خاڵه‌كانی‌ پارتی‌ و سێ‌ خاڵی‌ چوار حزبه‌كه‌

‌سیروان غەریب

رۆژ به‌رۆژ كۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵویستی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی‌ لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ چه‌ند سه‌رنجێكی‌ منه‌ له‌سه‌ر شه‌ش خاڵی‌ دوو ڕاگه‌یاندراوی‌ ئه‌مرۆ كه‌ سیانیان تایبه‌ته‌ به‌ پارتی‌ و سیانه‌كه‌ی‌ تریشیان تایبه‌ته‌ به‌ چوار حزبه‌كه‌.

سه‌رنجی‌ یه‌كه‌م: ئه‌مرۆ دوو ڕاگه‌یەندراوی‌ دوو كۆبونه‌وه‌ی‌ جیاوازم خوێنده‌وه‌ یه‌كێكیان تایبه‌ت بوو به‌كۆبونه‌وه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئه‌وی‌ تریشیان تایبه‌ت بوو به‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ چوارقۆڵییه‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵ و گۆڕان و هاوپه‌یمانی‌ و یه‌كگرتوو. هه‌ردوو ڕاگه‌یەندراوه‌كه پێكه‌وه‌ به‌ به‌شه‌ش خاڵ ڕای‌ خۆیان له‌سه‌ر پرسه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عێراق ده‌ربڕیبوو.

هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ دوای‌ چوار كاتژمێر له‌كۆبونه‌وه‌، له‌رێگه‌ی‌ ڕاگه‌یەندراوێكی‌ سێ‌ خاڵی‌ كۆتایییان به‌كۆبونه‌كه‌ هێنا. له‌خاڵی‌ یه‌كه‌م : سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، جەخت دەکەنەوە لەسەر پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی خەڵک و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیانی عێراق.

ئه‌م خاڵه‌ به‌پێی‌ توانای‌ خۆت ده‌توانیت ڕایبكێشیت و هاوكاتیش ده‌یان پرسیار دروستبكات، كه‌ گرنگترینیان ئایا بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و مافانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان گفتووگۆ ده‌كه‌ن و پاشان به‌یه‌كەوە.ده‌چنه‌ به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ یاخود هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه‌ به‌ته‌نها، رون نییه‌.

خاڵی‌ دووه‌م: (لە کۆبوونەوەکە) پێداگری کرا لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک.

ئه‌م خاڵه‌ش خۆدزینه‌وه‌یه‌كی‌ ئاشكرایه‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ ڕاسته‌قینه‌یان به‌رامبه‌ر كاتی‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌رێ‌ براده‌رینه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنن له‌و واده‌یه‌ یان داوای‌ دواخستنی‌ ده‌كه‌ن؟ ئایا كاتی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌روونی‌ به‌لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانتان بڵێن؟

خاڵی‌ سێهه‌م: هەرچوار لایەن بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و هەماهەنگی و هاوکاری و کاری هاوبەش.

له‌گه‌ڵ كێ‌؟ بۆ به‌روونی‌ پێمانناڵێن مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ دانیشن؟ خۆ ئه‌مه‌ كفر نییه‌ ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ كفره‌ كه‌ ژێربه‌ژێر دور له‌ لایه‌نگران و دۆست و جه‌ماوه‌ره‌كه‌تان، له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌ نه‌ك حزبی‌ به‌ڵكو شه‌خسییه‌كانتان ڕێكبكه‌ون؟

به‌بۆچونی‌ من ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌ی‌ پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار زۆر ڕونترو شه‌فاف تر بوو له‌ڕاگه‌یەندراوی‌ چوار حزبه‌كه‌.

سێ‌ خاڵه‌كه‌ی‌ پارتی‌ بریتی‌ بوون له‌هه‌ڵویستیان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق و كێشه‌كانی‌ ناو "ماڵی‌ كورد" به‌ڕونی‌ هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌و سێ‌ پرسه‌ له‌ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌ ڕه‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌.

من وه‌كو رۆژنامه‌نوسێك باسی‌ ئه‌وه‌ ناكه‌م كه‌هه‌ڵوێسته‌كانی‌ پارتی‌ موزایه‌ده‌یه‌ یان واقعییه‌، ته‌نها باسی‌ هه‌ڵوێستی‌ ڕاسته‌وخۆیان ده‌كه‌م كه‌ ده‌یانه‌وێت بیگه‌یه‌نن به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان. به‌بڕوای‌ من هه‌ر سێ‌ خاڵه‌كه‌ی‌ پارتی‌ به‌ باشی‌ گه‌یشت. ئه‌وان به‌ڕه‌سمی‌ داوای‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و ده‌شڵێن له‌گفتوگۆكاندا له‌گه‌ڵ كوتله‌ی‌ زۆرینه‌ له‌به‌غدا ڕێكده‌كه‌ون و بۆ كێشه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ چوار حزبه‌كه‌ ده‌رگایان كردۆته‌ سه‌ر پشت واته‌ به‌كورتی‌ پارتی‌ له‌راگه‌یەندراوه‌كه‌یاندا پیشانی‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سه‌ركردایه‌تی‌ وه‌فدی‌ كوردی‌ بۆ گفتوگۆكانی‌ به‌غدا بكەن.

ئه‌مرۆ له‌به‌رده‌م دوو ڕاگه‌یاندراوی‌ حزبی‌ بووین یه‌كێكیان ڕاگه‌یاندراوی‌ چوار حزبی‌ "ئۆپۆزسیۆن" كه‌ سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی‌ ناوی‌ لاستیكی‌ بوو له‌كاتێكدا هه‌زاران لایه‌نگری‌ دڵگه‌رم چاوه‌ڕوانی‌ هه‌ڵوێستێكی‌ ڕونیان لێ‌ ده‌كردن ، ئه‌وه‌ی‌ تریشیان پارتێكی‌ "ده‌سه‌ڵات" كه‌ به‌رونی‌ و ئاشكرا هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر پێشهاته‌كان ڕاگه‌یاند.

ئه‌گه‌رچی‌ به‌هۆكاری‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ واقعی‌ ئه‌م چوار مانگه‌ی‌ كۆتایی‌ ئه‌م چوار حزبه‌، من چاوه‌ڕوانی‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ نه‌بووم.


PM:05:41:30/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 5727 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی