روداوەکانی رۆژانی رابردوی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی چیان پێوتین؟

‌ئاراس مەسیفی

ئەوەی باڤڵ و قوباد تاڵەبانی لە رۆژانی رابردودا کردیان بە هەمو پێوەرەکانی سیاسی و سەربازی کودەتا بو لە رێگەی بەکارهێنانی هێزی رەق و نەرم.


بەداخەوە وەکو پێویست ئیدانە نەکرا، بۆ ئەوەی نەبێتە بنەمایەکەی سروشتی و ئاسایی کاری سیاسی لە هەرێم.

ئەوەی زۆرینەی رۆژنامەنوس و میدیا پرۆفیشیۆناڵ و پرۆ دۆلارەکانی هەرێم کردیان بە هەمو پێوەرەکان دژ بە ئەخلاقی پێشەیی رۆژنامەگەریی بو، چونکە بەبێ خستنەڕوی تاکە بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو خۆیان کردە بەشێک لە ئەجیندای لایەک دژ بە لایەکەی تر.

تاکە بەڵگەی دروستی هەواڵەکانیان بەیاننامە و قسەی سەرچاوەیەکی نادیاری لایەنەکان بون، نەک فاکتی راستەقینەی سەڵمێندراو و بینراو و پێشاندراو.

خۆ بەدەستەوەدان و تەسلیمبونی لاهور شێخ جەنگی بەو ئاسانیە ئەو راستیەی پشتراستکردەوە کە پۆپۆلیزم و هەڕەشە و خۆگىفکردنەوەی سۆشیال میدیا بەبێ مەعریفەیەکی قوڵ و ئەخلاقێکی بەرز و رۆحی کاری پێکەویی ناتوانێت سەرکردەی راستەقینە و سەنگین و خاوەن روئیا دروست بکات.

بێدەنگی بەناو رۆشەنبیر و چاڵاکوانانی دەڤەری سەوز ئەو راستیەی سەلماندەوە، کە دەڤەری سەوز نەک تەنها لە دەڤەری هەولێر و بادینان دیموکراتی و عەدالەت خوازتر نین، بەڵکو زۆر ترسنۆکیشن، کاتێک دەسەڵاتی یەکێتی لاسایی دەسەڵاتی پارتی دەکاتەوە لە بەکارهێنانی هێزی رەق. بێدەنگی ئۆرگان و کادیرە باڵاکانی یەکێتیش ئەوەی سەلماند کە یەکێتی هەمو سیفەتێکی حزبی بونی لەدەستداوە.

ىەکێتی لە ئێستادا هىچ نییە جگە لەکۆمپانیایەکی زەبەلاحی قازانج و دەسەڵات خواز، کە وەکو کارمەندی کۆمپانیا لە کادریر و ئەندامانی دەڕوانێت.


AM:09:21:17/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 3768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی