پارتی دیسان گەڕی چی بە سەرۆک کۆمار دەكات!

‌د. قارەمان شێخبزێنی

لەدوای ئەم گۆڕانکارییانەی لە چەند مانگی ڕابردوو لەعێراق و ناوچەكە هاتنە ئاراوە، ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان ی.ن.ک و پ.د.ک چوونە قۆناغێکی نوێوە.

زۆرێک لە چاودێران لایان وابوو ئەم پەیوەندییانە بەرەو ئاسۆی گەشەکردوو هەنگاودەنێت و ڕەنگە لاپەڕەیەکی نوێ لە نێوان ئەو دوو هێزەدا بێنێتە ئاراوە، ئەوەی ئەم بۆچوونەی پشتڕاست دەکردەوە وتار و سەردانی ئەو هێزانە و گۆڕینی ڕیتمی قسەکان بوون بەتایبەت ئەو پەیامانەی كە باسیان لەوە دەكرد گوایە بەنیازن بەیەكگرتووی بچنە بەغداد.

بەڵام بە گەیشتن بە هەڵبژاردن و بانگەشە، وتاری زبر لێڵی خستە پەیوەندییەکانەوە و گرژی نوێ هاتە ئاراوە، کاتێکش دەرئەنجامی هەڵبژاردەکان دەرچوون و باڵانسی هێز لە ناوچەکە گۆڕانی جددی بە خۆیەوە نەبینی و پ.د.ک وەکو هێزێکی خاوەن کورسی زۆر و بووە یەکەمی بێ ڕکابەر و ڕەزامەندی خۆی پیشاندا و دانی بە نەزاهەتی هەڵبژاردنەکەدا نا. بەڵام کاتێک پێداچوونەوەی تانەکان گەیشتنە کۆتاوێستگە، گۆڕانکاری لە ڕێژەی کورسییەکان دروستکرد، بەهۆی بوونی ٢٥٠٠ دەنگی دووبارەوە، ئەوەش وایكرد  دوو کاندیدی ی.ن.ک پێشکەوت و پڕۆسەکە لە بەرژەوەندی کاندیدی ی.ن.ک یەکلابۆوە.

لێرەوە هەراسانی پارتی بە هێرش بۆ سەر چەند لایەنێک دەستیپێکرد، بەتایبەتی لەرێگەی راگەیاندنی مەكتەب سیاسییەوە كەهیچ پێویستی بەوە نەدەكرد، خۆیان بۆدڵنیایی دەیانتوانی لەنزیكەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك كۆماربكەن بەڵام بەپێچەوانەوە بەئاشكرا ئەو خەڵكی تریشیان تۆمەتبار كرد بەدەستێوەردان و یاری كردن بە دەرئەنجامەکان.

پارتی وەك خۆیان باس لەبەرژەوەندی باڵاو نەتەوەیی دەكەن، دەبوو وەك بەیتی كوردی پرسەكەیان چارەسەر بكردایە نەك بەبەیاننامەو هەرەشە كردن، چونكە دوو كورسیەكە هیچ نەبێت هەر لای هاوپەیمانەكەی خۆیانە كە ئەوانیش لایەنێكی كوردین.

لێرەوە پرسیارێک دێتەپێشەوە، ئاخۆ ئەم هێرش و تۆمەتانە کۆنە قینە یان بابەتێکی هەنوکەییە؟ مرۆڤ دەكرێت لەخۆی بپرسێك ئاخۆ پارتی  پرسی ئەم دوو كورسییەی وەك فرسەت قۆزتەوە بۆ تانە لێدان لەسەرۆك كۆمارە كوردەكە، یان بەشوێن كورسییەكەی سەرۆك كۆمارەوەیە بۆ خۆی یان بۆ عەبدی مەئمورێك، كە ئەو لای وایە، سەرۆك كۆماری ئیستا ئەو عەبدمەئمورەی نییە بۆیە تاوی یاوەتێ.

بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە چاودێران ئەوە دەزانن کە ئەوەی پارتی داوای دەکات، لەرابردوودا یەکێتی زیاتری پێداون و لە هەرێمدا باڵادەستی ڕەهایان بۆ فەراهەم کراوە. بۆیە ئیستاش لە بەغداش هەڵپەی گەیشتن بەو مەقامە دەکەن و رەنگە بیانەوێت چتر لە تێکڕای گەیمەکاندا یەکێتی بە دەستی بەتاڵ لێی دەربچێ و کادیر و کاندیدەکان بە هەر شێوەیەک بێت بشکێنێت، وە کاتێکیش کارەکتەرە بەهێزەکان شکان، تێپەڕبوون بەسەر بەربەستەکاندا ئیتر لەبەغداد و هەرێم هەموو كارەكانی تر ئاسان و بێ گرێ و گۆڵ دەبێت.

دکتۆر بەرهەم یەکێکە لەو کاراکتەرانەیە كەهەیبەتی بۆ کورد لە ئاستە جیاوازەکاندا دروست کردووە، بەتایبەتی لە شاری بەغدا و لەسەر ئاستی عێراق و جیهان، پارتی دەیەوێت شەڕی کۆنە قینە بکات و بە هەمووان بڵێ بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەوان هیچ کاندیدێک سەرکەوتوو نابێت گەر لەبەغدادیش بێت،  لە کاتێکدا دەکرێت بڵێین دکتۆر بەرهەم بێلایەنانە کاری کردووە، هەوڵی پاراستنی مافە جیاوازەکانی داوە و بەرگریکاری مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردیش بووە و هاوسەنگی راگرتوە.

بەڵام دیارە ئەم هەڵایسانەی جەنگی کۆنە قینە بۆ ئەوەیە یەکێتی بخاتە نێو دووڕیانێکەوە یان تەسلیمبوون بەو ئاراستەیەی پارتی نەخشەی بۆ كێشاوە بێ هیچ چەندوچونێک، یاخود سەنگەرگیری بکات و پشت بە لێهاتوویی کادیر و کاندیدەکانی خۆی ببەستێت و جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ململانێی پارلەمانی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەنێو پەرلەمانی عێراقدا. باچاوەرێی بكەین دوای راگەیاندنەكەی پارتی بزانین یەكێتی كام رێگا دەگرێتە بەر.!


AM:11:34:04/12/2021

ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی