له‌ بای بای به‌غداوه‌ بۆ باوه‌شی به‌غدا

‌لەتیف فاتیح فەرەج

سی ساڵیشه‌ من هیچ جۆره‌ شوره‌ییه‌ك له‌ سیاسه‌تی كوردی باشوردا نابینم ، یانی سیاسیه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان ، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی حوكمڕانیان قۆرخكردوه‌ هیچ ئاوڕویه‌كی ئاكاریانه‌ی سیاسیان نیه‌و له‌ هیچ سڵناكه‌نه‌وه‌ ، له‌ لكلندنی باشوری كوردستانه‌وه‌ به‌ عیراقه‌وه‌  زۆر كه‌م كورد ده‌دۆزیته‌وه‌ به‌ بڕواوه‌  وابه‌سته‌ی شوناسی عیراقی بێت و خۆی به‌ عیراقی پله‌ یه‌ك بزانێت ، ته‌نانه‌ت جاش و موسته‌شارو به‌عسیه‌ كورده‌كانیش به‌ دڵنیایی ته‌واوه‌ هه‌ستیان به‌ عیراقی بوونی خۆیان نه‌كردووه‌ ، كه‌چی سیاسیه‌كانی باشور ئه‌وانه‌ی  هه‌موو جۆره‌ لاره‌ ملیه‌كی نێو ده‌وڵه‌تیان تاقیكردوه‌ته‌وه‌و زۆرده‌وڵه‌ت و ده‌زگای جاسوسی به‌ كاری هێناون ، ده‌یانه‌وێت به‌ زۆر شوناسی عیراقی به‌و جۆره‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت به‌ سه‌ر كوردا بسه‌پێنن ، هه‌ڵبه‌ت له‌و كاتانه‌شدا كه‌ بانگه‌شه‌ی بای بای عیراق ده‌كه‌ن ، ئه‌وان جگه‌ له‌وه‌ی به‌ هه‌ستی كوردی یاری ده‌كه‌ن ، له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌دان له‌و گه‌مه‌یه‌ چه‌ند ده‌به‌نه‌وه‌ ، ده‌نا لای ئه‌وان هه‌رگیز شتێك نیه‌ به‌ ناوی بای بای عیراق.

نه‌ به‌غدا نه‌تاران ، نه‌ئه‌نكه‌ره‌و دیمه‌شق هیچ چاره‌سه‌ریه‌كی بنه‌ڕه‌تیان بۆ كێشه‌ی كورد پێنیه‌ ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و پایته‌ختانه‌ بیریش له‌وه‌ بكاته‌وه‌ لای خۆیه‌وه‌ لانی كه‌می چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ كورد یه‌كلابكاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ پایته‌خته‌كانی تر تێكی ده‌ده‌ن ، هه‌ڵبه‌ت زۆر كات بۆ تێكدانه‌كه‌ش هه‌ر خودی كورد به‌ كار دێنن ، چونكه‌ كورد زۆر له‌ باره‌ بۆ جاشێتی وگوێڕایه‌ڵی ئه‌وانی تر ، بۆیه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به‌رله‌وه‌ی له‌ هه‌ركوێ‌ بێت لای خودی كورد خۆیه‌تی ، كورد خۆی ده‌بێت بزانێت چی ده‌وێت و چۆن ، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ خه‌یاڵی لای پاشقولی براكه‌ی و جاشێتی ئه‌م و ئه‌و بێت ، به‌ سه‌یر كردنێكی خێرای ئه‌م ماوه‌یه‌ ، به‌ تایبه‌ت شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ تێده‌گه‌ین ئێمه‌ له‌ چ بارو دۆخێكی ناجۆرو نا ئاكاریانه‌ی بێسه‌رو به‌ره‌داین ، له‌وه‌ش گه‌ڕێ‌ كه‌ چۆن وه‌ته‌نیات به‌ سه‌ر گه‌ل و به‌سه‌ر یه‌كتریشدا ده‌فرۆشن و خۆڵ ده‌كه‌نه‌ چاوی خه‌ڵك.

له‌ باشوری كوردستان كه‌س نیه‌ به‌ هه‌نده‌ی سیاسیه‌ ڕاڕاو بێهه‌ڵوێسته‌كان گرێدراوی عیراق بێت ، كه‌سیش نیه‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ان نه‌فره‌تی درۆزنانه‌ له‌ عیراقی بوون بكات ، كێشه‌ی گه‌وره‌ تێگه‌یشتنی گشته‌ خه‌ڵكه‌ له‌م بابه‌ته‌ ، چونكه‌ گشته‌ خه‌ڵك یان زۆرێك به‌ هۆی بیر كاڵی و یادوێرانی كورده‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ داوی ئه‌و درۆیانه‌وه‌ كه‌ سیاسیه‌كان فریوده‌رانه‌ ده‌یكه‌ن و خه‌ڵكی پێله‌ خشته‌ ده‌به‌ن ، ده‌نا هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێكی گونجاو نه‌له‌ به‌غداو نه‌له‌ هیچ پایته‌ختێكی دیكه‌ی كۆڵۆ نیالیزمیه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست ، بۆیه‌ ناكرێت به‌وه‌ خه‌ڵك فریو بدرێت كه‌ كوردو به‌غدا رێككه‌وتن و خه‌ڵكێك ناهێڵن ، به‌س ریكلامی شوتیه‌كه‌و كابرای عه‌ره‌ب به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌وان چۆن بیر له‌ كورد ده‌كه‌نه‌وه‌.

سیاسیه‌كانی باشوری كوردستان لانی كه‌می ده‌بێت له‌وه‌دا راستگۆ بن ، كه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ی ڕوون و ره‌وانیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێو خۆیان پێنیه‌ ، چجای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ گه‌ڵ عیراق كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌ ربه‌یه‌كی ده‌كێشن ، ئه‌م شه‌ش مانگه‌ی رابردوو به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ی وردو لێبڕاوانه‌ له‌ سه‌ر خۆمان بكه‌ین و بپرسین ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ چی بكه‌ین و چۆن.


PM:09:57:09/06/2023

ئه‌م بابه‌ته 752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی