پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانەی سەرانسەری بە ئەزموونی حوکمرانی ڕێگاچارەی ناسەقامگیری گشتی کۆمەڵگایە!

‌کاوە محمود

لە ماوەی چەند مانگی ڕابووردوودا ڕووداوەی جۆراجۆر، کە هەڕەشەیە لە سەقامگیری گشتی کۆمەڵگای کوردستان لە تەشەنەکردندایە. ڕووداوەکان بواری دزیکردن و بەکارهێنانی شێوازی جۆراجۆری توندوتیژی و تەقەکردن و کوشتن و فراوانبوونی بازرگانی بە تلیاک و ماددە هۆشبەرەکان و تۆڵەسەندنەوە لە دەرەوی دادگا و سەرپێچی لە بواری شۆفێری و چەندین شێوازی دیکە دەگرێتەوە.

کارتێکردنی ئەم ڕەوشە ناهەموارە، تەنیا کەسانی تووشبووی ڕووداوەکان ناگرێتەوە، و جگە لەوەی ڕووداوەکان وا دەبێتە دیاردەیەکی بەرچاو، کارتێکردنی ڕووداوەکان، کە بێ گومان نەگەتیفانە بارێکی دەروونی خەراپی بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان درووست کردووە.

دیاردەکان هاوکاتە لەگەڵ ناسەقاگیری بازاڕ و هەڵبەزە و دابەزەی نرخی دۆلار، و بابەتی ڕاگرتنی ناردنی نەوتی هەرێم و مەترسییەکان لەسەر پرسی موچە و بابەتی بودجە، کە تێکڕای ئەم خاڵانە لەلایەن تاکی کوردستانییەوە بەهەند وەردەگیرێت. 

سەقامگیری گشتی کۆمەڵگای کوردستان پەیوەندی بە سێَ بواری بەیەکتر گرێدراو هەیە. وەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و سەقامگیری ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی، سەقامگیری گشتی کۆمەڵگا دابین دەکات.

کۆڵەکەی سەرەکی سەقامگیری سیاسی بوونی دەستوور و جێبەجێکردنی یاسا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، و بوونی دامەزراوی کارا و باوەڕ و متمانەی هێزە سیاسییەکانە بە بوونی "گریبەستێکی کۆمەڵایەتی"، کە ڕەوابوون بە دەسەڵاتی سیاسی دەدات، و زەمینەی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی دابین دەکات، و ڕێگا لە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دەگرێت، و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ لە هەژموونی حزبی، نەک دەستتێوەردانی حزبی و سولحی عەشایەری، کێشە چارەسەر دەکات و، بەم جۆرەش شوناسی نیشتمانی کوردستانی بۆ تاکی کوردستان بنیات دەنرێت، نەک شوناسی لۆکاڵی و ناوچەیی.

سەقامگیری ئابووری، کە بناغەیەکی دیکەی سەقامگیری گشتییە، پێویستی بە سیاسەتی ئابووری نوێ و گرتنەبەری ڕێگای گەشەپێدان و قورتاربوون لە ئابووری بەرخۆر و نەهێشتنی گەندەڵی و دۆزینەوەی فرسەتی کار هەیە، و تێکڕای ئەم خاڵانە ڕەوشێکی ئابووری وا درووست دەکات، کە ژیانی شیاو بۆ زۆربەی خەڵک مسۆگەر بکات.

ئەوەی لە ڕەوشی کوردستان بەدی دەکرێت بەردەوامبوونی قەیرانەکان و چارەسەرنەکردن، و ئاڵۆزی پەیوەندی خودی لایەنەکانی دەسەڵاتە، کە پاراستنی بەرژەوەندی حزبی بۆتە بنەما و پێوەری مامەڵەکردن و پەیڕەوکردنی سیاسەت، و زەمینەیەکی لەباری ئەوتۆیان درووست کردووە، کە بەسەر جەمسەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا دابەش بن، و کوردستانیان کردۆتە گۆڕەپانی ململانییە هەرێمی و نێودەوڵەتی.

دابینکردنی سەقامگیری گشتی لە ڕەوشی کوردستاندا، پێویستی بە پێداچوونەوەیکی ڕەخنەگەرانە بە ئەزموونی حوکمرانی هەیە، و بێ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش خودی حوکمڕانان، کە بەرپرسیاری ئەم قۆناغە دەکەوێتە ئەستۆیان، دەبنە هۆی بە فیرۆدانی ئەو دەسکەوتانەی گەلی کوردستان لە باشوردا بە قوربانیدانی پتر لە سەدەیەک بەدەستی هێناوە.


AM:09:33:10/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی