با هەر ئێستا کۆتایی بە توندوتیژی دژ بە ژنان بهێنین!

‌کاوە محمود

25ی نۆڤەمبەری 2022 ڕۆژی جیهانی بەرەونگاربوونەوەی توندوتیژییە دژ بە ژنان. هەڵمەتی جیهانی دژ بە توندوتیژی بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵانە لەم ڕۆژەدا دەستپێدەکات و، بۆ ماوەی 16 ڕۆژ، واتە تا 10ی دیسەمبەر ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، دەخایەنێت.

لە ماوەی ئەم شانزە رۆژەدا لە بەشێکی بەرچاوی وڵاتان چالاکی جۆراجۆر لەوانە کۆڕ و کۆبونەوە و توێژینەوە و خۆپیشاندان و چالاکی هونەری، ئەنجام دەدرێت، کە کرۆکی ئەو چالاکیانە تێکۆشان و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاڵانگاری و بەربەستانەیە، کە لە بەردەم ئازادی ژنان و یەکسانی جەندری دەبنە کۆسپ و تەگەرە و، ئامانجی سەرەکی ئەو شانزە ڕۆژەش ئاگادارکردنەوەی جیهانە بۆ کارکردنی بە کۆمەڵ بۆ نەهێشتن و قەدەغەکردنی توندوتیژی بە شێوەیەکی ڕەها و کۆتا دژ بە ژنان.

بە ڕەنگی پرتەقاڵی جیهان ڕەنگرێژ کەن، با هەر ئێستا کۆتایی بە توندوتیژی دژ بە ژنان بهێنین، دروشمی سەرەکی جیهانە لە ساڵی 2022 کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ڕاگەینرا.

دەستنیشانکردنی 25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە سالی 1999 بڕیار درا و، بابەتەکە بۆ دزێوترین ڕووداوی تیرۆر دەگەڕێتەوە، کە لە 25ی نۆڤەمبەری 1960 چالاکەوانی سیاسی ئافرەت (خوشکانی میراپال)، کە بریتیبوون لە چوار خوشک و سێیان بە ناوی (پاتریا، ومینیرڤا، وماریا تیریزا)، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دیکاتۆری دۆمنیکان رۆفائێل تۆرۆجیرۆ کوژران.

ئەم سێ خوشکە بەتایبەتی مینیرڤا بەشداربوون لە بزافی چواردەی یونیو دژ بە دیکتاتۆر و، پێش ئەو بزافەش مینیرڤا کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندی دومنیکان بوو لە ئاهەنگێَکدا کە دیکتاتۆری وڵات لە کاتی دانسکردن لە گەڵیدا ویستبووی هەراسانی بکات، بە شەپازلە وەڵامی دیکتاتۆری دابۆوە.

دوای ئازادکردنی ئەو سێ خوشکە کە بە پەپولە ناودەبرێن، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دیکتاتۆری دۆمنیکان تیرۆر کران و، بەم جۆرەش ئەو سێ خوشکە بوون بە سومبلی چاڵاکی فیمینیستی و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆری.
هەلومەرجی نابەرامبەری دژ بە ژنان و بوونی تێکۆشانی فیمنیستی و ڕەوتە جۆراجۆرەکانی، پێش چالاکیەکانی ئەم سێ خوشکە لە وڵاتانی جۆراجۆردا هەبووە. بابەتی نەهێشتنی توندوتیژی و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بوونی بزافی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم مەبەستە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بەردەوامبوونی لە هەلومەرجی ئێستاشدا دەگەڕێتەوە.

بنەمای سەرەکی تێکۆشانی ژنان و بزوتنەوەی فیمینیستی بۆ هەلومەرجی هەڵاواردن و نابەرامبەری و بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەگەڕێتەوە، کە ئەمە دیاردەیەکی مێژوویی چینایەتییە و، ڕاستەوخۆ لە گەڵ درووستبوونی خاوەندارێتی تایبەت و دابەشبوونی کار و گۆڕانکاری لەسەر بنچەی خێزان بە شێوەیکی مێژوویی درووست بووە.

لەگەڵ تەشەنەکردنی سەرمایەداری و ئاراستەی چەوساندنەوە شێوازەکانی پیاوسالاری و بوونی ژن بە کاڵا بە تەواوی فراوان بوو. لە هەلومەرجی ئەمرۆدا و بە پێی توێژینەوەکان کە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتڕاستی کردۆتەوە یەک لەسەر سێی ژنان دووچاری مامەڵەی خراپ و توندوتیژی بونەتەوە. ئەم ڕێژەیە لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا زیاد دەکات وەک نموونەی قەیرانی پەتای کرۆنا کە ڕووداوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان زیاتر بوو جگە لەو کیشانەی کە پەیوەندی بە ژینگە و گۆڕانکاری کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراکەوە هەیە و، ڕاستەخۆ کار لە ژیانی ژنان دەکات.
25ی نۆڤەمبەردا کە زیاتر جەخت لە سەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێتەوە، بۆنەیەکی تایبەتی ژنان نییە، بەڵکو رۆژێَکی تێکۆشانی سەرجەم تێکۆشەرانە بە ژن و پیاوەوە، کە درووشی نەهێشتنی توندوتیژی بەشێَکە لە تێکۆشانی مرۆڤایەتی لە ئاستی جیهان و لە نێوخۆی هەر وڵاتێکدا بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگای یەکسانی جەندەری و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دەربازبوون لە نەریت و بەها ترادیسیۆنییەکان و بنیاتنانی کۆمەلگای مەدەنی.

بەم جۆرە ئەرکەکانی بزوتنەوەی فێمنیستی لە هەر وڵاتێکدا لە خوێندنەوەی ناکۆکی و دەستنیشانکردنی ململانییەکانی کۆمەڵگا جیاناکرێتەوە. بۆیە دەبینین ژنان لە بزافە رزگاریخوازە نیشتمانییەکاندا، وەک بزوتنەوەی نیشتمانی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەکەیدا ڕۆڵی بەرچاوی لە تێکۆشانی جەماوەری بۆ دابینکردنی دیموکراسی و ئازادی و نەهێشتنی توندوتیژی و یەکسانی جەندەری هەبووە و، لە تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمان، کاریگەرانە بەشداربووە.

سەرەڕای بوونی هێڵە گشتییە هاوبەشەکانی بزوتنەوەکانی ژنانی جیهان بە هەموو ڕەوتەکانییەوە، تایبەتمەندی هەر کۆمەڵگا و وڵاتێک درووشم و ئەرکی تایبەتی تێکۆشەرانەی خستۆتە ڕوو. لە ڕابوون و تێکۆشانە جەماوەرییەکانی گەلی کوردستان ژنان ڕۆڵی سەرکردایەتی کردەییان هەبووە و، درووشمی ژن، ژیان، ئازادی کە لەم ڕۆژانەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەرکردایەتی داواکاری و ڕابوونەکان دەکات، ئاماژەیە بۆ ڕۆڵی ژنان و ئامێتەکردنی تێکۆشانی نیشتمانی بە تێَکۆشان لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و، ئەمەش زەمینەی بۆ بزوتنەوەیکی فیمینستی بە تایبەتمەندی کوردستانی واڵاکردوە.

چالاکییەکانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە ئاستی جیهاندا لە ڕۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژناندا، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە ژنان لە سەرتای مێژووە تا ئێستا کۆلەکەی سەرەکی بنیاتنانی شارستانی مرۆڤایەتین و، لە هەموو هەلومەرجێکدا سەلماندوویەتی کە چالاک و سەرکردە و داهێنەر و خاوەن هزرن و، توانای بڕیار وەرگرتنیان هەیە و، لە هیچ کاتێکدا نیوەی ڕەگەزی پیاو نین.

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆنەیەکە، کە پابەندبوونێکی ڕەوشتی لە سەر بنەمای نەریتی مرۆڤایەتی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت و، پێویست بوو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی بەرنامەیی حکومەت و بە ئاراستەیکی کۆمەلگایی لە چوارچێوەی کاری سەرجەم حکومەت و وەزارەتەکانی ــ لەوانە ناوخۆ، پەروەردە، خویندنی باڵا، ڕِۆشنبیری، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ــ بایەخ بەم ڕۆژە بدرایە و، چالاکی جۆراجۆر نەک تەنیا لە ئەنجومەنی باڵای خانمان، بەڵکو لە سەرجەم وەزارەتەکان و بە بەشداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سازکرایە و، سەرجەم تاوانەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، کە لە ئەمساڵدا نزیکەی پەنجا ژن کوژراوە، ریسوا بکرایە.

25ی نۆڤەمبەر ڕۆژێکە کە بە ژنان بلێن ئێَوە بەتەنیا نین و، قایل مەبن ئازار بدرێن و هەراسان و پەلاماردان و لێدان و سوکایەتی و جنێودان و سەرجێی زۆرەملێ بەسەرتاندا بسەپێنرێت.

گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە، کە ژنانی ئازاد و پیاوانی ئازادیخواز لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە یەک سەنگەردان، سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دوواکەوتوویی... سەنگەری تێکۆشان لە پێناوی یەکسانی جەندەری و عەدالەتی کۆمەڵایەتی.. سەنگەری سەربەخۆیی و ئازادی و ژیانی پڕ کەرامەت.


PM:01:56:22/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی