لە بارەی هەڵبژاردنی هەورامان بۆ ریزبەندی کەلەپوری جیهانی!

‌کامەران سوبحان

رۆژی سێشەممە 27ی تەموزی 2021 رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، تاپۆی کەلەپووری جیهانیی، بەخشیە هەورامانی رۆژهەڵات و بۆ لیستی کەلەپوری جیهانی دەستنیشانیکرد.

هەڵبژاردنی هەورامان، بۆ ریزبەندی شوێنە کلتورییەکانی جیهان، لە خۆڕا نیە و لەخۆوە نەکراوە. زیاد لە دە ساڵە، تیمەکانی ئەو رێکخراوە جیهانییە! بەم کارەوە سەرقاڵن، پێشتریش یونسکۆ، چەندین شارو شارۆچکە و شوێنی مێژویی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەربژێری شوێنە تایبەتمەندیەکانی جیهان کردوە.
 دواهەمینیان، هەردوو شاری سنە لە رۆژهەڵات و سلێمانی لە باشوربوون، وەک شاری داهێنەرانی میوزیک و ئەدەب.

بایەخی هەڵبژاردنی سرووشتی هەورامان تەنها لە جوانیەکەیدا نیە، بەڵکو بۆ پاراستنی سرووشتەکەی لە روی "بیناسازیی، ژینگە و سەوزایی، بەرهەمی دەستیی و کلتوری خواردنی" ئەو ناوچەیەیە!

 تەنها چەند کلیۆمەترێک لەمدیوی سنوری ئەم ناوچەیە، دێیتە نێو هەورامانی باشور، هەمان سرووشت و هەمان جوانیی هەیە، بەڵام، نە هونەری بیناسازیی ماوە، نە کلتوری خواردن و کاری دەستیی پارێزراوەو نە هیچ گرنگی و بایەخێکی پێدراوەو لەوەش غەمگینتر، ژینگە و سرووشتە جوانەکەشی، لەبەردەم هەرەس و شیواندندایە!

ئەو بەشەی هەورامان، کە رێکخراوی یونسکۆ وەک شوێنی کلتوری هەڵیبژاردوە، بریتیە لە زیاتر لە 100 شارۆچکە و گوند و زیاد لە 300 هەزار هێکتار، لە تایبەتمەندیە کلتوتیەکانی هەورامان و دەوروبەریی لەخۆ ئەگرێت!

هەورامانی بندەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، وەک شوێنەواری کلتوری هەڵیدەبژێرێت، هەرامانی ئازادی 30 ساڵ حوکمڕانی کوردیش، لەبەردەم شێواندنی سرووشت و فەرامۆشکردنیدا،خەریکە جوانیە سروشتیەکەی دەمرێت!

ساڵی 2014 شاندێکی رێکخراوی یونسکۆ، هاتنە هەرێمی کوردستان، بە بایەخەوە باسی جوانی سروشتی هەورامان و کلتوری بیناسازیی و ئاواز و میلۆدیی هەورامانیان کرد، چەند جارێک من لەگەڵیان دانیشتم و لە سێرچکردنی هونەر و کلتوری ئەو ناوچەیە! هاوکاریمکردن، بەڵام بەرپرسانی حکومیی، هیچ هاوکاری و پشتیوانینەکردن و پڕۆژەکە بە فەرامۆشکراوی مایەوە!

ئێستا بەلامەوە سەیرە، هەندێ لە بەرپرسانی حکومەت و حیزبی  بروسکەی پیرۆزبایی بڵاودەکەنەوە بە بۆنەی هەڵبژاردنی هەورامانی رۆژهەڵات لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ، وەک شوینێکی کلتوریی و فۆلکلۆریی جیهانیی!

براینە ئێوە و کلتور و فەرهەنگی کوردیی، کوجا مەرحەبا!


PM:04:54:29/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی