نە رەوتی سەدریی ، نەچوارچێوەی هەماهەنگیی، عێراقێکی دیموکراسیی
بارزان شێخ عوسمان
روداوەکانی عێراق زۆر بە خێرایی تیپەڕ دەبن .هەر رۆژە هەواڵێکی ناخۆش و پڕ وەیشومە دەبیستین ، کاربەدەستە سیاسییە دینییەکان بە دروشم بازیی گەلی عێراقیان وڕ و کاس کردوە .
رۆژێک بەرەیەکیان. بە نە شەرقی و نە غەربی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی ، خەڵک فریو دەدەن ، ئەوانیتریش بە درۆو دەلەسەی تر بەشێکی تری ئەو خەلکە گێل دەکەن.
هەریەکە لەو تاقمانە زۆر بێ شەرمانە ئیدعای پاکی و بێگەردیی و بەگژاچونەوەی گەندەڵیی و پشک پشکێنە دەکەن ،کەچی هەر خۆیان بەر پرسیاریی ئەو گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و وێرانکارییەن .
سەیرەکە لەوەدایە هەم چوار چێوەی هەماهەنگیی ،هەم رەوتی سەدریی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە هەر خۆیان جڵەوی حکومەتدارییان لە دەستدایە تا ئەمڕۆ ،هەر لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و سەروەزیر و وەزیرەکانیان و بەڕێوەبەران و راوێژکاران تا جومگە ئەمنیی و سەربازیی و هەواڵگرییەکان . ئەوانن بەرپرسیاری ئەم دواکەوتویی ،هەژاریی ،هەڵتەکاندنی ژێر خانی ئابوریی و وێرانبونی زیاتری وڵاتەکە ،کەچی کە لە کۆبونەوە جەماوەرییەکاندا ،لە تویتەکانیاندا ،لە وتارە دینییە سیاسییەکانیاندا خۆیان دەکەنە فریشتە و پەپولە ،بەمەش خەڵکێک دەخەڵەتێنن و لە خشتەیان دەبەن دوای دروشمە بریقەدارە بێ بنەما و درۆ کانیان دەکەون .
ئێستا عێراقی عەرەبیی لە نێوان بەرە دینییەکانی سونە و شیعە دابەش بوە هەر بەرەیەکیشیان کۆمەڵێک چەقۆ کێش ،سەرسەریی،کۆنە فیدایی سەدام ،کۆمەڵێک مفتە خۆر و گیرفان پڕکەر و کۆمەڵێک گەمژەیان دوای خۆیان و دروشمەقەبەکانیان خستوە .
ئێستا شەڕ لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی گەرمە کە هەمویان حزب و تاقمی دینیین ،هەریەکەیان گەرەکێتی لەرێی سواربونی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک کودەتا بەسەر ئەویتریاندا بکات و لە مەیدانەکەدا وەدەری بنێت ،ناڕەزاییەک کە سەرانی ئەو دو میحوەرە لێی بەرپرسیارن .
ئێستا شەڕە تاقەت پڕوکێنەکە بە جۆرێک گەرم بوە کە خەریکە دەستدرێژیی دەکرێتە سەر دەستور ،مەرامەکەش ئەوەیە کە یەکێکیان مەرامێتی ئەوی تریان بخات و خۆی ببێتە قائیدی ئەوحەد ی دینیی و دنیایی.
بۆیە پێویستە و ئەرکی روناکبیری راستەقینە و هەر تاکێکی دڵسۆز و خەمخۆری ئەم نیشتمانە یە بە گژ ئەوان و هەر پۆپۆلیستێکی تردا بچنەوە .نابێت هیچ رۆشنبیرێک هیوای خەڵک لەسەر ئەوە هەڵچنێت کە باوەڕ. بەم قۆڵبڕ ،تێرۆریست، تاڵانچییانە بکەن ،بەڵکو هانی جەماوەر بدەن بەگژیاندا بچنەوە و داوا بکەن ئەوانە لە دەوڵەتداریی و حوکمداریی دور بکەونەوە و بچنەوە مزگەوت و حوسێنییەکانی خۆیان ،ئەو راستییەیان بە بیر بهێننەوە کە ئەوروپای پێش دورکەوتنەوەی کڵێسا و قەشەکان لە چ ناهەموارییەکدا بوە ،جەنگی مەزهەبیی ، وێرانکاریی و دواکەوتن و جەهلدا بو ،بەڵام کە ئایین چوەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکەی خۆی،بوژانەوەی فیکریی ،ئابوریی ،سیاسیی ،کۆمەڵایەتیی و بوەرەکانی تر روی کردە ئەوروپا .ئێستاش تا موقتەدا سەدر ،قەیس خەزعەلی و سەرانی تری حزبە ئاینییەکان و پۆپۆلیستەکانی هاوشێوەیان جڵەوی یاریکردن بە موقەدەراتی خەڵکیان لەدەست دا بێت ،هەرگیز جاوەڕێی بوژانەوە و هەستانەوە لە عێراق مەکەن . بەداخەوە هەندێک لەبەر هەر هۆیەک بێت.
لە جیاتی ریسوا کردنی ئەو بیچمانە ،دێنە سەر شاشەکان تویت و هەڕەشە کانیان پیرۆز دەکەن گوایە ئەوانە جەماوەری زۆریان لەگەڵدایە دەبێت وەک دیفاکتۆ مامەڵەیان لە تەکدا بکرێت ،ئەوانە لەو گاڵتەجاریانەی نوێژە بەکۆمەڵەکانی موقتەدا و هەڕەشە و گوڕەشەکانی خەزعەلی و حزب اللە و ئەوانیتر تۆقیون ،بۆیە هەق نییە روناکبیر و خەڵکی ژیر بەو جۆرە دوای ئەو گەمژەییانە بکەوێت کە قۆڵبڕەکان پیلانەکانیان بۆ داڕشتوە ،بەڵکو هەموان لە عێراق و کوردستان داوای دیموکراسیی ،حوکمی مەدەنیی ،سەروەریی قانون و دەستوریی بکەین و بە دەنگێکی بەرز بڵێین نە رەوتی سەدری ،نە چوارچێوەی هەماهەنگیی ،بەڵێ بۆ عێراقێکی دیموکراسیی و مەدەنیی و دور کە حوکمی ئاینیی.
AM:09:52:06/08/2022
ئهم بابهته 2872
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی