بیرتەکەم کاک شێرکۆ

‌هیوا قادر

ئەو ژیاندۆستی و بینینە جیاوازانە، ئەو تینوێتییە بۆ کەشفکردن، وایکردووە هەمیشە تەمەن کورترین شاعیر چەندان بەرابەر لە بەتەمەنترین مرۆڤی ئاسایی تەمەن درێژتربێت، مرۆڤەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لە ساتی نزیکبوونەوەیان لە مردن لە یەک دەچن، ئەو لەیەکچوونەش لە تەنیاییانەوەیە، چونکە هەموو ئینسانەکان بە تەنیایی دەمرن. بەڵام کاتێک شاعیران و نووسەران هەست بە نزیکبوونەوەی مردن دەکەن، بە چاوێکی غەمبار و زەردەیەکی سارد و سیمایەکی بێدەنگەوە سەیری هەموو شتەکانی دەوروبەریان دەکەن.

دواهەمین بینینەکانی پێش مردن لە هیچ بینینێکی ناو ژیان ناچێت و پڕە لە پرسیاری بێ وەڵام. هەستی هەستکردنی مرۆڤ بە گوناهبوونی خۆی لە بەردەم مردندا، هەزاران جار گەورەترە لە هەستکردن بە گوناهبوون لە ژیاندا، ڕەنگە دواهەمین هەناسەی دەمی مردن هەوڵدانێک بێت بۆ گوزارشتکردن لەو گوناهبوونەی مرۆڤ لەبەردەم قەدەری مردنی خۆیدا. شاعیرەکان لە هەرە ژیاندۆسترینیانەوە تا غەمبارترینیان بوونەوەی زۆر تەنیا و بریندارن. ئەم برینداریەش لەو خولیایەی خۆیانەوە دێت بۆ کەشفکردنی شتەکان لە ڕێگای زمانەوە، داهێنەرترینیان هێشتا هەست بەوە دەکات ئەوەی دەیڵێت و دەینووسێت بەس نییە، ئەم بەس نەبوونە لە هەموو ئاستەکاندا مایەی زیاتر قوڵکردنەوەی ئەو بریندارییەیە؛ کاتێک شاعیرەکان بەو بریندارییەوە بەجێماندەهێڵن، توشی بێدەنگی و غەمبارییەکی قووڵمان دەکەن. کاک شێرکۆ یەکێک بوو لەو شاعیرانەی زۆر بریندارانە بەجێیهێشتین، دوای خۆی زۆر خەمبار و تەنیای کردین.

ئەو دەیزانی مردن نزیکە، بەو خەمباری و خەمۆکی و دڵپڕبوونەی ڕۆژانەیدا دیاربوو، من چەند مانگێک بوو دڵم پێی وتبووم تێر و پڕ سەیری بکەم، چونکە دەمزانی بەو زووانە دەڕوات و ناگەڕێتەوە. ئەو کاتانەی بینی کۆکە دەیگرت و دەیتاساند و توشی هەنەدەفی دەکرد، مردن وەک سێبەرێک دەیویست دەستی بگرێت و بۆی نەدەگیرا.

ئەو بایەنییەم باش لەبیرە، چەند مانگێک پێش سەفەرەکەی، بە زەحمەتێکی زۆر بەسەر قادرمەکانی قاتی یەکەمی دەزگای سەردەمدا سەردەکەوت، بێ ئەوەی بهێڵم بمبینێت، بە دڵی پڕەوە لە دوایەوە وەستابووم، دەمزانی سەرکەوتنەکەی بەسەر ئەو پێ پلیکانە نەفرەتیانەدا کە شەکەتیان کردبوو، هەنگاوهەڵهێنانەوە نییە بۆ ناو ژیان، بەڵکە تلبوونەوەیە بەرەو مردن.

من ئێستا لەسەر ئەو پێ پلیکانانە دانیشتووم و بە بێدەنگی بیردەکەمەوە، دەبێت چاوی ئەو پیاوە شاعیرە بریندارە، خەیاڵ و تێڕوانینەکانی چەندە بەرابەر لە جاران تینووتربووبێت بۆ بینینی هەموو شتەکان، ئەو هەستی بەجێهێشتنی یەکجارەکییە چەندە جەرگ بڕ و ئەژنۆ شکێن بووبێت، دەبێت مرۆڤ لەویادا چەندە هەست بە تەنیایی و دەستەوسانی بکات کە ناتوانێت ئەو ساتانە بکات بە تێکست، دوا ساتەکانی بەجێهێشتنی یەکجارەکی بۆ ناشوێن، چەندە بێ ڕەنگ و سارد و بەتاڵن لە گوزارشتکردن. ڕەنگبێت سیحر و ئومێدی ژیان لەویادا هێندە بەهێزبێت شاعیر فریای بە تێکستکردنی ئەو ساتانە نەکەوێت، لەبری ئەوە دڵی پڕ لە ئومێد بکات و لەناو خەیاڵی مانەوەدا خۆی بشارێتەوە، یان ڕەنگە جەستە هێندە سست و خەیاڵ هێندە بێ باڵ و لەزەتبردن لە نووسین هێندە دووربێت، نەتوانێت ئەو دواهەمین ساتانە بگوێزێتەوە بۆ ناو دنیای تێکست. هەر دەبێت وابێت، گەر نووسین بەشێک بێت لە ژیان، ئەوا نووسین لەو کاتانەدا دەبێت بە ژێر ئازار و خەمی تەنیایی مردنەوە. بەڵام کاک شێرکۆ پێش دەست گەیشتنی یەکجارەکی خۆی بەو ئازاری مردنە لە دواهەمین دیوانیدا "خێراکە مردن خەریکە بگای"، هێندەی لە توانایدا هەبوو شاعیرانە قسەکانی خۆی کرد، ئەوسا چاویلکەکەی دانا. ئەم بینینانەی من باسیان دەکەم سەبارەت بە گەیشتنی مردن، سەدان جار کۆپیکردنی ئەو هەستە ئاڵۆز و سەیرانەی پێش مردنن، کە من ئێستا لە بەرزاییەکانی ژیانەوە دەیانبینم.

کاک شێرکۆ کاتێک قەسیدەی "پایز لە ناو پایزدا"ی بۆ خوێندمەوە. وتم کاک شێرکۆ: ئەم شیعرەت زۆر زۆر خەمبارە! پێیوتم: غەمبارە! ئا وایە بڵێێن چی، تازە پایز هاتووە و منیش هەست دەکەم وەک گەڵا کەوتوومەتە دەم با، ئیتر ژیان وایە، هەموومان دەبێت قسەی خۆمان بکەین و بڕۆین.

من هەرگیز مردن بە حەق نازانم، مادام شاعیرەکان ئاوا بریندارانە بەجێماندەهێڵن.



PM:02:50:04/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی