزبی دووەمی حاکمی هەرێمی کوردستان و شەریکی پارتی لە هەموو ڕووداوە باش و خراپەکانی دوای ساڵی 1991وە بەسەرکزی لە شارەکەدا مایەوە بۆ ئیدارە دانی بەژەوەندییە حزبیەکانی خۆی و ئەو دۆخە سەپێنراوەی بەسەر شارەکەدا هاتبوو کە بەناوی سەپاندنی یاسا (فرض القانون) وە بەسەر شارەکەدا سەپێنرا و کوردی گەڕانەوە چوارگۆشەی یەکەم قەبوڵ کرد و مانەوەی بە بێ دەنگی هەڵبژارد .
ئاشکرایە روداوەکان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە دروست کردنی مێژو و سەرهەڵدانی هێز و دەرکەوتنی پاڵەوانەکانی ،
لایەنە بزاوتیەکەی ژیان کۆمەڵێ ڕوداوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان یان وەڵامدانەوەی کارتێکەرەکانە ، هەموو روادوێکیش بارودۆخ و هەل و مەرجی خۆی هەیە کە کات و شوێنی ڕودانی بۆ دەخوڵقێنێت ، روداوە خۆڕسک و خۆبەخشەکان تایبەتمەندی زیندوێتیە و گەر لێی دابڕێی بە واتای مردن یان لاوازییەکی کوشندە دێت ،
لەمەشدا مرۆڤەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە ، کارڵ مارکس پێ وایە مرۆڤەکان بە پێی مەرجە ماددییەکان مێژو دروست دەکەن و جان پۆل سارتەریش دەڵێت :مرۆڤ رۆڵی هەیە لە مێژودا و دروست کەرێتی .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەل و مەرجێکی دژوار و بارودۆخێکی سەختی گەلەکەمان دامەزرا ، بە هەڵوێست و نەبەردییەکانی سەدان داستانی ئەفسانەیی خوڵقاندو هەزاران پێشمەرگەی خۆنەویست و سەدان فەرماندەی پاڵەوان و سەدان سەرکردەی قارەمان و چەندین ڕابەری کارێزمایی خوڵقاند و مێژوی بۆ خۆی و نەتەوەکەی دروست کرد ، دۆست و دوژمن سەدان حسابیان بۆ دەکرد .
بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردودا و لە ئەنجامی کۆمەڵێ روداودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو سام و هەیبەت و سەروەرییەی لە ئەنجامی ئەو مێژوو بە دەستی هێنابوو لە بێ هەڵوێستی یان لە لاوازی هەڵوێستیدا لە دەست دەدات قۆناغ بە قۆناغ پاشەکشەی گەورە لێ دەکات و زیندوێتی ئەو هێزە ئەفسانەییە لاواز و سست کراوە .
ڕووداوەکانی کۆتایی ئاب و سەرەتای ئەیلولی شاری کەرکوک تاقي كردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ هێزە کوردییەکان بە گشتی و یەکێتی و پارتی بە تایبەتی بە داخەوە تێیدا سەرکەوتوو نەبوون ..
دوای 5 ڕۆژ لە گرتنی شاڕێگای کەرکوک هەولێر لە لایەن چەند هێزێکی سیاسی و میلیشایی عەرەب بە سونەو شیعە و بە پشتیوانی تورکمانی شیعە و سوننە و لە ناو جەرگەی گەڕەکە کوردیەکان و بەبیانوی ڕێگە گرتن لە گەڕانەوەی بارەگایەکی پارتی کە لە ڕۆژی تەنگانەی کورددا بە جێی هێشتووە ..
فشارێکی دەرونی زۆری هێنایە سەر دڵ و دەرونی تاکی کورد لە شارەکەدا چی بەو ڕێگە گرتنەیان و بەو ئیهانەو سوکایەتی کردنانەی بە کورد و حکومەتی هەرێم و ئاڵای کوردستان چی لە سەر شەقامەکە و چی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوە دەچوو ، لە ئەنجامی تەماشا کردنی پارتی لەدورەو و بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی یەکێتی لە ناوەوە لەو دۆخەی سەپێنراوە ، کۆمەڵێک گەنجی خوێنەوار و خوێن گەرمی شارەکە گروپی فشاریان ڕاگەیاند و کات و شوێنیان بۆ خۆپیشاندان و کردنەوەی ڕێگاکە و کۆتایی هێنان بەو مەهزەلەیە دیاری کرد و ڕاگەیاند .
لە بری هاوکاری و پشتوانی لێکردن و خۆبەخاوەنکردنیان ، پارتی لە لایەکەوە لای ئیدارەی شارەکە بێ بەریکردنی خۆی لێیان پیشان دەدا و لە لایەکی ترەوە هەوڵی قۆستنەوەی کارەکەیان لە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بە کارهێنانیانی دەدا و یەکێتیش نەک خۆی لێ نەکردن بە ساحیب بەڵکو گومانی خستە سەریان تۆمەتباری کردن بەوەی دەستی لایەنێکیان لە پشتە .
لە ئەنجامدا جەسورانە ئەو خۆپیشاندانەیان ئەنجام دا کە کوردی کەرکوک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە خەونی پێوە دەبینێت قوربانیان بەخشی و بە خوێنی گەشیان کۆتاییان بەو دۆخە هێنا و ڕێگاکەیان کردەوەو بنەمای یارییەکەیان گۆڕی و سەرنجی دونیایان هێنایە سەر کەرکوک و کورد لە کەرکوک .
ئەو پێنج ڕۆژەی یەکێتی بێ دەنگی هەڵبژاردبوو بۆ خۆی کوشندە بوو ..
دەبوایە لە یەکەم ساتەوە یەکێتی خۆی کردبا بە خاوەنی دۆخەکە و ئەو ڕێگرتنەی قەبوڵ نەکردایە .
کاتێ ئەو گەنجانە خۆیان ڕاگەیاند نابوایە یەکێتی بە چاوی گومانەوە مامەڵەی لە گەڵ کردبان، حەق وابوو لەگەڵیان دانشێت و خۆی بکاتە ساحبیان و پشتوانی سیاسی لێ کردبان ..
بۆیە باسی یەکێتی دەکەم چونکە شەقامی کەرکوک شەقامی یەکێتی بووە ئەو گەنجانەش بەشێک بوونە لە جەماوەری یەکێتی بە دەلیلی ئەوەی شەهیدەکان خەڵکی زۆر دڵسۆزی یەکێتی بوون .
خەڵک پێویستی بە بارەگا نیە بەڵکو پێویستی بە قیادە هەیە بە ساحیب هەیە بە هێز هەیە و بە داخەوە کورد لە کەرکوک نە ساحیبی هەیە نە قیادەی هەیە نە هێزی هەیە ..
ڕاستە حزب هەیە و خۆیشی بە ساحیبی کەرکوک دەزانێت و قائید و قیادەی حزبیش زۆرن و حزبەکانیش هێزیان هەیە .
ئەمانە هەمووی هەن بەڵام هی حزبن و نابنە هی کورد گەر گوتارێکی کوردایەتی ڕونیان نەبێ و حزوری بە هێزیان نەبێ لە چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتوریە گرنگەکانی شارەکەدا .
حزبە کوردیەکان پێویستە بە ئاگا بێنەوە و لەوە تێبگەن
کورد پێویستی بە بارەگا نیە ئەوەندە پێویستی بە گوتارێکی نەتەوەیی یەکگرتوو هەیە ، خۆ لەسەردەمی بەعسدا کورد بارەگای نەبوو لەم شارەدا بەڵام هەموو ماڵێکی کوردی بارەگایەک بوو کورد پێویستی بە هێز نیە لە شارەکانی ترەوە بۆی بهێنن چونکە خۆی هێزێکی لە بن نەهاتووە وەک بینیمان ئەو چەند گەنجە بەبێ چەک و بێ پشتوانی هیچ هێزێک چۆن بە ئاڵای کوردستانەوە سنگیان بەو هەموو هێزە نیزامی و ملیشیاتانەوە نا مێزەکەیان وەرگێڕا بە سەریاندا ،
گەر گوتارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی هەبێ و پێویستی بەوە نیە کەس خۆی لێ بکات بە ساحیب خۆی دەتوانێت خاوەندارێتی لە خۆی بکات .
بەداخەوە لەو میحنەتەدا ئەوەی لەو هەفتەیدا یەکێتی و پارتی بەرامبەر یەک کردویانە و وتوویانە لە کاتێکدا نەیارەکانیان هەموو کێشەو ململانێکانی خۆیانیان بەلاداخستبوو بۆ دژایەتی کورد هاتبونە سەر شەقام و بەردەم ماڵیان پێ گرتبوین مایەی شەرمەزار کردنە .
ڕاستە خۆپیشاندانەکە بەرامبەر بارەگایەک بوو کە پارتی داوای دەکات بەڵام مەکتەبی سیاسی یەکێتی دیل کرابوو ...ئێستاش نازانم و لەوە تێناگەم کە یەکێتی چۆن ئەوەی قەبوڵ بوو کە بەو شێوە ئابڵوقە بدرێت و بێ دەنگی هەڵبژێرێت .
دوای روداوەکە زۆر بەیاننامە و ڕاگەیەندراو بڵاو کرایەوە بەڵام هیچیان بەهای سەلکە تورێکیان نیو وەک فەرنجی پاش باران .
ڕۆژی 2 ئەیلول ڕۆژی گەڕانەوەی شکۆ بوو بۆ کوردی کەرکوک و ترسی خستە نێو هەناوی نەیاران و گیانی بەبەر جەستەی کوردا کردەوە و بووە هۆی بوژانەوەی ئومێدو ئەوەی سەلماند کە شعوری نەتەوەیی کوردی کەرکوک بێ گەردە و ئەوەی نەخۆشە هەڵوێستی هێزە سیاسیە کوردیەکانە ، شکۆیەک مۆتەکەی ترسی وا ڕەواندەوە کە گەنجێکی وەک شیف سۆران بەو پەڕی جەرائەتەوە گوزارشت لە ویژدانی کوردی کەرکوک بکات بە زمانێکی سادە بە شێوەیەک کە هیچ حزبێکی سیاسی لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەیتوانیوە بەو شێوەیە ئەو داوا ڕەوایە بە ڕووی فەرماندە باڵاکانی دەسەڵاتی سەربازی شارەکەدا بکات و بەرگری لە کوردبوون و ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا بکات .
شکۆیەک هەم حکومەتی عێراق و هەم سەرجەم هێزە سیاسیەکانی لەو خەوەیان بە ئاگا هێنایەوە کە پێیان وابوو چی تر کورد لە کەرکوک خامۆش کراوە .
بۆیە لە دوای ئەو ڕۆژەوە کورد هەر دەستکەوتێکی هەبێت بەرهەمی ئەو جوڵەیەی گروپی فشاری گەنجەکانێتی .
PM:08:59:10/09/2023
ئهم بابهته 684
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی