پاش فەرمانە سالارییەکەی ئەمرۆی دادگای باڵای ئیتیحادی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (١٠-٦-٢٠٢٤) ئەنجام نادرێت

‌رێباز مه‌حمود

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەرای کارەکانی لە ڕێی پارێزەرەکەیەوە داوای ژمارە ( ١٦٢ – اتحادیە- ٢٠٢٤ ) لە دادگای باڵای ئیتیحادی تۆمارکردووەو تیایدا داوای دەرکردنی بڕیار دەکات بە نادەستوری بوونی ماددەی ٢ لە سیستمی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان ژمارە ٧ ساڵی ٢٠٢٤ کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پەسەندی کردووەو دەریکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەو ماددەیەی تانەی لێدراوە هەرێمی کوردستان دەکات بە چوار بازنەی هەڵبژاردن: هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە. وە ژمارەی کورسی پاریزگاکان دیاریدەکات: هەولێر ٣٤ کورسی ، سلێمانی ٣٨ کورسی ، هەڵەبجە ٣ کورسی ، دهۆک ٢٥ کورسی.

لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای ئیتیحادی کە فەرمانێکی سالاری (امر ولائی) دەربکات بەڕاگرتن و هەڵپەساردنی کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاگرتنی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دادگاش پاش وردبینی، داواکەی سەرۆک وەزیرانی پەسەند کردووە و بریاری داوە بە فەرمانێکی سالاری بە ڕاگرتنی کارکردن بە ماددەی ٢ لە سیستمی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان ژمارە ٧ ساڵی ٢٠٢٤ کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پەسەندی کردووەو دەریکردووە.

بەم شێوەیە کۆمسیۆن پاش ئاگادارکردنەوەی بە فەرمی بە ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە سالارییە ناچار دەبێت کارەکانی ڕابگرێت، کە ئەمە مانای وەستاندنی هەموو ڕێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە، بەلام مانای نەکردنی هەڵبژاردن یان دوا خستنی نیە. وە ئەنجامی کۆتایی واتە ئەندامدانی هەلچبژاردنی پەرلەمانی هەریچمی کوردستان پەیوەندیدارە بە ئەنجامی داوای ژمارە (١٦٢ اتحادییە ٢٠٢٤) کە سەرۆک وەزیران تۆماری کردووە دژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی یەکلابوونەوەی داوا لە دادگا کاتی پێویستەوە ناشزانرێت ئەو کاتە چەندە. بۆیە نازانرێت کەی دادگا بڕیار دەدات لە داواکەی سەرۆک وەزیران. جگە لەوە دەبێت هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپیبکات بەڵام کۆمسیۆن ناچار دەبێت کە هەڵمەتەکە رابگرێت و دوای بخات، دواتر دەشێت بەهۆی تێکچونی کارنامەی کۆمیسیۆ‌ن و تێپه‌ڕینی کات و ئاستەم بوونی ئەنجامدانی کردەکان، کۆمیسیۆن خۆی رای بگه‌یه‌نێت بکات کە فریا ناکەوێت هەڵبژاردن لە ١٠-٦- ٢٠٢٤ ئەنجامبدات و بە ناچاری داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکات وادەیەکی تر دیاری بکات.

ئەگەر زوو تر یان درەنگتر لە ٦/١٠ دادگا بریاریدا لە داواکەی سەرۆک وەزیراندا ئەوا بەپیی ناوەڕۆکی بریارەکە کۆمسیۆن پابەند دەبێت بە بڕیارەکە بە ڕێکخستنی هەڵبژاردن بەهەمان شێوەو بە هەمان کۆی ژمارەی کورسییەکانی پێشوو یان بە گۆرینی کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، وە ڕەچاوکردنی پێکهاتەکان و ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک. 

ئەمە ئەگەر کۆمسیۆن خۆی هەڵنەوەشابۆوە چونکە لە ٧\٧\٢٠٢٤ تەمەنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەسەردەچێت و بەهۆی نەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و سەرقاڵبوونی حیزبە عێراقییەکان بە یاساو کێشەکانی تر گەرنتی نیە کە پێش ئەو وادەیە تەوافق و ڕێکەوتن لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن و چۆنێتییەکەی دەکەن یان نا. 

واتا ئەگەرەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان لە ١٠\٦ زۆر زیاترە لە ئەنجامدانی، هەروەها گۆرینی کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان و کورسی پارێزگاکان ئەگەرێکی زۆرە ڕووبدات.

واتا هەڵبژاردن کەی و چۆن دەکرێت هیچی دیارنیەو دەکەوێتە بارێکی ناروون و ڵێڵەوە. ئەوەی دیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (١٠-٦-٢٠٢٤) ئەنجام نادریت.


PM:05:29:07/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 1984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی